دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٥-٩-٢٠٢٤ لە یەکەم ڕۆژی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، گردبوونەوەیەک لەبەردەم مەڵبەندی هەولێری حزبی شیوعی کوردستان بۆ پشتیوانیکردن لە لیستی هاوپەیمانی هەرێمی کوردستان ١٣٣ رێکخرا.
گردبوونەوەکە بە بەشداری دکتۆر کاوە مەحموود سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی کوردستان و هیوا عومەر سەرۆکی لیستی هاوپەیمانی هەرێمی کوردستان - بازنەی هەولێر و ئەندامانی سەرکردایەتی حزب و مەڵبەندی هەولێر ئەنجامدرا.
لەلایەن هاوڕێ کوردۆ ساڵح لێپرسراوی مەڵبەندی هەولێر بەخێرهاتنی ئامادەبووان کرا.
پاشان لەلایەن دکتۆر کاوە مەحمود و هیوا عومەر دوو وتار خوێنرانەوە و جەخت لەسەر بەڕێوەبردنی بانگەشەیەکی مەدەنی و شارستانیانە کرایەوەو ئاماژە بە ئامانج و بەرنامەی لیستی هاوپەیمانی هەرێمی کوردستان کرایەوە بۆ پەرلەمانی داهاتووی کوردستان و ڕایانگەیاند: هەڵبژاردنێکی پاک و دادپەروەرانە زامنی پەرلەمانێکی بەهێزە و پتەوكردنی پایەکانی کیانی هەرێمی کوردستان، چەسپاندنی مافی هاوڵاتیبوون و بنەماكانی ئازادی و دیموکراسی و حوکمڕانیەکی دادپەروەرانە، دەستەبەرکردنی ئاسایشی نیشتمانی و سەقامگیریی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی و مسۆگەرکردنی ئاییندەیەکی باشتر بۆ چوار ساڵی داهاتوومان، بەندە بە بەشداری هاوڕێیان و هاووڵاتیان لە هەڵبژاردن و دەنگدان.
ڕوونیانکردەوە هاوپەیمانی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی ئەم هێلە گشتییە نیشتمانییەدا لە پەرلەمان داکۆکی لە ماف و داخوازییەکانی هاووڵاتییان دەکات.
لەگەڵ چەپڵەڕێزانی ئامادەبووان کۆتایی بە گردبوونەوەکە هات.