
كەریم دەشتی
هەموو شتێ بانگم ئەكات
بانگێ لە نوور
بانگێ لە تەم، لە تەمتومان
بانگێ لە وەسوەسەی دڵی شەیتان
بانگێ لە گڕ، لە شەوبۆی برینی ئینسان
هەموو شتێ لەم سروشتە بانگم دهكات
نابێ بوەستم وەستانم داوی مەرگە
ئەوەتا مەلەكان كەس نازانێ بۆ كوێ دەچن
نابێ بوەستم نا
ئەگەر شەو بێ
ئەوە لەگەڵ مانگ قسە دەكەم
ئەگەر ڕۆژ بێ
دەتوانم لەگەڵ ئاوەكان قسە بكەم
نا نابێ بوەستم نا
ئەی نادیار تۆ كێی ؟
ئاخر بانگ موژدەی ئەبەدی مرۆڤە بۆ جوانی
جوانییەك بە مانای جاویدانیی
ئەی نادیار هەر دەڵێی
بریقەی دەڕژێیتە بەرچاومەوە
ئەگەر لەبن زەویەكانی من دێم بۆ لات
ئەگەر لە كەنارەكانی من دێم بۆ لات
گەر لە پشتی ئاسمانەكانیشی هەردێم بۆ لات
تۆ هەبیت یاخود نەبیت قەدەری من هەڵكشانە
كە هەبیت بۆ تا هەتا
لە بەر دەرگای جیلوەت دەوەستم
ئەگەر نەبیت بۆتاهەتا بەدواتدا دەگەڕێم
قەدەرم بەندبوونە بە تۆ
من هەمیشە بانگم دەكەن بەرەو تۆ
بڕوانە، كەون بەدارو بەردو باڵندەكانیەوە
دەڵێی شێتن لەباوەشی بێ كۆتایی ئەو فەزایە
هەمووی ئەڕواو جوولە ئەكات
دەوروبەرم هەمووی زەنگی بانگ و خرۆشانە
قیامەتی جوانییەكانی تۆیە
بانگ لە ئاوەكان، لە ملەی شاخ، بەندەرو چۆم
بانگ لە نادیارەوە، لە شیوەرە دوورەكانەوە
بانگ لە قووڵایی دڵی خۆم
بانگ لە ئاونگی سەر پەلكی
دوورترین درەختی تەنها
بانگ لە دەروازەی میهرئامێزی دڵی تۆ
بانگێ لە شەونمی گیا
لە ترپەی پێی میوانێكی نادیار
هەمووشتێ بانگم ئەكات بەرەو تۆ
تۆكێی ئەی بانگ و شەبەنگ تۆ كێی؟
ئەی ئەبەدیترین دەنگ
من هەمیشە بەدواتەوەم
ئەگەر دڵۆپێك لە مەستی مەی
وەكو سەرخۆشێكی بیابان سوژدەت بۆ دەبەم
یا بازرقەی پەرستگای نووری
هەرچەند لە تۆ نزیك دەبمەوە هەر دووری