عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

مەرگەسات لە کورتی ژیاندا نییە، بەڵکە لە پرۆسیسەنەكردنی هونەری پێكەوەژیان و هاوگونجاندایە؛ هونەری پێكەوەژیان و هاوگونجان لە جیاوازی، پێش یەكسانییدایە؛ لە دووبارەبوونەوە، بەبێ هاوشێوەیی؛ لە بەردەوامی گۆڕان و سەیرورە و لە بیركردنەوە لەنێو ژیاندا، لە هونەری دژایەتی نوێنەرایەتیكردندایە... گرنگ ئەوە نییە كە گوتەزای ژیان كورتە بۆ (سێنێكا) و ژیان كورتە هونەر درێژە بۆ(هیپۆكرات) یان ڕەگ و ڕیشەی ئەو بیرۆكەیە لە فەلسەفەی كۆندا بدۆزینەوە... گرنگ ئەوەیە كە هیچ شتێک لە دەرەوەی مرۆڤدا نییە، لە دەرەوەی پرۆسیسەكردنی هونەری پێكەوەژیان و هاوگونجاندا نییە. مرۆڤ هەمان ئەو بوونەیە کە هەموو شتێک لەناویدایە، بەڵام تێگەیشتن بەپێی پێویستییەکانە نەک شکاندنیان؛ ژیان كورتە، بەڵام جوانی مانای قووڵی هەیە!

 ژیان هەموو بوونە، بەشێکە لە ئاشكرایی خۆمان، هەستی پڕ سۆزی مرۆڤانەیە لە بوون بە بوون. ناشێ بەبێ مرۆڤ ژیان هەبێت، ژیان جوولەی جوانی و پڕۆسەی خۆبوونەوەی مرۆڤە. ژیان كورتە ساتەوەختێكی هونەرییە، ڕەگەتۆڕ (ڕیزۆم)ە هەوڵ دەدات (مرۆڤی ئارەزوو) بۆ ئەزموونکردنی بەرزترین ئاستی تاسەكردن بەرێت؛ هەموو شتێك شی بکاتەوە: چێژ، کار، بەكاربردن، پەیوەندییەکان، هونەر، تەنانەت ئازار و ناخۆشی...

ئێمە کاتێک ئارەزوو دەکەین، ئارەزووی شتانێک ناکەین هەمانن، بەڵكە ئارەزووی شتێک دەکەین کە نیمانە! لێرەدا چركەساتی تاسەی ژیان كورتە، ڕەگەتۆڕێكی پەرش و بڵاوە و بەپێچەوانەی درەخت پنتێکی دیارییکراوی نییە، بەو مانایە نییە كە مرۆڤ بە بوون قایلە یان قایل نییە؛ بەڵکە هەوڵ دەدات تاسەی ئەگەری كراوەی ژیان چڕ بکاتەوە، واتە دیاری نەكردنی ئەزموونەکان و بەرزکردنەوەی چڕیی ئەگەرە جیاوازەكان، تاوەکو ژیان بۆ هەستکردن بە جوانی ژیان بێ! لێرەوە پرسیار ئەوەیە ئایا پەیوەندی ڕەگەتۆڕی (دۆلۆزی و فیلێکس گواتاری) سەرچاوەی ئازارە یان چارە؟! دۆلۆز لە گفتوگۆ لەگەڵ ئارنو ڤیللانی دەڵێت: من بێز لە هەموو گلەیی و گازاندەیەک لە ژیان دەکەمەوە، بێز لە هەموو کلتوورێکی تراژیدی، واتە بێز لە هەموو دەروونپەرێشییەک دەکەمەوە.

