دیمەنی نوێی ناوچەکە ، کشانەوەی ئەمریکا و پرسی سەروەریی عێراق لە دۆسێیەکی تایبەت بە ڕاگەیەنراوەکەی حیزبی شیوعیی کوردستان


ڕێگای کوردستان 


دیمەنی سیاسی و ئەمنی ئێستای ناوچەکە بە گشتی و عێراق و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی، بە قۆناغێکی پڕ لە ئاڵنگاری و گۆڕانکاری هەستیاردا تێدەپەڕێت. لە کاتێکدا دۆزی ڕەوای نەتەوەیی لە پارچەکانی تری کوردستان ڕووبەڕووی تەسفیەی مەیدانی و کەمبوونەوەی پشتیوانییە نێودەوڵەتییەکان بووەتەوە، ناوخۆی عێراق و هەرێمیش لەبەردەم مەترسیی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیماناندان. بۆ هەڵسەنگاندنی ئەم دۆخە و تێگەیشتن لە گۆڕانکاریە خێراکانی ناوچەکە مەکتەبی سیاسی حیزبی شیوعیی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژە بە کورتهێنانە ئەمنییەکان، لاوازیی لۆجستیی هێزە فەرمییەکان و دابەشبوونە ناوخۆییەکان، فراوانبوونی دەسەڵاتی گروپە چەکدارەکان و هەژموونی هێزە ئیقلیمییەکان دەكات.
بۆ تێگەیشتنی زیاتر لە وردەكارییەكانی ڕاگەیەنراوی مەکتەبی سیاسی حیزبی شیوعیی کوردستان هاوڕێ ( هیوا محەمەد) ئەندامی سەرکردایەتی حیزبی شیوعیی کوردستان لە دۆسێیەکی تایبەتدا وەڵامی چەند پرسیارێک دەداتەوە. 
* پرسیار: چۆن مامەڵە لەگەڵ پرسی ڕەوای نەتەوەیی لە پارچەکانی تری کوردستاندا بکرێت، لە کاتێکدا دیمەنی ناوچەکە بە تەسفیەی مەیدانی، پەیماننامە نوێیەکان و لاوازبوونی پشتیوانییەکان بۆ بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکان دەور دراوە؟

• وەڵام : سەبارەت بە پرسی كورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستاندا، لە ڕاستیدا گۆڕانکارییە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان لە لایەک، لە لایەکی دیکەیشەوە بەرژەوەندیی نێودەوڵەتی و کاریگەرییەکانی جیهانی سەرمایەداری لە سەر فراوانبوونی هاوپەیمانی، گۆڕانکاری لە هاوسەنگیی هێز و گۆڕانکاری لە نەخشەی سیاسی و حوکمڕانی و تەنانەت بیروباوەڕیش، وەها دەخوازێ هەر پارچەیەک لە پارچەکانی کوردستان، لە ناو خاک و خەڵکی خۆیاندا بڕیاری خۆیان بدەن، بە شێوەیەک ستراتیژی نەتەوەیی لە پێشینەی هەموو کارێک بێت، حیزب و ئایدۆلۆژیای حیزبی شوێنی داواکاری مافی ڕەوای چین و توێژەکان نەگرێتەوە. ئێمە لە حیزبی شیوعی کوردستان بڕوامان وایە قەیرانەکانی جیهانی سەرمایەداری و حوکمڕانی ئاینی و دەوڵەتی چەوسێنەر سەرکەوتوو نابێت، کوردیش وەکو نەتەوەیەکی چەوساوە تاوەکو ئێستا پێویستی بە هەماهەنگیی زیاتر هەیە، واتە دەبێت پشتیوانیی سیاسی نێودەوڵەتیمان بەهێزتر بێت لە ئێستادا. هەمیشە دامەزراندنی ستراتیژی نیشتمانیی چینایەتی بە ڕێگاچارەی ڕاستەقینەی دەربازبوونی کوردستان لە قەیرانەکان دەزانین، لە سەرووی هەموویانەوە زەوتکردنی مافەکانمان وەکو نەتەوەیی چەوساوە، واتە جێگرەی حوکمڕانیی نەتەوەپەرست و ئاینی و مەزهەبی لای ئێمە وەکو حیزبی شیوعیی کوردستان ئەوەیە، کە کورد لە پارچەکانی دیکە بە ڕاستەقینە مافی نەتەوەکانی دیکە فەراهەم بکات، لە بەرامبەر هەر ئەگەرێک لە وڵاتەکانیاندا بڕیار بە هاوبەشیی هێزە پیشکەوتنخوازەکان پێشکەش بکەن. دۆستایەتی و هەماهەنگیی نەتەوەکانی دیکەیش کارێکی سەرکەوتوو دەبێت بۆ ئایندەمان وەکو نەتەوەی کورد، پشتیوانیی تەواوی هێزە كوردستانییە خاوەن دید و ڕوانگەی پێشکەوتنخواز دەبین لە پارچەکانی دیکەی کوردستان، پشتیوانی بە مانای هاوکاری و دەستپێشخەری نەک دەستوەردان لە کاروباریان. لە ڕاستیشدا شەرم لە هیچ یەک لە ئەو دەوڵەتانەش ناکەین کە لە سەر پەیماننامەکان کوردستانی گەورەیان بە سەردا دابەشکراوە، دەبێت ئەوانیش بزانن سەردەم و قۆناغێک تازە هاتووەتە پێش و دانان بە مافی کورد وەکو نەتەوە ڕاستییەکی تەواوە، هەرکاتێکیش پێویست بێت لە سەر برینی کەزیەک شەقاممان جووڵاند دیسان لە رووداوەکاندا بەردەوام دەبین لە پشتیوانییان.
* پرسیار : پاشەکشە و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق ـ لە کاتێکدا هێزە عێراقییەکان لە ڕووی لۆجستی و هەواڵگرییەوە ناتوانن بۆشاییەکان پڕ بکەنەوە ـ تا چەند سەروەریی دەوڵەت لاواز دەکات و دەسەڵاتی گروپە چەکدارە لەیاسادەرچووەکان فراوانتر دەکات؟

• وەڵام : بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە دەبێت وردتر مامەڵەی لەگەڵ بکرێت؛ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی خۆیان بۆ ڕووخانی رژێم هاتنە عێراق، کە هەڵگەڕایەوە لێیان و دژی وەستا، بۆیە پرۆسەکە بە داگیرکاری هات. هیچ داگیرکارییەک ئەرکی پاراستن نییە، بە قەد ئەوەی ئەرکی بەهەدەردان و شێواندنی توانای کۆمەڵایەتی و شپرزەکردنی ئابووری و زیادکردنی دەردی کۆمەڵایەتی مەترسیدارە. کشانەوەی ئەمریکا کاریگەری لە سەر دۆخی ئاسایشی ناوچەکەش دەبێت نەک لە بەر ئەوەی هێزی پاراستنیان زۆر کاریگەری هەبوو بێت، بەڵکو لە بەر ئەوەی بە مێژووی خۆی پاڵپشتیی تیرۆری کردووە لە ناوچەکەدا، لە نموونەی ئەفغانستان کە بۆ دژی کێ دروستیان کرد، لە ئاستی هێز و سوپای عێراقیشدا، بە داخەوە ئەو هێزە تۆکمە راهێنراوە نین تاوەکو ئێستا بۆ بەرنگاربووەنەوەی مەترسییان، لە بەر ئەوەی هێزی دەوڵەت نین، ئەوان هێزی تاکەکەسین و تاکەکەسەکانیش بە ئاماژەی نێودەوڵەتی کار دەکەن، هەر بۆیە لە کاتی هاتنی داعشدا بینرا ناوچەی وەها هەبووە بە دوو ساڵیش کۆنتڕۆڵ نەکرا، بە پێچەوانەوە پارێزگایەک بە چەند کاتژمێرێک کۆنتڕۆڵ کراوە، بە کورتی ئامادەی لە لایەن عێراقەوە نەکراوە بۆ داکۆکی کردن، واتە هێزی عێراقی توانای ئەوەی نییە ئەگەر رووداوی وەکو سەردەمی سەرهەڵدانەوەی داعش دووبارە ببێتەوە، لە بەر ئەوەی هێشتا هێزی طایفگەریی و نەتەوەیی بوونیان هەیە، هێزی پاراستنی خاکی عێراق و سەروەریی عێراق بوونی نییە. ئەم کشانەوەیش بۆ عێراق گەڕانەوەی سەروەری نییە، تەنها مەڕاسیمی ڕادەستکردنی باڵەخانەیە، چونكە سەروەری واتە یەک عێراق و یەک باوەڕ و یەک یاسا و یەک سوپات هەبێت، ئەمەیش لە عێراقدا بوونی نییە، ئەوەندەی چەکدارانی دەرەوەی یاسا ڕۆڵیان کارایە ئەوەندە سوپا کاریگەری نییە، بۆیە عێراق لە رووی یاساییەوە دووبارە دەچێتە چوارچێوەی قەیرانی یاسایی و گرفت بۆی دروست دەبێت. 
* پرسیار: لە سایەی لاوازی و ناچاربوونی حکومەتی هەرێم بە دابەشبوونە ناوخۆییەکان، کشانەوەی یەکجارەکیی هاوپەیمانان و ئەمریکا چ مەترسییەک لەسەر مانەوەی قەوارەی سیاسیی هەرێم دروست دەکات؟

