
ڕاپۆرت/ دلێر عەلی
لە کاتێکدا نەخشەی سیاسیی ناوچەکە لەبەردەم گۆڕانکارییەکی خێرادایە، گەلی کورد لە باشووری کوردستان پەیامێکی مێژوویی و یەکلاکەرەوەی ئاڕاستەی جیهان کرد. لە "هەینیی کوردان"دا، نەک تەنها شارێک، بەڵکو تەواوی شار و شارۆچکەکانی کوردستان لێشاوی مرۆیی و خۆپێشاندانی ملیۆنییان بەخۆوە بینی؛ لە هەولێر و دهۆکەوە تا کەرکوک و هەڵەبجە، و گەرمیان و ڕاپەڕین وەک یەک جەستە بۆ پشتگیریکردنی ڕۆژئاوای کوردستان ڕژانە سەر شەقامەکان و بەیەک دەنگ پشتیوانی خۆیان بۆ ڕۆژاوا دوپاتکردەوە و دژی هەڕەشەکانی حکومەتە توندڕەوەکەی "ئەحمەد شەرع" لە سووریا، دەنگی ناڕەزایەتی خۆیان بەرز کردەوە.
ڕەهەندی سیاسی و دیپلۆماسی: هەنگاوی فشار
خۆپیشاندانەکان تەنها ناڕەزایەتییەک نەبوو وەک هاوسۆزی ، بەڵکو پەیامێکی سیاسی ڕوون بوو بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. لەم بارەیەشەوە
هاوڕێ ئەبو کاروان، سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعیی کوردستان، لە وتەیەکدا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە هێزە سیاسییەکانی کوردستان ئەرکێکی مێژووییان لەسەر شانە بۆ بەدەنگەوە چوونی گەلەکەمان لە هەرپارچەیەکی کوردستان .
هاوڕێ ئەبو کاروان ئاماژەی بەوە کرد کە حزبی شیوعیی لە یەکەم ساتەوە وەک ئەرکێکی نەتەوەیی دەرگای ناڕەزایەتیمان لەبەردەم کونسوڵخانەی ئەمریکا کردەوە.
ئەو دەڵێت: "ئێمە هەموو تواناکانی خۆمان لە ڕووی سیاسی و دیپلۆماسییەوە بەگەڕ خستووە؛ لە هەفتەی ڕابردوودا کۆبوونەوەی چڕمان لەگەڵ کونسوڵگەرییەکانی ڕووسیا و چین ئەنجامداوە، بۆ ڕوونکردنەوەی ئەو تاوانانەی بەرامبەر گەلەکەمان لە ڕۆژئوا دەکرێت."
بەپێی وتەکانی هاوڕێ ئەبو کاروان، لایەنی چینی ڕایگەیاندووە کە دان بە دەسەڵاتی "ئەحمەد شەرع"دا نانێن، چونکە ئەو بە درێژەپێدەری ئەقڵیەتی داعش دەبینن. لێرەدا ڕەخنەیەکی توند ئاڕاستەی سیاسەتی ئەمریکا دەکات؛ هاوڕێ، پێی وایە تاکڕەوی ئەمریکا و پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان، هاوسەنگیی هێزی تێکداوە و کورد بووەتە قوربانیی ڕێککەوتنە ژێربەژێرەکانی هێزە گەورەکانی ناوچەکە و جیهان.
ئەم وتانە نیشانی دەدەن کە شەقامی کوردی بە وریاییەوە چاودێری یارییە دیپلۆماسییەکان دەکات.
ژنانی کورد کۆڵەکەی پاراستنی ناسنامەیە
بەشێکی بەرچاوی ئەم بزووتنەوە جەماوەرییە، بەشداریی چالاکانەی ژنان بوو. چیمەن عومەر، چالاکوانی مافەکانی ئافرەتان، وێنایەکی قووڵی بۆ ئەم ئامادەییە کێشا. ئەو دروشمی "ژن و نیشتمان"ی وەک یەک دەنگ و یەک ئامانج ناساند.
