
ئەسیری بسكی ئاڵۆزی كچە كوردێكی نەشمیلم*
نایەتەوە ئەو ڕۆژەی سروودی ئازادییان فێر دەكردین
فێری سێرەگرتن و نیشانە شكاندنیان دەكردین
دەمم لە ناو قاپێكی فافۆندا لە دەنگدانەوەی سروودەكەدا دەهری و
یاخی
چەنگی لە كێوی غیرەت گیر كردبوو
نایەتەوە
لە سەر كتێبێكی پەڕ زەرد
داهۆڵی پاسەوانێكمان لە سەربان دەچەقاند
من و كتێب بە هەورازی ئەوینێكدا هەڵدەزەناین
من و كتێب لە سەر پاشووی ئەسپێكی قاپڕەشدا هەزاران حەیرانمان خلۆر دەكرد
لە بنەبانی خەونی پیرە مێردێكی كاكۆڵ سپی دەبوون بە چرا
نایەتەوە ئەوڕۆژەی
هێمن دەیگوت ئەو بستووكەی دوژمن ناوی نا سنوور
نایەتەوە
دەنگی خەشابی كوڕانی بەفر
سەمای هەیوانەكانی پێشوازی
گرفە گرفی ئاگردانی ڕانەوەستان
ئەسیری بسكی ئاڵۆزی كچە كوردێكی نەشمیلم، تەماشاكە چ سەیرێكە بە دەستی دیلەوە دیلم*
لە نیشتمانی ڕامۆسینی دەوەن و تەوقەكردنی ڕووبارەكان وزاوزێكردنی كانیی و چیادا چیمەنی شێلا بە شایی كیژی كورد، وەی دەڵم لەو چیمەنە پێپەسترە، من برستم لێبڕا كیژی شار، زۆر لە كیژی دەشتەكی بەیدەستترە
من دەشتەكیم
گوندیم
لادێیم و دەمەوێ داهۆڵی سەربانەكان فڕێ بدەم و
خەونم بكەم بەشەنگە ڕووحی ئازادی
دەمەوێ ئازاری ئەو وەڵامانە بەكەس نەڵێم
دەمەوێ تخووبی ئەو حەزانەم لای كەس نەدركێنم
دەمەوێ لە خووڵقی گوندی خۆمدا
بە بانیژەی ئەستێرە
بە سەر پشتی شەوێكی تاریكدا
سروشی سروودەكان هەستێنمەوە
ئەو شەوەی *ماوتسی تۆنگ*هاتە خەونم گوتی: دەستەقڵش قڵشەكانی باوكت نیشانی ئاسمان مەدە بڕۆ بەناو درزو برینی دەستەكاندا سروود بڵێ
بچۆ لە ژێر هەرەوەزی لادێ وەحەسێ
بڕۆ چیرۆكی بەیەكەوە ژیانی درەختەكان بهۆنەوە
بەكوردی دەژیم بەكوردی دەمرم، بە كوردی دەیدەم وەرامی قەبرم
ئەودەمە گوتی: چ مەحشەرێكە ئەو كەونە، چ كەربازاڕییەكە
بێهەڵوێستی.
نایەتەوە خولیای جوانبەستنی جەمەدانیی و چریكەی هەڵبەستن و لە پێكردنی زەنگاڵەكان نایەتەوە
قیامەتی ئەو دونیایەم بۆ لینین گێڕایەوە گوتی: تراویلكەی ئۆكتۆبەرت دێتەوە یاد؟
كتێبەكەی دایكی ماكسیم گۆركیت خوێندۆتەوە؟
گوتم: دروێشێكی حاڵگرتووبووم
تەریقەتم هەروەك تەریقەتی دینەكانبوو
زمانم هەمان زمانی كوشتن و خۆفەوتانبوو
دەنگم هەمان بانگی كتێبەكانبوو
دوای چەند سال مردنی سەركردەیەكی كورد هاتە خەونم
گوتی: چیتر ناتوانم فیشەكدان و خەنجەر و فەقیانەكانم بپارێزم
چەتەیەكی چاوچنۆك پەیدابوو
گوتی: هەڕاج
بەردەقارەمان
دەربەندی بازیان
قەڵا و منارە
مهاباد
هەرچوار دڵ
هەڕاج
بێدار لە خەوڕابووم دیتم
جەندرمەیەكی تورك بە خۆ و بە عەبایەكی سووری مانگدارەوە ئاچەری ماڵەكەم دەشكێنێ
دیتم پاسدارێكی ڕیشن چی ڕووح هەیە پەتی سێدارەی بۆ هەڵخستوون
بینم
ئەسیری بسكی ئاڵۆزی كچەكوردێكی نەشمیلم
تەماشاكە
چ
سەیرێكە
بە دەستی دیلەوە دیلم
بەكر ئاڵەیی
٢٤/٢/٢٠٢٥