بەشانۆکردنی ناتەواویی

وەك چۆن مرۆڤی دیجیتاڵی چەمکی (چڕکردنەوە)ی ژیان (زێدەژیان) و (ئەرێنی) وەك پڕۆژەیەک لە کاتدا دروست دەکاتەوە؛ مرۆڤی ئارەزووش ئەگەرەكانی خۆبوون و داهێنان و كرانەوە لە جیاوازی، پێش یەكسانی دروست دەکاتەوە. ئەگەر پێ لە ڕەسەنایەتیی چەمکی ئەگەرە جیاوازەكان سەبارەت بە مرۆڤی ئارەزوو و مرۆڤی دیجیتاڵی بنێین، یاخود پێی لێ نەنێین، ناچارین ددان بەوەدا بنێین كە هەمیشە ئەگەرە جیاوازەكانی تەكنۆلۆژیای دیجیتاڵی و ئەگەرە جیاوازەكانی خۆبوون و داهێنان، كۆمەڵێ ئەگەری پەیوەست و كراوەن؛ ئەوەش یەکەمین ڕاستیی بەڵگەنەویستە، ڕاستییەک کە کاریگەریی دڵنیایی (کۆجیتۆی درەخت)ی دیکارتی بەرانبەر (ڕەگەتۆڕی دۆلۆزی و گواتاری) پووچەڵدەکاتەوە و جەوهەری مرۆڤی بوێری دیجیتاڵی و مرۆڤی سەركێشی داهێنەر، لە دابڕانە مەعریفییە جیاوازەکانی (ئامرازی کات و ترێند/ كردەی كات و داهێنان)ەوە دەدۆزێنەوە؛ بەو مانایەش هێشتنەوەی ئارەزووەكان، دەرکەوتنی ئارەزووەكان چیدیكە تەنها لەڕێگای بەشانۆکردنیان لەشێوەی خەون یاخود خەیاڵ یاخود ئەفسانە و ... هتددا نییە، بەڵكە ساتەوەختێكی سەركێشانەی سەیرورەی داهێنان و بوێرانەی دووبارەکردنەوەی ترێندی تەكنۆلۆژیایە، دەتوانرێت سەیرورەی داهێنان و دووبارەکردنەوەی ترێندی دیجیتاڵی لە هونەری جوانییدا گوزارشتیان لێبکرێت!

چیدی ئارەزووە چەپێنراوەكان، لە خەونی فرۆیدی بەدی ناهێنرێت؛ بەو مانایەش هەر لە فرۆیدەوە تا لاکان (کە تیۆرییەکی تایبەتمەندی داڕشت) تا میلانی کلاین... كە تێکڕایی بەشدارییەکانیان پەیوەستە بە چەمکی ئارەزووەوە، لە تامەزرۆییەک بۆ دەستلەملانێی تاریکیی لەگەڵ جەستەی دایکدا زیاتر نین، زیاتریش نابینن... بڕوانە كتێبی: ئارەزوو و فەلسەفە- سەرەتایەک بۆ خوێندنەوەی دۆلۆز و گواتاری- نووسینی: محەمەد ئایت حەننا، وەرگێڕانی: سامان عەلی، پێداچوونەوەی: شوان ئەحمەد... لێرەوە دۆلۆز دەڵێ جێی خۆیەتی ئەوە وەبیربهێنینەوە کە دۆزینەوەی نەست لای فرۆید، پەیوەندییەکی تووندوتۆڵی بە پرسی شانۆ و پرسی بوونی سەکۆکەی ترەوە هەبووە، ئەو سەکۆیەی کە دەروونشیکاریی ئەرکی پەیبردن بە ڕاز و نهێنییەکانی و دەرخستنی ئەوەی کە لە سەری دەستنیشان دەبێت، لە ئەستۆی خۆی گرت. وەك چۆن لە تەكنۆلۆژیا و دووبارەکردنەوە ترێندی دیجیتاڵدا دەشێ بڵێین ئەرکی پەیبردن بە خێراترین و زۆرترین زانیاری ئەرێنی و جوانی و نەرمی هەستبزوێن... جگە لە زۆرترین بڵاوبوونەوە هیچیتر نیین.

 داهێنان و سەیرورە، ئەو نەستەی دۆلۆز و گواتاری دایانڕشتووە، (بوون بە) و نەستێکی بەرهەمهێنە... دووبارە سەبارەت بە ئەگەرە جیاواز و كراوەكانی ژیان كورتە و هونەر درێژە، كـتێبە بەناوبانگەكەی (تریستان غارسیا -الحیاە المكپفە- ترجمە: صلاح بن عیاد) ڕۆناكی دەخاتە سەر بەشێك لەو چەمكانەی كە تێیدا ژیان دەبێتە پێشبڕکێیەکی خێرا بەرەو ئەزموون و هەست و سۆزی زێتر و زێتر و ئەگەری دیكەی كراوە و جیاواز، بەڵام پێش یەكسانی و دووبارەبوونەوەی هاوشێوە (كۆپیكردنەوە) و زانیاری كۆكراوە و كۆگاكراو...

لەو كتێبەدا تریستان گارسیا (چڕکردنەوە) بە ئارەزووی بەهێزتر و پڕترکردنی ئەزموون پێناسە دەکات، چونكە ئامانج تەنها ژیانکردن نییە، بەڵكە زێدەژیانە، ژیانێکی جوانتر، دووبارەبوونەوە بەبێ هاوشێوەیی... هەموو ئەو چەمكانە بیركردنەوەی مرۆڤ لە گەڕان بەدوای واتادا بۆ گەڕان بەدوای چڕییدا دەگۆڕێت! بۆیە ئەمڕۆ مرۆڤی مۆدێرن سەركێش و بوێرانەتر ئایدیاكانی خۆی لەبارەی زێدەییەكان و بەكاربردن و ئەرێنی و... لەبارەی خەمی کات و جوانی و ئەزموون و نەرێنی دەردەبڕێت.

