"کاتی دەنگ هەڵبڕینە، دەبێت شوێنی کار و شەقامەکان فەزا و ئارامگەی هەمووان بێت"
مەکتەبی ڕاگەیاندنی ناوەندی و هەفتەنامەی "ڕێگای کوردستان" تەوەرێکی تایبەت لەبارەی پرسی هەراسانکردنی سێکسیی ئافرەتان دەکاتەوە؛ ئەو پرسەی قسەکردن لەبارەیەوە وەک تابۆیەک وێنا کراوە، بەڵام پرسێکە ڕۆژانە لەبەردەم دەرگای زۆرینەماندایە.
لەم مەلەفەدا خاتوو سۆزان ئەمین پێشمەرگەی دێرین و چالاکوانی بواری ژنان وەڵامی چەند پرسیارێک دەداتەوە. 


بەشی دووەم 


پرسیاری پێنجەم : ئایا یاساکانی ئێستا بەسن بۆ پاراستنی ژنان لە گێچەڵپێکردن، یان کێشەکە لە جێبەجێکردنی یاساکان و چەمکی زاڵی دامەزراوە یاساییەکاندا خۆی دەبینێتەوە؟

بەداخەوە یاساکانی ئێستا (نووسراو و نەنووسراوەکان) لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا بەس نین بۆ پاراستنی ژنان لە گێچەڵپێکردن، بەڵکو بەشێکیان خۆیان دەبنە هۆی بەرهەمهێنانەوەی ئەم جۆرە توندوتیژییە؛ چونکە زۆرجار قوربانییەکە لۆمە دەکرێت لەبەرامبەر ڕووداوەکەدا، نەک کەسی گێچەڵپێکەر.

لەبەر ئەم هۆکارانە، ئەو ژنانەی ڕووبەڕووی هەراسانی سێکسی دەبنەوە لە زۆربەی بارودۆخەکاندا بێدەنگی هەڵدەبژێرن و ڕووداوەکە تەنانەت لە کەسوکار و کەسە نزیکەکانیشیان دەشارنەوە؛ تا تووشی لێپرسینەوە، سەرزەنشتکردن، یان زراندنی ناوبانگ نەبن لەلایەن کەسی گێچەڵپێکەرەوە. ئەم بێدەنگییەش جگە لەوەی زیانی دەروونیی قووڵ بۆ قوربانییەکە دروست دەکات و ئازادییەکانی سنووردار دەکات، هەروەها دەبێتە هۆی زیادبوونی حاڵەتەکانی گێچەڵپێکردن. لەلایەکی ترەوە، هەڵوێستی سست و نەرێنیی خەڵکی دەوروبەر و بێدەنگبوونیان لە کاتی ڕووداوەکاندا، وا دەکات ئەم تاوانە وەک بابەتێکی ئاسایی دەربکەوێت.

سەبارەت بە دەقە یاساییە نووسراوەکان و جێبەجێکردنیان:


•    نادیاریی چەمک و کەموکوڕی یاسایی: ياسای سزادانی عێراقی (ژمارە ١١١ی ساڵی ١٩٦٩، ماددەی ٤٠٢) سزای بەندکردن تا ٣ مانگ یان غەرامەی داناوە بۆ هەر کەسێک لە شوێنی گشتیدا بە قسە یان ڕەفتار تووشی ئافرەتێک ببێت یان داوایەکی پێچەوانەی ئاداب بکات. بەڵام ئەم یاسایە ناوی "گێچەڵی سێکسی" بە ڕاشکاوی نەهێناوە و خستوویەتییە خانەی "تاوانەکانی مۆراڵ و ئادابی گشتی"، کە پاراستنەکە تەنیا بۆ شوێنە گشتییەکان کورت دەکاتەوە.

•    پیشکەوتنی ڕێژەیی لە یاسای کاردا: یاسای کاری عێراقی (ژمارە ٣٧ی ساڵی ٢٠١٥، ماددەی ١١) بە پێشکەوتووتر دادەنرێت چونکە بە ڕاشکاوی دەستەواژەی "گێچەڵی سێکسی" لە ژینگەی کاردا تێدا هاتووە و سزای بەندکردن تا ٦ مانگ یان غەرامەی تا ٥٠٠ هەزار دینار [لە تێکستەکەدا: ملیۆنێک دینار]ی بۆ داناوە.

