لێرە ژیان
خەریکی کوشتنی ئاوە
بۆیە منیش وەکو تۆ سەیری کفنەکانی مردن دەکەم !
چەند دەگەڕێم ،
مۆسیقایەک نادۆزمەوە دەستەکانی لەناودەستی ئاودا بێ و
هەفتەکانم پڕ کا لەدەریای خۆی !
لێرە زۆر شت غەدری لێکردیــن ، زۆر شت !
ئەوەنیە هەموو ڕۆژێک ،
پایز توورەکەکانی پڕدەکا لەخۆڵی ئێمەو
کانیەکم منداڵانە دەستدەکات بە پاڕانەوە ؟!
ئەوەنیە تۆش ،
بەدەم ئاوابوونی ویساڵ و
بەدەم زەردبوونی بیابانەکانی نووسینەوەم
ڕۆژنیە کەنارێکت پەلم نەگرێ و
ڕۆژنیە بەقەڵەمی مافیاکانی دووری
دەربەندێکم داگیرنەکەیت و
چەندڕستەیەکی ڕوناکیم نەکوژیت !
چەند سەیرە !
جاران کەتۆ بەسەحەری شەممەیەکدا دەهاتیەوە
منیش ئێوارەیەکم بەعەتر دەکرد
ئێوارەیەک کەهەرچی مەخلووقی خوا هەیە
نەیاندەزانی تارماییەک بەناو قەرسیلی ژیان و
بەناو تەمی گۆرانیمدا ڕەت دەبێ !
تارماییەک هەر بڕوای بەوە نەبوو ،
ڕۆژێک گوێی لە قیژەی ئەو داهۆڵانە دەبێ
کەبەپێوە ئێسکەکانی ژیان دەکرۆژن !
ئەی یار
بۆ ئەوەی شیعر درز نەبا،
لەکانوونی یەکەمی هەموو ساڵێک چاومان دەخەینە ڕستەوە
تێدەگەین تەنیا باران لەوێ خۆی ناکوژێت !
تەنیا باران هەنارەکانی خۆی ناخاتە ناو تەهلیلەوە
کەدڵم لەوێ نەبا !