
ئەمڕۆ سێشەممە ١٧-٢-٢٠٢٦ شاندێکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبەریی کەمپی شەهید ڕۆستەم جودی (مەخموور) سەردانی کۆمیتەی مەخمووری حزبی شیوعی کوردستانیان کرد و لەلایەن هاوڕێییان ڕێباز هاشم سکرتێری مەڵبەندی هەولێر و زاهیر رەسوڵ جێگری سکرتێر و شەپۆل کانەبی، کۆچەر رەحمان، یەحیا سەعدی، ئەندامانی مەڵبەند و ئەندامانی کۆمیتە پێشوازییان لێکرا.
لە دیدارێکی دۆستانەدا شاندی میوان تیشکیان خستە سەر بارودۆخی ژیانی دانیشتووانی کەمپی مەخموور و ئەو ئاستەنگانەی ڕووبەڕووی خەڵکی کەمپەکە دەبنەوە لە ڕووی خزمەتگوزاری و تەناهییەوە.
لە بەشێکی تری دانیشتنەکەدا هەردوولا گۆڕانکارییە خێراو ئاڵۆزەکانی ئەم دواییەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کاریگەرییەکانی ئەو دۆخەیان لەسەر پرسی کورد و سەقامگیری ناوچەکە باسکرد.
هەروەها ئیدانەی هێرشەکان بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان کرا، لە هەمانکاتدا یەکدەنگی خەڵکی کوردستان لەناوخۆ و دەرەوە بۆ پشتیوانیکردن لە ڕۆژاڤا بە گرنگ و کاریگەر لەسەر دۆزی کورد ناوبرا.
لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر گرنگیی تەبایی و یەکڕیزیی نێو ماڵی کوردستانی کرایەوە وەک پێویستییەکی مێژوویی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکان و پاراستنی دەستکەوتەکان.
شاندی میوان سوپاسی حزبی شیوعی کوردستانیان کرد بۆ هەڵوێستی ڕاشکاوانەی لە پشتیوانیکردنی تێکۆشانی گەلەکەمان لە هەموو بەشەکانی کوردستان
هاوڕێیان پاڵپشتی خۆیان بۆ داواکاری و مافە ڕەواکانی نیشتەجێبووانی کەمپەکە لە پاراستنی ئاسایش و سەلامەتی و ژیانێکی شایستە بۆ دانیشتووانی کەمپی شەهید ڕۆستەم جودی دەربڕی.