•    غیابی یاسایەکی گشتگیر: سەرباری ئەمانەش، نەبوونی پێناسەیەکی یاسایی گشتگیر بۆ هەموو جۆرەکانی گێچەڵپێکردن (وەک گێچەڵی ئۆنلاین/ئەلیکترۆنی) و نەبوونی یاسایەکی سەربەخۆ و تایبەت بەم بابەتە، دەرگا بۆ ڕاڤەی جیاواز دەکاتەوە و ئاستی پاراستنی یاسایی لاواز دەکات. سزا دەستنیشانکراوەکانیش (وەک بەندکردنی ٣ مانگ) بەراورد بە سەختیی تاوانەکە زۆر کەمن.

ڕێگەچارە و پێویستییەکان:
بەگەڕخستنی میدیاکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ هاندانی ژنان تا پەیوەندی بە بنکەکانی بپۆلیس و هێڵە گەرمەکانەوە بکەن، هەروەها بڵاوکردنەوەی ژمارەی فریاگوزاری، ڕۆڵێکی گەورە لە دروستکردنی هەستی ئارامیدا دەبینێت. لە کۆتاییدا، هەرچەندە گێچەڵپێکردن لە بنەڕەتدا  لە کوردستان وعێراقدا بە تاوان دەژمێردرێت، بەڵام یاساکان پەرتەوازەن و پێویستیان بە بەهێزکردن، پێناسەی گشتگیر، و یاسایەکی تایبەتی سەربەخۆ هەیە.


پرسیاری شەشەم: بۆچی  زۆرجار کۆمەڵگە لە حاڵەتەکانی گێچەڵپێکردندا، لە بڕی لێپرسینەوە لە گێچەڵپێکەر، تەرکیز دەکاتە سەر جلوبەرگی ژن یان ڕەفتارەکانی؟

لەگەڵ سەرهەڵدانی کۆمەڵگەی پیاوسالاریدا، لە ڕێگەی چیرۆک و ئەفسانە مێژوویییەکان و میتۆلۆژیای ئایینییەوە دەبیستین کە ژن وەک سەرچاوەی گوناه، هەڵخەڵەتاندن و بەئاگاهێنەرەوەی ئارەزووەکان وێنا کراوە. ئەم بیرکردنەوەیە لە مێشکی نەوە یەک لەدوای یەکەکان  (پیاوان و ژنان) ڕەگی داکوتاوە کە ژن سەرچاوەی جووڵاندنی ئارەزووەکانە و بەرپرسیارێتیی هەڵەکە دەخەنە سەر شانی. هەر بۆیە لەم دیدگایەوە دەبینین کە دەیانەوێت بڕیارێکی ئایینی بدەن بەوەی جەستەی بە پارچە پەڕۆ بپۆشرێت داخۆ پیاوان هەڵنەخەڵەتێنێت، لە کاتێکدا لە ڕووی مەنتقەوە خودا مرۆڤی بە ڕووتی دروست کردووە و دواتر بە پەڕۆی دەستکردی مرۆڤ داپۆشراوە.

دابونەرێتە ڕۆشنبیرییەکان و تێگەیشتنە کۆمەڵایەتییە نەریتییەکان، بەرپرسیارێتییە گەورەکە دەخەنە سەر شانی ژن بۆ "پارسەنگکردنی شەقام" یان "پاراستنی خۆی"، لە هەمان کاتدا وا دادەنێن کە پیاو بوونەوەرێکی ناهاوسەنگە و ناتوانێت ڕەفتارەکانی خۆی کۆنتڕۆڵ بکات. ئەم بیرۆکەیە ستەم لە هەردوو لایەن دەکات، چونکە دەستدرێژیکار لە بەرپرسیارێتیی تاوانکاری و ئەخلاقی دەبەخشێت و دەیخاتە سەر قوربانییەکە.

هەروەها بیرۆکەی ڕاکردن لە هەڵوێستە ڕاستەقینەکان (شەرمەزارکردن و دادگاییکردنی دەستدرێژیکار بەپێی یاسا) پێویستی بە سەرئێشە، کۆنتڕۆڵکردن و گۆڕینی یاساکان هەیە. بەڵام دۆزینەوەی پاساو لەلای قوربانییەکە، بۆ کۆمەڵگە چارەسەرێکی ئاسانترە وەک لە ڕووبەڕووبوونەوەی کێشە ڕاستەقینەکەی ناو ڕەفتار یان یاساکان.

گۆڕینی ڕۆشنبیریی باو و هۆشیارکردنەوە سەبارەت بە چەمکی "ڕێزگرتن لە تایبەتمەندی و پیرۆزیی جەستە" کات و ماندووبوونی دەوێت؛ بۆیە هەندێک کەس ڕاهاتوون لەسەر دووبارەکردنەوەی بڕیارە پێشینەیییەکان لە بڕی پێداچوونەوەیان، بەتایبەتی لەو کۆمەڵگە داخراو و ئایدۆلۆژیانەی کە بە زەحمەت لەگەڵ گۆڕانکارییدا دەگونجێن.

پرسیاری حەوتەم: چۆن ئەم "لۆمەکردنی قوربانییە" دەبێتە هۆی ئەوەی کە هەراسانکاران زیاتر هەست بە پارێزراوی بکەن و بەردەوام بن لە کارەکانیان؟


زۆربەی کات کەسێک گێچەڵ بە کەسێک دەکات کە لە خۆی بە لاوازتری دەزانێت و وا هەست دەکات دەسەڵاتی بەسەریدا هەیە، وەک ژنان و مناڵان. تا ڕێگرێکی بەهێز نەبێت ڕایبگرێت، یاسایەک نەبێت بەرگری لە قوربانییەکە بکات، و هیچ ڕووبەڕووبوونەوەیەک لەلایەن قوربانییەکەوە نەبێت؛ تاوانبار لە کردەوەکەی بەردەوام دەبێت، چونکە دەزانێت قوربانییەکە لە ترسی لۆمەی کۆمەڵگە دەترسێت و لە هەڵوێستێکی لاوازدایە، هەروەها ئەگەر سکاڵاش بکات تووشی کێشە دەبێتەوە.

لە هەندێک حاڵەتدا گێچەڵپێکەر کەسێکی خاوەن هەژموون و دەسەڵاتە (وەک بەڕێوەبەر یان خاوەنکار). لێرەدا ڕاکردنی کۆمەڵگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تاوانبار لە ڕێگەی هێنانی ئارگومێنتی پووچ، ڕێگە بۆ تاوانبار ئاسان دەکات لە دەستدرێژییەکانی بەردەوام بێت.

نەبوونی هۆشیاری یان پشتگوێخستنی ئەوەی کە گێچەڵپێکردن کردەوەیەکی توندوتیژی و دەسەڵاتدارییە و پەیوەندی بە ئارەزووەوە نییە، هۆکاری سەرەکییە بۆ خستنەپاڵی بەرپرسیارێتییەکە بۆ سەر ژن. ڕاستییە بڕاوەکەی کە هەیە ئەوەیە: جلوبەرگ و ڕەفتارەکان هۆکار نین بۆ گێچەڵپێکردن، تاوانەکە تەنانەت لەگەڵ داپۆشرانی تەواویشدا ڕوو دەدات.

تەرکیزکردنە سەر قوربانییەکە ستەمێکی دوو بەرا بەرامبەری، و کارە دروستەکە لێپرسینەوەی یاسایی و ئەخلاقییە لە گێچەڵپێکەر؛ هەروەها هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەیە بەوەی ئازادیی کەسیی ژنان هێڵی سورە و ڕێزگرتن لە جەستە مافێکی بنەڕەتییە. جلوبەرگ و ڕەفتارەکان تەنها وەک پاساو لەلایەن دەستدرێژیکارەوە بەکاردێن، بەڵام هۆکاری دروستبوونی تاوانەکە نین. ڕەفتاری گێچەڵپێکردن %١٠٠ هەڵبژاردن و ڕەفتاری خودی گێچەڵپێکەرەکەیە. ڕێک وەک ئەوەی خاوەن ماڵ لۆمە نەکرێت لەسەر دزرانی مالەکەی تەنها لەبەر ئەوەی شتی بەنرخی پێ بووە.


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا