هاوڕێ کرێکار ـ ڕێگای کوردستان
وابریارە رۆژی 18ی كانوونی یەكەم هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق ئەنجام بدرێت، مەلبەندی کەرکوکی حزبی شیوعی کوردستان، لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەکاندیدێک هاوپەیمانی دروستکردووە و بەکاندیدێک بەشداری کردووە، کاندیدەکە، سەمیرە ئەحمەد ـ ە کادروپێشمەرگەی شاخ و شارە،لە دیمانەیەکی کورتدا، دڵشاد حەساری بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوکی حزبی شیوعی کوردستان، بۆ ڕێگای کوردستان دەدوێت.
+ دروستبوونی هاوپەیمانی، شیوعی و یەکێتی چۆن دروست بوو؟ لەچیەوە سەرچاوەی گرت؟
-پێش هەموشتێک حەزەکەم بڵێم ئێمە حیزبێکێ سیاسین ، کەواتە ئەبێت ئێمە بەپێی لۆژیکی سیاسی هەڵس و کەوت بکەین ، واتە لەکوێ هەر چالاکییەک و هەر هەڵوێێستێک لە خزمەت خەڵکی زەحمەت کێش و لە خزمەت عەدالەتی کۆمەڵایەتیدا بێت، ئیتر ئێمە ئەخلاقییەن لەوێ وەک حیزبی شیوعی هەڵوێست و وزەی خۆمانی بۆ بەکار دێنین، ئامانجی ئەوەمان هەیە خزمەت بەخەڵک زیاتر بکەین .
سەبارەت بە هەڵبژادنیش بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکان ، هەڵبەتە خۆتان دەزانن ئێمە لەم ڕۆژانەدا سەبارەت بە دروستکردنی یەک لیست لەگەڵ برادەرانی یەکێتیدا کۆبوینەوەو پاشان ڕێککەوتین ، ئەوەمان بۆ میدیاکان ڕاگەیاند کە لیستیکمان پێکهێناوە ، بێگومان ئامانجمان لە پێکهێنانی ئەم لیستەش هۆیەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە دەمانەوێت لەپرۆسەی سیاسی وەک حیزبی شیوعی کوردستان ڕۆڵێکی پۆزەتیف و چالاکترمان هەبێت ، چونکە ئێمە خۆمان بەحیزبێکی ئینتیخابی دەزانین لەناو پرۆسەی دیموکراتیدا ، بۆ خرمەتکردنی شاری کەرکوک ، هەروەها خۆشتان دەزانن .
ئەمڕۆ بارو دۆخی سیاسی و ئیداری لە کەرکوک چۆنە ،ناکرێت ئێمە لەناو ئەم پرۆسەیە ، واتە لە پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دەورمان نەبێت ، چونکە ئێستا زیاتر لە هەرکاتێک شاری کەرکوک پێویستی بەڕۆڵی سیاسی چالاک و پۆزەتیف هەیە لەلایەن ئێمەو حیزبە کوردییەکانەوە ، بۆ چارەسەکردنی پرسی شاری کەرکوک ، چونکە تائێستاش کێشەی شاری کەرکوک وەک شارێک لە ناو سنوری ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان چارەسەر نەکراوە ، بگرە ئێستا لە هەر کاتێکیتر زیاتر مەترسی تەعریب هەیە لەم شارە ، هەرشە لە دانیشتوانی ئەم شارە ئەکات ، لێرەشەوە ئێمە وەک مەڵبەندی حیزبی شیوعی لەکەرکوک بەپێویستی دەزانین حیزبە کوردییەکان لەشاری کەرکوک بێنە ناو ئەم لیستەوە ، پێکەوە هەموومان بەرگری لە ماف و خەڵکی ئەم شارە بکەین ، لەمەترسی تەعریب بپارێزین ، هەوڵبدەین دەوری مادەی ١٤٠ چالاک بکەینەوە .
+ مڵملانێێ نێوان حیزبە کوردییەکان ئەوەندە توندە، کە نەتوانرێ، ڵیستێکی کوردی پێکبهێنرێت؟
- بەداخەوە بەڵێ پێدەچێت ئەو ململانێیەی لە نێوان حیزبە کوردییەکان هەیە بەتایبەتیش لەنێوان پارتی و یەکێتی ، تا دێت ئاراستەیەکی سلبی دەگرێتە بەر ،بێگومان ئەمەش نە خزمەت بە شاری کەرکوک دەکات نە مەترسی خەلک لەتەعریب دەڕوێنێتەوە ، نەخزمەت بە پرۆسەی سیاسی دەکات لەشاری کەروکوک ، بۆ ئاگاداریتان ئێمە زۆر هەوڵماندا هەمو حزبەکان لە چوار چێوەی یەک لیستدا کۆبوینەوە.
+ بەبڕوای ئێوە پێکنەهێنانی لیستی کوردی یەکگرتوو، کاریگەری وڵاتانی ئیقلیمی لەسەر نەبووە؟
دڵشاد حەساری : لەراستیدا کاریگەری هەبوەو هەیە ، بەڵام بەداخەوە کێشەکە ئەوەیە ململانێی خودی حیزبی کوردی خۆی، ڕێگەی بۆ ئەوە خۆشکردوە .
+ هاوپەیمانیتیەکەی ئێوە لەسەر چ بنەمایەکە،وردەکارییەکەی؟
- لەسەر بنەمای کاری پێکەویی و خاڵی هاوبەش ، کە پەیوەندیان بە چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی پەیوەندیان بە جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ هەیە ، هەروەها هەوڵدان بۆ خزمەتکردنی شاری کەروکوک لەڕوی خزمەت گوزاریێەوە ، جگە لەوەش هەوڵدان بۆ بنەبڕکردن یان کەمکردنەوەی گەندەڵی لە دام دەزگا ئیدارییەکانی ناو شاری کەرکوک .
+ وەک حزبی شیوعی هەوڵتان دا بۆ دروستبوونی هاوپەیمانی کوردی؟
دڵشاد حەساری : ئیمە وەک حیزبی شیوعی هەوڵی زۆرماندا بۆ پێکهینانی هاوپیمانییەکی کوردستانی ، چەندین کۆبونەوەمان لەسەر ئەم مەسەلەیە ئەنجامدا ، ئەمە جگە لەوەی دروستکردنی هاوپەیمانی داوای خەڵکی بێلایەن و دەنگدەری هەمو حیزب و لایەنە سیاسیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بو، بەتایبەتیش خەڵکی کەرکوک . برادەرانی پارتی دیموكراتی كوردستان خۆیان بەڕاشکاوی دەڵێن ئێمە لە هاوپەیمانیەک نابین کە یەکێتی تییدا بیت ، ئەمەش بۆتە هۆکاری فرە لیستی لە شاری کەرکوک ، کە دەبو وانەبێت ، کەئەمەش بۆ کورد باش نییە ، بۆتە هۆکاری فرە لیستی و لاوازی حیزبە کوردییەکان کوردییەکان لە کەرکوک .