دایێ ئیتر سەبرم نایێ 
ئەز دەبێ بچم،
خوشکەکانم هەموو لە شەڕن.
کەزی حەسیریان بە تەپ و دووکەڵ خۆڵە مێشیە و
خەنەی دەستیان خوێنی 
شەهیدانە.
قەت ئەو چوار برایەم ئەوەندە تەبا نەبینیوە.
وای لێ دایێ.

ئەز نەچم، لە ڕووی کولیکا سوورەی ئەم بەهارە 
شەرمەزار دەبم.
شاخەکان جارێکی تر بەڕوومدا پێناکەنن و 
پێ دەشتەکان باوەشم بۆ ناکەنەوە.

کچێ دایێ، دایکا من، 
دەزانم برینی تو کورە، 
لێ کورتر برینی دایە گەورەیە.
دەزانم دەردی تو دەردەکا گرانە
وەلێ قەدەری ئێمە لەو شەڕەیە.

قەت ئەو چوار برایەم ئەوها تەبا نەبینیوە
وای لێ دایێ.

ئەز دەبێ بچم، 
بە نەچوونم، زاگرۆس و تۆرۆس بارەکی گرانە
هیلالی بەپیت بۆمان نابێتەوە هێللانە

پیرەمەگرون پیراتییمان ناکات و 
قەرەچوغ، قەرە چۆغ تر دەبێ.

چۆن بە سەرێکی شۆڕ  ڕووبکەمەوە سەفینە شێت؟
چۆن بە تونێلەکەی پیرمامدا تێپەڕم؟
چ جوابی ئەشکەوتی کونە کۆتری باتاس و 
دەرگەی کافرانی بەنی هەریر و 
سەرمەیدانی شەقڵاوە و 
هیران و نازەنین و دۆڵی سماقولی و 
 سیساوە و 
گەری مەنجەرانی کەندێناوە و 
گردی سووریژە و 
باقرتەی قەراج و 
گردی گۆمی زێدی خۆم بدەمەوە؟

چ بە مەهابات بڵێم؟
چ بە قامیشلو؟
چ بە ئامەد؟
چ بە هەولێر، ئەو شا شارەی کپ و بێ دەنگیەکەی هەمووانی غەمبار کردبوو،
ئێستا ڕاپەڕینەکەی هەمووانی سەرسام کردووە.
لە کوێی حەشار دابوو ئەو ئازایەتیە.

ئاخ لێ دایێ 
قازی مەحەمەد  بمبینێ نەچوویمە شەڕ 
قاسملو بمبینێ دانیشتووم دەستە و ئەژنۆ،
شێخ سەعید، شێخ سەلام،  شێخ ڕەزای دەرسیم،
سمکۆی شکاک، ڕەمزی نافع، ئاخەر ناوی هەموان چۆن بێنم،
ئەو پیاوە شکۆدار و ئازایانەی دوژمن لێیان تۆقیبوون،
چۆن بە نەوەی خۆیان قبوڵم دەکەن و
بە پیرە هاوڕێکانیانم دەناسێنن؟

ئاخ حەسەن حەیران، 
کاوێس ئاغا،
 شاکرۆ، 
محەمەد شێخۆ، 
 پێم ناڵێن
چ ڕوویەکم هەبێ بڵێم دەروێشی عەبدی 
دەروێشی مە بوو،

دایێ، نەچوون گەلەک شەرمەزاریە، 
قەت ئەو چوار برایەم ئەوها تەبا نەبینیوە.
پێکەنین و گریانم تێکەڵ بووە،
لێم گەڕێ دونیا مەرگ و مردنە، 
ئەزیش بابچم،
مردن شەرمەکی گەلە گەورەیە 
لەسەر خاکی خۆ نەبی.
دایێ لوتکەی هەڵگورد گەلەک بڵندە و
باڵای من گەلەک نەوی، ئەگەر لێرە بمینێم،

چ بە پیری مەزن بێژم، 
ئەو ڕەخنەم لێ بگرێ دەمرم،
ناڵێ بۆ چ نەچوویە هانای جەنەڕاڵ مەزڵوم

ناڵێ پێم نەگوتی ژیان لە بەرخودان دایە، دایە.

وای لێ دایێ
با ئەو تەمەنەم بەهەدەر نەڕوا.
بەڵێن بێ، بەڵێنی کوردانە 
ئەگەر مام،
 کە هاتمەوە و
 لەگەڵ خوشکەکانم سەرکەوتنمان بە دەست هێنا، 
لەگەڵ جوانترین کچکا گوندی
 زەماوەند دەکەم و
 منداڵێک دەنێینەوە،
 ناوی لێ دەنێن (کوردستان)
هەرگیزیش پێی نابێژین،
 بارێ گران، بارێ گران.

                              ‌             هەڵۆی سامی


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا