
ئەمڕۆ، پێنج شەمە ٣٠ تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، شاندێکی باڵای حزبی شیوعی کوردستان، بەسەرۆکایەتی هاوڕێ ئەبو کاروان سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی و ئەندامێتی هیوا عومەر جێگری سکرتێر و دڵشاد حەساری و هاوڕێ پێشڕەو ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی و عەلی حەمادی ،لەشاری بەغدا، سەردانی دکتۆر لەتیف ڕەشید سەرۆکی کۆماری عێراق ـ یان کرد.
لە دیدارەکەدا ، سەرۆک کۆماری عێراق بەگرنگیەوە لە ڕۆڵی حزبی شیوعی ڕوانی لە قۆناغە جیاجیاکانی خەبات و تێکۆشان و مێژووی حزبی شیوعی بەرز نرخاند لە قوربانیدان و هەوڵدان لەپێناوی ئازادی خەڵکی عێراق و کوردستان و چەسپاندنی عەدالەتی کۆمەڵایەتی وسەقامگیری و ئارامی.
لای خۆیەوە ئەبو کاروان سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی کوردستان سوپاسی سەرۆک کۆماری کرد بۆ پێشوازیەکەی و هاوکات پێزانینی حزبی شیوعی بۆ پاڵپشتی سەرۆک کۆمار لەپێناو دیالۆگی نیشتمانی و دەستپێشخەرییەکانی چاکسازی دووپات کردەوە، ئامادەیی حزبی شیوعیشی بۆ بەشداریەکی کارا لە پشتیوانیکردنی ئاسایش و سەقامگیری و چەسپاندنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی بۆ هەموو هاووڵاتیان دووپات کردەوە.
لەبەشێکی دیکەی دیدارەکە سەرۆککۆماری عێراق و شاندی حزبی شیوعی کوردستان،تاکیدیان لەسەر چارەسەرکردنی یەکجاری پرسی مووچەو شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە.
هەروەها جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ و ڕووبەڕووبونەوەی عەقڵیەتی مەرکەزێیەتی ناوەندی لەبەغدا بە پێویست زانرا لەداهاتوودا کاریان لەسەر بکرێت.
هەر لە دیدارەکەدا هەردوولا باسیان لە ئامادەکارییەکان کرد، بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق و گرنگی ئەنجامدانی لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا بە شێوەیەکی شەفاف و پاک بێگەرد .
سەرۆک کۆمار جەختی لە گرنگی ڕەخساندنی ژینگەیەکی دادپەروەرانە و یەکسان بۆ هەموو هێزە سیاسییەکان کردەوە، کە هاووڵاتیان بتوانن بە ئازادی ئیرادەی خۆیان دەرببڕن و بە شێوەیەکی دیموکراسیانە نوێنەرەکانیان هەڵبژێرن بە شێوەیەک کە ڕەنگدانەوەی خواستەکانیان بێت.
