
رۆژی پێنج شەممە، ۱٦ی تەمووزی ۲۰۲٦ ئاراس سەعید، نوێترین بەرهەمی خۆی لە ژێر ناونیشانی (مەرگی بەها سەمبوولییەکان) بڵاوکردەوە.
ئەم بەرهەمە هزرییە، کە نووسەر و توێژەری دیاری کورد (ڕێبوار سیوەیلی) پێشەکی بۆ نووسیوە، پێکهاتووە لە چەند تێکست و وتاری هزری سەبارەت بە لێکەوتەکانی تەکنەلۆژیا لەسەر مرۆڤ و یادەوەری و فەرهەنگ و کولتوورەکەی.
پەرتووکە ناو ئاخنە لە کۆمەڵێک ناونیشان؛ (مەرگی کاغەز، مەرگی دەق، مەرگی نووسەر، مەرگی ڕەخنە و ڕەخنەگر، مەرگی تەلەفزیۆن، مەرگی پیشەمەندی، مەرگی هاوڕێیەتی، مەرگی...هتد) هەموویان نیشانەکانی یەک پەتای گەورەن، نووسەر ناوی ناوە: پەتای پووچگەرایی دیجیتالی.
ڕێبوار سیوەیلی، لە پێشەکی ئەم پەرتووکەدا دەڵێت:" من لە خوێندنەوەی ئەم کتیبەدا زیاتر لە هەر شتێک هەستم بەوە کرد کە نووسەر نیگەرانییەکی قووڵی لەسەر قەیرانی مانا هەیە. زۆرجار لە سەردەمی ئێمەدا باس لە زۆربوونی زانیاری دەکرێت، بەڵام کەمتر پرسیار دەکرێت کە ئەم هەموو زانیارییە چ مانایەکی بۆ ژیانی ئێمە دروست کردووە. ڕاستە زانیاری لە هەر کاتێکی تر زۆرترە، بەڵام منیش وەک زۆر کەس هەندێک جار هەست بەوە دەکەم کە لەگەڵ ئەو هەموو دەنگ و وێنە و هەواڵەدا، مرۆڤ زیاتر پێویستی بە تێڕامان و بێدەنگی هەیە."
دەشڵێت:" هەر بۆیەش کتیبەکە سەرنجی منی ڕاکێشا، چونکە لە بنەڕەتدا باس لە مەرگی شتێک ناکات، بەڵکو باس لە ترسێک دەکات؛ ترسی ئەوەی کە مرۆڤ بتوانێت زانیاریی زۆرتر کۆ بکاتەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا بە هێواشی پەیوەندیی خۆی بە مانا، یادەوەری و تێڕامانەوە لەدەست بدات. ئەم ترسە ڕەنگە بۆ هەموو خوێنەرێک یەکسان نەبێت، بەڵام پێموایە پرسیارێکی گرنگە و شایەنی ئەوەیە بیری لێبکەنەوە. لە لاپەڕەکانی ئەم کتیبەدا خوێنەر تەنها لەگەڵ باسێکی فەرهەنگی ڕووبەڕوو نابێتەوە، بەڵکو لەگەڵ پرسیارێک ڕووبەڕوو دەبێتەوە کە پەیوەندی بە خودی ژیانی خۆیەوە هەیە: لە جیهانێکدا کە هەموو شتێک بە خێرایی دەگۆڕێت، ئەدی دەبێت چی بپارێزریت؟ ئەوەش ئەو پرسیارەیە کە منیش کاتێک ئەم کتێبەم دەخوێندەوە، بەردەوام لە خۆم دەکردەوە."
هەروەها (ئاراس سەعید) لەبارەی پەرتووکەکەوە دەڵێت: ئەم کۆپەڕەی پێکهاتووە لە کۆمەڵێک هزرە وتار کە لەماوەی ڕابردوودا بەشێکیان بە زمانی یۆنانی لە ڕۆژنامەی (فەریترا)ی یۆنانی بڵاوکراونەتەوە، ڕامانێکە لە تەکنەلۆژیا و لێکەوتەکانی لەسەر شێوازی ژیانی مرۆڤ و یادەوەری و فەرهەنگەکەی.
دەشڵێت: (مەرگی بەها سەمبوولییەکان) نە ڕەشبینییەکی کوێرانەیە، نە شیوەن گێڕانە بۆ ڕابردوو، هێندەی گریمانەیە بۆ ئایندە و ڕامانە لە نامۆبوونی مرۆڤ و پرپوچی ئەو شێوازە ژیانەی کە تەکنەلۆژیا خولقاندوویەتی.
لەبارەی نووسەرەوە
ئاراس سەعید، نووسەر و توێژەری کورد، لەبواری فەلسەفە و کۆمەڵناسی و میدیای تیۆری دەنووسێت، وتار و توێژینەوەکانی بەزمانی کوردی و چەندین زمانی زیندووی جیهانی بڵاودەبنەوە.
نووسەر خاوەنی دوو پەرتووکی چاپکراوە بەناونیشانی:
- بەخێربێن بۆ گوندە بچکۆلەکە، 2025
-مەرگی بەها سەمبوولییەکان، 2026