وەڵام : کشانەوەی ئەمریکا شێوەیەکی ڕووکارییە، چونكە هێشتا کاریگەری دیپلۆماسی ماوە، هێشتا ئەوەی سەرچاوەی داهاتی عێراقه و کاریگەری لە سەر ئابووری هەیە لای ئەمریکایە، واتە بڕیارە گرنگەکان هێشتا مۆنۆپۆلی ئەمریکایە. قەوارەی هەرێمی کوردستان لە سایەی سیاسەتی نادروستی پارتی و یەکێتی وەکو دوو هێزی خاوەن کورسی و حوکمڕان لە مەترسیدایە، بۆیە ڕەنگە زۆر پەیوەندی بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکاوە نەبێت، نەحکوومەت ماوە نەپەرلەمان کارایە، لە یەکترترازانیێکی زۆر خراپ هەیە بۆ لایەنی سیاسی، دابەشبوونی گوتاری كوردستانی لە عێراقدا، هەر لە دواى ڕووخانی رژێمەوە ڕۆژ بە ڕۆژ داواکاری کورد و لاپەڕەی سیاسی لاوازتر دەبێت، چەسپاندنی مافەکانمان لە دەستووردا یەکەم هەنگاو بوو، ئێستا بۆ بودجە دەچینە بەغدا، پەرتەوازەی گوتاری كوردستانی لە بەغدا و کۆکردنەوەی هەموو بۆچوونەکان لە لای ئەوانەی کورسیان هەیە لە پەرلەمان، یەکێک لە گەورەترین مەترسییەکانی سەر ئایندەی هەرێمی کوردستانە. عێراق هێشتا باوەڕی بە عێراقێکی فیدراڵی ڕاستەقینە نییە، هێشتا دژایەتی کردنێک بوونی هەیە، ئەو پشتیوانییەی هێزە كوردستانییەکانی وەکو پارتی و یەکێتی بۆ ئەمریکا، لای هێزە شیعە عێراقییەکان و هەندێک جار سوننەکانیش پەسەند نییە، بۆیە دەبێت كوردستان وریایانە مامەڵە بکات، بۆ ئەوەی تووشی قەیرانی ناسنامە و یاسا و ململانێ نەبێت. ئەوەی گرنگە ئەوەیە دۆخی ناوچەکە بە شێوەیەکی گشتی تووشی تێکچوون دەبێت، کوردیش بەشێک دەبێت لەو تێکچوونە و پشکی دەبێت، واتە کشانەوەی ئەمریکا بە تەنها زیانی بۆ كوردستان نابێت، بەڵکو بۆ هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت، چونكە ئەمریکا خۆی دروستی دەکات و ئیدارەی دەدات، بۆ ئەوەی دەستی لە رووی دیپلۆماسییەوە لە ناوچەکەدا بەردەوام بێت. 
* پرسیار: دۆخی گشتی و قەوارەی دەوڵەت لە عێراق دوای کشانەوەی تەواوەتیی هێزەکانی هاوپەیمانان چۆن دەبینرێت، و ئایا نەبوونی چەترێکی نێودەوڵەتی ڕێگە بۆ هێزە ئیقلیمییەکان و میلیشیاکان خۆش دەکات تاوەکو کۆتایی بە هاوسەنگییە لاوازەکەی ئێستای دەسەڵات بهێنن؟

وەڵام : ئاشکرایە لە گەڵ سەرهەڵدانی شەڕی ئەمریکا و ئێراندا، میلیشیاکان پشتیوانیی ئێرانیان دەکرد، بۆیە بۆردومان و درۆنەکان دەچوونە سەر ئەو شوێنانەی کە پشتیوانیی ئەمریکایان دەکرد، ئێستا ڕەنگە باشتر بێت و حکوومەتی عێراقیش بیانووی هەیە بۆ میلیشیاکان، ئەمەیش دەبێتە هۆی ئەوەی کەمتر لە جاران گرفت دروست ببێت. لە ڕاستیشدا ئەو گرووپە ناسراون بۆ حكوومەتی عێراق و سەرکردەکانیان بە هەموو شێوەیەک پشتیوانیی مانەوەی حوکمڕانیی شیعە دەکەن لە ناوچەکەدا، لە حاڵەتی مەترسیدا ئەوان خۆیان پشتیوانیی حوکمەت دەکەن و ریسک ناکەن، بۆیە پێم وایە عێراق زیاتر بە لای ئەوەدا دەچێت کە شیعە وەکو بەهێز لە ناوچەکەدا دەرکەوێت بۆ ئەم قۆناغە. بەڵام بۆ هەرێمی کوردستان جیاوازتر دەبێت، چونكە ئەو هێزەی نییە بۆ بەرەنگاربوونەوە و ڕەتکردنەوەی هەڕەشە سەربازییەکان و دەکەوێتە بەر هێرشی درۆنی و ناتوانێت وەکو جاران کە ئەمریکا بەشێکی دەپاراست بۆمان، تەنانەت ئەگەر بۆ ئەوەیش بێت کە کوردستان بزانیت کە لە ژێر مەترسیدایە هێرشی بۆ دەکرێت، لە ڕاستیشیدا شەڕی ئێران ئەمریکا نەوەستاوە بۆیە مەترسییەکان بوونی هەیە، پێویستی بە هێزێکی نەرمی خۆگونجێنەر دەبێت بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگییەکان و ئیدارەدانی قەیرانەکانی ناوچەکە.


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا