
حەمەسەعید حەسەن
ئەحلام موستەغانەمی دەڵێێت: (زۆر بۆی مەگەڕێ، لەودیوی وشەکانمەوە شتی شاراوە نییە، ژنێک کە بنووسێت، ژنێکە لەسەروو گومانەوە، ژنێکە ڕوون و ڕۆشن، لەڕێی نووسینەوە، ناخی خۆی لە خڵتە پاکژ دەکاتەوە.) لە ڕوانگەی ئەمبێرتۆ ئێکۆوە (١٩٣٢ – ١٩ی٢ی ٢٠١٦) ئەو خاتوونە نووسەرە بە هەڵەدا چووە، چونکە ئەو ڕەخنەگرە مەزنە پێی وایە، چێژوەرگرتن لە بەرهەمی ئەدەبی بە پلەی یەکەم، زادەی ئەوەیە وەک خوێنەرێک چۆنی لێک دەدەینەوە، ئاخر ئەگەر دەقێک بەسەر چەندان لێکدانەوەدا واڵا نەبێت و خوێندنەوەی جیاواز هەڵنەگرێت، دەقێکە مردوو. دەقی مردوو یان داخراو، دەقێکە ڕوون، ئەودیوی دیارە، هیچی لەنێو خۆیدا حەشار نەداوە و بوار بۆ خوێنەر ناهێڵێتەوە، سوود لە پاشخانی مەعریفی و لە بەگەڕخستنی خەیاڵی وەربگرێت.
لە ئەمبێرتۆ ئێکۆوە فێر دەبین: (ئەوەی باوەڕدارین، یان بێباوەڕ؟ دیندارین، یان بێدین؟ مەسەلەیەکی تایبەتییە، تەنیا پێوەندیی بە خۆمانەوە هەیە، لە ئەنجامی هەر یەک لە دوو بژارەیەوە، کۆمەڵ ئەگەر قازانج نەکات، ئەوا زیانیشی پێ ناگات. ئەوە هیچ گرنگ نییە، خواپەرستی دەکەین یان نا؟ ئەوە گرنگە خزمەت بە کۆمەڵ دەکەین یان نا؟ ئەوە گرنگە ژینگە پاکژ ڕابگرین و بە هانای نەخۆشێکەوە بچین.) زۆر شتی دیکە لە ئەمبێرتۆ ئێکۆوە فێر دەبین، وەک: ئەگەر زمانێکی پوخت و پاراو شک نەبەین، نە شێوازی نووسین بە هانامانەوە دێت، نە تەکنیکی نوێ و نە دنیابینییەکی قووڵ، ئاخر وەک مەحاڵ وایە بە زمانێکی پەڕپووتەوە، ئەدەبێکی باڵا بەرهەم بهێنین، یان زمانێکی جوان نەزانین و خاوەنی دنیابینییەکی قووڵ بین.
ئەوە ئیشی دەق نییە، مانایەکی حازربەدەستی دیاریکراو بەرهەم بهێنێت، ئیشی ئەوەیە کارلێک بەجێ بهێڵێت و خەیاڵ ببزوێنێت، ئەوە خوێنەرە نەک نووسەر کرۆک بە دەق دەبەخشێت، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە، نووسەر باسی هەنگوین بکات و خوێنەر وا هەست بکات سوێرە. خوێنەر ئازادە دەق چۆن لێک دەداتەوە، بەڵام پێویستە ناپاکی لە دەق نەکات، بەوەفا بێت بەرانبەری و قسەیەک نەخاتە سەر زاری، نەیگوتبێت، یان پێچەوانەکەی گوتبێت. ئەوە گرنگ نییە لەبارەی چییەوە دەنووسین، گرنگ ئەوەیە چۆنی دەنووسین، ئەو چۆنییەتی نووسینە، لە شێوازی چنینی دەقدا خۆی نمایش دەکات.
لای ئەمبێرتۆ ئێکۆ کاردانەوەی خوێنەر زادەی ئەو کارلێکەیە دەق لەکنی جێی دەهێڵێت بە چاوپۆشین لە نیازی نووسەر. کەواتە خوێنەر مانای دەق لێک ناداتەوە، لێکدانەوە بۆ کاریگەریی دەق لەسەر خودی خۆی دەکات کە بێ شک کاریگەریی دەقێکی کۆمێدیایی جیاواز دەبێت لە هی دەقێکی تراژیدیایی. ئەمبێرتۆ ئێکۆ جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، لە هەناوی هەموو پەیامێکدا، پەیامی دیکە خۆی حەشار داوە، ئاخر نووسەر ئەلف دەڵێت و گوتنی بێ، بۆ سەلیقەی خوێنەر جێ دەهێڵێت. (سنوورەکانی لێکدانەوە) گرنگترین کتێبی ئێکۆیە لەبارەی تیۆریی (سیمیۆلۆگی)یەوە کە بە کوردی دەبێتە زانستی زمانی نیشانە. لە ڕوانگەی ئێکۆوە خوێنەر لەبەر ڕۆشنایی تێگەیشتنی خۆیدا، لێکدانەوە بۆ ئاماژە زمانییەکانی نێو دەقەکە دەکات، بۆ ئەوەی دەرک بە مەبەستی نووسەری دەق بکات و پەی بە پەیامی دەقەکە ببات.
جا گورگ کوا لە داپیرە دەچێت؟ جا کە گورگەکە کچەی کڵاوسووری خوارد، ئیدی چۆن کچە زیندوو دەبێتەوە؟ دوورگەی واق واق دەکەوێتە کوێوە؟ شەهریار خەڵکی کوێ بوو؟ جا کەی ئەوە ڕێی تێ دەچێت، ئەو هەموو ژنەی کوشتبێت؟ ئەگەر دوای خوێندنەوە پرسیاری لەو جۆرەت لەکن دروست دەبێت، ئەوا خوێنەرێکیت، خەیاڵت خێری پێ دەشێت. کە نەهەنگ یونسی پەیامهێن قووت بدات و دواتر بە زیندوویی لە هەناوی حووتەکە بێتە دەرەوە، ئیتر بۆچی کچەی کڵاوسووریش، دوای ئەوەی گورگەکە دەیخوات، زیندوو نەبێتەوە؟ ئەگەر بڕێک ئەمبێرتۆ ئێکۆ بناسین و هەندێک زانیاری لەبارەی زمانی ئاماژە و لێکدانەوەی دەقەوە پەیدا بکەین، سەروەختی خوێندنەوە، لەبری ورووژاندنی پرسیاری ساکار، سەرقاڵی ڕامانی قووڵ دەبین.
وەرگێڕان چییە؟ ئەوەیە دەق لە پێستی خۆی بچێتە دەرەوە، زێدی خۆی جێ بهێڵێت و زمانی خۆیشی بگۆڕێت. وەرگێڕان ئەوەیە، دەق دیسانەوە تووشی ژانی لەدایکبوون ببێتەوە. وەرگێران ئەوەیە: ئەگەر نووسەری دەقی ئۆرجیناڵ، زمانی وەرگێڕی زانیبا، وەک وەرگێڕی دەنووسی. هونەری وەرگێڕان بریتییە لەوەی بتوانیت، بە زمانێکی دیکە، نزیکەی هەمان ئەو شتە بڵێیت کە دەقی ئۆرجیناڵ گوتوویەتی. (نزیکەی هەمان شت بڵێین،) ئەوە ناوی کتێبێکی ئەمبێرتۆ ئێکۆیە لەبارەی وەرگێڕانەوە کە تێیدا باسی ئەوە دەکات، چونکە سەروەختی وەرگێڕان، ناتوانین بە تەواوی هەمان ئەو شتە بڵێین کە نووسەری دەقی ئۆرجیناڵ گوتوویەتی، بۆیە وەرگێڕان جۆرێکە لە لێکدانەوەی دەقی ئۆرجیناڵ کە وەرگێڕ تێێدا هەموو توانای خۆی وەگەڕ دەخات، تا دەقی وەرگێڕدراویش، هەمان کاریگەریی لەسەر خوێنەر هەبێت کە تێکستەکە بە زمانی یەکەم هەیبووە.
ئێکۆ هانمان دەدات، لە سیمای دەق ورد ببینەوە، نەک بڕوا بە دەمی بکەین. لە دەق ڕابمێنین، نەک ڕووکەشانە بیخوێنینەوە. تەنیا سەرنجی دیوی دەرەوەی دەق نەدەین، بە ناویدا شۆڕ ببینەوە، ئاماژەکانی لێک بدەینەوە و کۆدەکانی بکەینەوە، ئەگەرنا ناگەین بە کرۆکی. ئێکۆ فێرمان دەکات، حەقیقەت بۆ هەموو گوێیەک ناگوترێت و ئەوی زۆرتر بخوێنێتەوە، زۆرتر دەژی.
ئەمبێرتۆ ئێکۆ (١٩٣٢ - ٢٠١٦) دەبێژێت: (لایەنی مەترسیداری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک فەیسبووک و ئەوانی دیکە ئەوەیە، مافی گوتنی بۆ گەجەر و گوجەر و بۆ لەشکری لە ژمارە نەهاتووی خەڵکانی گەوج و گێل و گەمژە دابین کردووە، کە جاران قسەیان لە سنووری چایخانەیەک، یان باڕێک تێپەڕی نەدەکرد و زیانی بە کۆمەڵ نەدەگەیاند. ئێستا قسەی کەسێکی هیچوپووچ بە هۆی فەیسبووکەوە، هەمان شانسی بڵاوبوونەوەی قسەی ئەدیبێکی مەزنی هەیە کە نۆبڵی لە ئەدەبدا وەرگرتبێت، ئەمەیش زۆر نیگەرانم دەکات.)