چیمەن عومەر؛ پێی وایە نیشتمانپەروەریی ژنان لە قۆناغی دروشمەوە پەڕیوەتەوە بۆ قۆناغی کردار. ئەو دەڵێت: "ئەگەرچی نیشتمان بە سنوورەکان پارچە کرابێت، بەڵام ڕۆحی یەکگرتوویی لە ناو دڵی ژنانی کوردا وایکردووە کە
ئازاری ڕۆژئوا وەک ئازاری جەستەی خۆمان ببینین." ئەم تێڕوانینە ئەوە دەسەلمێنێت کە ژنانی کورد تەنها پەروەردەکار نین، بەڵکو پارێزەری سەرەکیی شکۆی نەتەوەیین لە کاتە سەختەکاندا.
گەلەکەمان لەبەردەم هەڕەشەی سڕینەوەدا
بۆ تێگەیشتن لە گرنگیی ئەم خۆپیشاندانە لە ڕووی زانستی و مێژووییەوە، کاک ئومێد، مامۆستای مێژوو، ئاماژەی بەوە کرد کە ڕۆژاوا تەنها خاک نییە، بەڵکو "قەڵای شوناسە". لە ڕوانگەی مێژووییەوە، کاتێک نەتەوەیەک ڕووبەڕووی هەڕەشەی سڕینەوە دەبێتەوە، گەڕانەوە بۆ ڕەگ و ڕیشە دەبێتە تاکە بژاردەی ڕزگاری.
مامۆستا ئومێد؛ دەڵێت: "هوشیاریی سیاسی تاکی کورد گەیشتووەتە ئاستێک کە دەزانێت یەکدەنگی قەڵغانە. ئامادەبوونی خەڵک لە پێش حزبەکانەوە، نیشانەی دروستبوونی هوشیارییەکی نەتەوەیی نوێیە."
نەوەی نوێ و ئەزموونی ڕابردوو
خاڵێکی تری سەرنجڕاکێشی "هەینی کوردان"، ئامادەیی گەنجان و خوێندکارانی زانکۆ بوو. ژینۆ ئاکۆ، خوێندکاری زانکۆ، ئەم بەشدارییەی وەک "پەیمان نوێکردنەوە" ناوبرد. ئەمە وەڵامێک بوو بۆ ئەو دەنگانەی کە دەڵێن گەنجانی ئێستا ئینتیمای نیشتمانییان لاواز بووە. ژینۆ جەختی کردەوە کە جیهانی کراوە و تەکنەلۆژیا نەیانتوانیوە گەنجی کورد لە ئازارەکانی نەتەوەکەی داببڕن.
لەلایەکی تریشەوە، حاجی مەحمود (کاسبکار)، کە وەک نوێنەری نەوەی پێشوو و خاوەن ئەزموون قسەی دەکرد، ئەم دیمەنەی بە "نەورۆز و ڕاپەڕین" شوبهاند. ئەو یەکگرتووییەی لە ناو بازاڕ و شەقامەکاندا بینی، وەک نیشانەیەکی هیوا بۆ سەرکەوتن لێکدایەوە.
ئەنجامگیری
خۆپیشاندانەکان بۆ پشتگیریی ڕۆژاوا، چەند پەیامێکی سەرەکیان لەخۆ گرتبوو:
سەرەڕای دابەشکارییە سیاسییەکان، جەستەی نەتەوەیی کورد هێشتا وەک یەک یەکە کار دەکات.
خۆپیشاندەران پەیامی ناڕەزای توندیان دەربڕی لەبەرانبەر جیهان کە نابێت بەرژەوەندییەکان لەسەر حیسابی گەلی کورد بن.
خۆپێشاندانەکان ئەوەیان سەلماند کە کاتێک مەترسییەکی گەورە دێتە پێش، "بەرژەوەندیی گشتیی نەتەوە" دەبێتە پێشینە.
جەماوەر بەم خۆپیشاندانە ، جارێکی تر سەلماندی کە پێشەنگی ئازادی و مرۆیی نەتەوەیە و ئامادەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر ئەقڵیەتێکی توندڕەو (وەک ئەقڵیەتی داعش) کە بیەوێت مێژوو بەرەو دواوە بگێڕێتەوە.