
فاتیح سەلام
شەو سپییە
شەو ڕەش نییە،
ڕەنگەکان لە ڕوخساری مردووی ئەستێرەکاندا
ڕەنگا و ڕەنگییەکەیان لە دەست دابێت
شەو سپییە،
وەک لاپەڕەی ئەو کتێبانەی
کە هەرگیز نەخوێنرانەوە،
وەک ئەو یادگارییانەی
لە نێو ئاوێنەی ژوورەکەمدا
خۆیان کوشت،
تا چیدی چاوەکانم نەیانبینن.
من لێرەم،
لە ناو ئەم سپێتییە بێدەنگەدا
بە قەڵەمێکەوە کە خوێنی لێ دەچۆڕێت،
وشە سووتاوەکانی من
یاخیبوونێکی بێدەنگن لە دژی ڕەنگەکان،
لە دژی ئەو مێژووەی
دەیەوێت بە ڕەشی بمانناسێنێت،
لە کاتێکدا ئێمە
لە ناو سپێتیی شەودا
دەست بە خوێنەوە دەگرین
