ڕۆژی سێ شەمە ٢٠٢٥/٨/٢٦ لە قەزای ڕواندز، بە ئامادەبوونی حزب و لایەنە سیاسیەکان و کەسایەتی و پێشمەرگە دێرینەکان و خانەوادەکەی ، لقی سۆرانی کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی کوردستان مەدالیای ڕێزلێنانی بەخشی بە پێشمەرگە و تێکۆشەری دێرین هاوڕێ" خالید محمد قادر" ناسراو بە هاوڕێ کارۆخ.
لە مەڕاسیمەکەدا مامۆستا " سیرین خالید " خۆشحاڵی خانەوادەکەی بۆ ئەو مەڕاسیمە دەربڕی و ڕایگەیاند هەمیشە شانازی بە خەبات و مێژووی پڕ سەروەری هاوڕێ خالید و ڕێبازە کەی دەکەین .
پاشان مامۆستا " ستار موسا" بەرپرسی لقی سۆرانی کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی کوردستان، بەناوی لقی سۆرانی پێشمەرگە دێرینەکان، وتەیەکی پێشکەش کرد، ڕایگەیاند " لقی سۆرانی کۆمەڵەی پێشمەرگەدێرینەکان بە خشینی ڕێزلێنان بە هاوڕێ خالید پێشمەرگەی ڕۆژە سەختەکان بە شایستە دەزانێت. هەروەها باسی لە چەند وێستگەیەکی تێکۆشان وژیانی پێشمەرگایەتی هاوڕێ خالید و هەڵوێستەکانی لە پێناو نەهێشتنی زوڵم و دکتاتۆریەت و گەیشتنی گەلی کورد بە مافەڕەواکانی کرد.
هەروەها بەرپرسی لقی سۆران ڕایگەیاند " هاوڕێ خالید هاوشێوەی چەندان پێشمەرگەی تری دێرین لە ناوحزبی شیوعی جێگەی شانازی گەلەکەمانن و هەمیشە ئامادەیی گیانفیدان و قوربانیدان بوون بۆ ئازادی و سەربەخۆیی گەلی کوردستان".
هەر لە مەڕاسیمەکەدا هاوڕێ ابراهیم بابان ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی مەڵبەندی سۆرانی حزبی شیوعی کوردستان لە وتەیەکدا سوپاسی لقی سۆرانی پێشمەرگە دێرینەکان و ئامادەبوونی نوێنەرانی لایەنە سیاسیەکان کرد. هاوڕێ ابراهیم باسی لە ڕۆڵی جوامێرانە و قارەمانانەی هاوڕێ خالید خەباتگێڕ و پێشمەرگەی دێرینی حزبی شیوعی کوردستان و هەڵوێستەکانی لە پێناو داکۆکی لە پرسی نشتیمانیی و چینایەتی کرد. هاوکات ڕاشیگەیاند " هاوڕێ خالید بۆ ئێمەی شیوعیەکان هێمای سوربوونە بۆ بەرگریکردن لەمافی هەژاران و ڕەنجدەرانی گەلەکەمان و خەبات لە پێناو ئازادی و سەربەخۆیی گەلی کوردستان.
لە کۆتاییدا لە پاڵ مەدالیای ڕێزلێنانی لقی سۆرانی پێشمەرگەدێرینەکان، هاوکات چەپکە گوڵی مەڵبەندی سۆران لە لایەن هاوڕێ شوان ئاغا پێشمەگەی دێرین و کادیری تێکۆشەری حزبی شیوعی پێشکەشی هاوڕێ خالید کرا.