 كەواتە ژیان كورتە، پەیوەندی بە خێراتربوونی کاتی گۆڕانكارییەكانی سەردەمەوە هەیە: تەكنۆلۆژیا، ڕاگەیاندن، و شێوازەکانی بەکاربردن و زێدەییەكان... هەموو ئەوانە ژیانێکی خێرا بەسەر مرۆڤدا دەسەپێنن و پاڵی پێوە دەنێن بۆ ئەزموونکردنی زۆرترین ژمارەی ساتەکان. بەم شێوەیە ژیان دەبێتە کۆکردنەوەی ئەزموونە سەركێشەکانی هونەری جوانی داهێنان و کۆکردنەوەی خێرای بوێرییەكانی هونەری جوانی هاشتاگ و ترێند... لەوەی بونیادێکی یەکگرتوو بێت بۆ ناسنامە. بە كورتی ژیان دەبێتە کۆکردنەوەی زێدەییەكان... هەمیشە مرۆڤ دوژمنی ڕاستییە نەك درۆكان! ژیان كورتە، ناچارنیین لە درۆكاندا بمرن؛ كات كورتە، پێویستە بە هۆشیارییەوە بژیین.

شتێكـ كە نەمكوژی بەهێزترم دەكات. (نیچە)

نەست ماشێنی ئارەزووە، ماشێنێکە لەڕێگای دروستکردنی بڕێک ڕێکخستن و ڕیزبەندیی دیاریکراو لەگەڵ هەندێک ماشێنی تردا ئارەزوو بەرهەمدەهێنێت (ڕەنگە من و ئەندامەكانی جەستەی من لە پشتەوە بە نهێنی ڕێك بكەوین.) كەواتە ئەگەرەكان بەرمەبنای میتۆدێکی جیاواز دادەمەزرێن کە میتۆدی (نەخشە)یە، لەنێوان نەخشە و ڕەگەتۆڕدا، بڕێک پەیوەندیی دۆستانە هەن، چونکە نەخشە هەموو نموونە یاخود شێوەیەکی ئامادە ڕەتدەكاتەوە کە کۆپی دەکرێت و بە چەشنێکی ناکۆتا بەرهەمدەهێنێتەوە. ڕەنگە پەیوەندی دۆستانەی نەخشە و ڕەگەتۆڕ هەمان دۆستایەتیی بێت کە (کۆپی) و (درەخت) پێکەوە کۆدەکاتەوە. ئەمەش لەو ڕووەوە کە هەمیشە (کۆپی) وەك (درەخت) بۆ یەک ڕەگمان دەگەڕێنێتەوە، ئەو شیزۆشیكارییە دۆلۆزییە وشەکانی: هەماهەنگکردن، ڕێکخستن، ڕەگەتۆڕ، نەخشە، جۆگەی دەربازبوون... تەنها وەك شییان و توانای واتا و بۆشایی نیشان نادەن؛ بەڵكە وەك كۆمەڵێ ئەگەری جیاواز و كراوە نیشانیان دەدەن كە دەشێ هەر کەسە بە بونیادی تایبەتی خۆی پڕیبکاتەوە.  

 (شتێكـ كە نەمكوژی بەهێزترم دەكات) ئەو چڕکردنەوەیە، ئەو دژایەتی نوێنەرایەتیكردنە هەستێکی ئازادی و کرانەوە بە مرۆڤ دەبەخشێت، بەڵام وابەستەییەکی شاراوەش دروست دەکات: تاک هەمیشە داوای لێ دەکرێت کە بە شێوەیەکی (زێتر) بژی، وەک ئەوەی ئارامی و هێواشی بەهاکانیان لەدەست دابێت. لێرەدا ناکۆکییەک دەردەکەوێت: زێدەئازادی دەگۆڕێت بۆ گوشارێکی قورس، ئەو گوشارەی كە نیچە لەبارەیانەوە دەڵێ مایەی ناسینی خودن. بە مانایەكی دیكە ئەگەرچی چەمکی (شیزۆشیکاریی دۆلۆزی) بە گەرمی پێشوازیی لە ئەزموونی شیزۆفرینی دەکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا گوزارشت لە خواستێکی ئانارشیستانەی هاوشێوەی ئەو خواستانە ناکات کە بانگەشە و داوای شکاندنی هەموو ڕێساکان و چوونە ئامێزی ئەزموونی دێوانەیین.

كەواتە بۆ ئەوەی مرۆڤ بە زیندوویی بمێنیتەوە زێدەییەكان و فشار گرنگە... فرۆید و برۆیەر بۆ چارەسەری نەخۆشەكانیان هەوڵی ئەوەیاندەدا كە فشاری سەر نەخۆشەكان لەڕێگای (خەوتنی موگناتیسی) یان (بەقسەهێنانی ئازاد) كەم بكەنەوە. بەڵام نیچە بۆ بەردەوامی گۆڕان و سەیرورە پێچەوانەكەی بەرجەستە كرد؛ سەیرورەی داهێنان بە زێدەییەكان ناپێورێت، بە گۆڕانی فشارەكانەوە بەندە.

چڕکردنەوەی هەستەکان

زێدەییەكان، فشارەكان فەرمانڕەوایی مرۆڤ دەكەن، یان پیری شێتی دەكات؟! لەگەڵ هەموو ئەوانەدا لە كۆتاییدا مرۆڤ عەشقی حەز و ئارەزووەكانی خۆیەتی، حەز و ئارەزووییەك کە بەدەستی نەهێناوە، بۆیە بیر لە زێدەییەكان، چڕکردنەوەی هەستەکان و فشارەكان، بیر لە زێدەخۆشەویستیی بۆ ئازار دەكاتەوە، بیر لە هاوڕێیەتی ڤیساگۆركی دەكاتەوە، چونكە عەشقی حەز و ئارەزووە بەدینەهاتووەكانی خۆیەتی، بەدوای هارمۆنییەتی ژیانەوەیە.

 بیر لە هاوڕێیەتی ڤیساگۆركی لە یەكبوونی ڕۆح و هاوسەنگی و هاوبەشبوون دەكاتەوە، یان پەیوەندییەکی چڕ و كراوە و جیاواز، هاوسەنگی ئارەزووەكانی، هاوسەنگی بەختیاری و ئازادی، پیری و زێدەژیان، هاوسەنگی ڕابردوو- زەمەنێ كە نابێ لێی دوور بین و زەمەنێك كە لە ئازیزترین كەسەكانی خۆمان ڕادەكەین... هەموو ئەوانە دەشێ دۆزینەوەی بوارێک بێ لە لۆژیکێكی كراوە، لۆژیكی چڕکردنەوەی هەستەكان، لۆژیكی دژایەتی نوێنەرایەتیكردن، هەست و سۆزە مرۆییە سەرەکییەکان: هاوژیانی و یەكتر قبووڵكردن و جیاوازی و خۆشەویستی... چڕكردنەوەی هەستەكان چیتر تەنها پەیوەندییە سنووردارەكان نین، بەڵکە تاقیکردنەوەی ئەگەرە كراوەكانی ژیان لووتکەی جوانی ژیانە. ژیان كورتە، هەمیشە مرۆڤ لە سەركێشی و بوێرییەكی بەردەوامدا دەهێڵێتەوە، چونکە ناتوانێت لە دەرەوەی ماشێنەکانی ئارەزوو/ ماشێنە بەرهەمهێنەکان بە درەختی دیكارتی و ڕەگەتۆڕی دۆلۆزی و گواتاری و بنبەستبوونی میتافیزیكی یان ساویلكەیی قایل بین.

کەواتە ژیان داهێنانی جوانییە، چیدیكە نە مرۆڤ و نە سروشت ماوە؛ بەڵكە تەنها ڕەوتێک ماوە یەکێکیان لەناو ئەویتریاندا جوانی بەرهەمدەهێنێتەوە و ماشێنەکانیان ئاوێتە دەکات. لە ڕاستیدا ژیان تەنها وەکو ڕەوتێکی بەرهەمهێنان واتە: بەرهەمهێنان/دابەشکردن/بەکاربردن دەگوزەرێت. تریستان گارسیا لە كتێبەكەیدا (ژیانی چڕ: خەمی مرۆڤی مۆدێرن) پرسیارێکی بوونیی قووڵ دەوروژێنێت: ئایا مرۆڤ دەتوانێت لەم خەمە ڕزگاری بێت بەبێ ئەوەی هەست بە بەتاڵی و تەنیایی بکات؟!

 ژیان كورتە، ڕستەیەكی چڕە لە هونەرەكەی هیپۆكراتدا زێدەییەكان دەگرێ. دیارترین تایبەتمەندییەکانی مرۆڤی مۆدێرن هونەری جوانیی و جوانی هونەرییە. بەو مانایەی كە خەمی چڕکردنەوەی بوون و ئەزموونکردنی داهێنان بەرزترین ئاستی ژیان دەنەخشێنێت؛ وەك چۆن ناکۆکییەکی سەرەکی دەوروژێنێت: زێدەییەكان، بەكاربردن، ئەرێنی و ژیانی بێ حەسانەوە... ژیان كورتە، ڕێگا بۆ پرسیارکردنی هونەری جۆراوجۆر دەخاتەڕوو، لەوانەش: ئایا مرۆڤ دەتوانێت هاوسەنگییەک لەنێوان دەوڵەمەندیی ئەزموون و ئارامیی بووندا بدۆزێتەوە؟.

هەولێر 23/1/2026


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا