هەڤپیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس

 ئارام خەلیفانی: ئەو شێوازەی خوێندن لە هەرێمی كوردستان بەكاری دەهێنن باشترین شێواز و سیستەمی پەروەردەیە

ئارام خەلیفانی: زۆر نووسەر و پسپۆری بەتوانا و لێهاتوومان هەن كە دەتوانن گەشە بەپەروەردە و فێركردن بدەن

ئارام خەلیفانی: وەرگێڕان و نوسینەكانم هەم بۆ فێربوونی زمانی ئینگلیزیە و هەمیش پەروەردەیە

نووسەری بواری پەروەردە مامۆستا ئارام محەمەد عومەر ئەحمەد ناسراو بە( ئارام خەلیفانی) یەكێكە لەو نووسەرانەی كە لەرێگەی نووسینەكانییەوە خزمەتێكی بەرچاوی پەروەردە و فێركردنی كردوە بەتایبەتی لەبەشی فێربوونی زمانی ئینگلیزی دا.. ئەو دەرچووی بەشی زمانی كوردی فاكەلتی ئادابە لە زانكۆی سۆران تائێستا (10) كتێبی لەسەر پەروەردە و فێربوونی زمانی ئینگلیزی بەچاپ گەیاندووە.لەنزیكەوە بەچەند پرسیارێك بەسەرمان كردەوە:

 *ئەوهۆكارانە چین كەوای لە تۆی كرد رووبكەیتە نووسین و وەرگێران؟

 هەستكردن بە كەم و كووڕی لەبواری پەروەردە و فێركردن و هەژاری لە فەرهەنگی كوردی لەهەمان كات دا هەبوونی بەهرە و توانام لەم بوارەدا كە لای خودای گەورە تاوانبار نەبم لەبەكارنەهێنانی وە سوود گەیاندن بە نیشتیمانەكەم و نەتەوەكەم چونكە هەبوونی بەهرە و توانا لەكەسێك و بەكارنەهێنانی بۆ بەرژەوە ندی گشتی وەك ژەهری مار وایە.

*نووسین و وەرگێرانەكانت زیاتر لە بواری فێركردن وپەروەردەیە هەوڵ نەداوە، لەبوارەكانی تریش بنووسیت؟

وەرگێڕان و نووسینەكانم هەم بۆ فێربوونی زمانی ئینگلیزیە و هەمیش پەروەردەیە و لەهەوڵدام لەبوارەكانیتریش بنووسم بەتایبەتی لە بواری گەشەپێدانی مرۆیی.چونكە مرۆڤی تێگەیشتوو و ڕۆشنبیر ئەوكەسەیە لەهەموو شتێك، شتێك بزانێت لەیەك شتیش هەموو شتێك بزانێت.

 *چۆن دەڕوانیتە نووسەرانی بواری پەروەردەو فێركردن لە كوردستان ئایا لەئاستی پێویست دان؟

ئەوەی راستی بێت، لەهەموو كۆمەلگایەك لایەنی ئەرێنی و نەرێنی هەیە لەو وڵاتەی ئێمەش بەهەمان شێوە زۆر نووسەر و پسپۆری بەتوانا و لێهاتوومان هەن كە دەتوانن گەشە بەپەروەردە و فێركردن بدەن لە وڵات.. بەڵام بەداخەوە لەبەر نەبوونی لیژنەیەكی پاك و لێهاتوو لەوەزارەتی ڕۆشنبیری بۆ لێكۆلینەوە لەدەرچوونی سەرچاوەكە یان نەگونجانی سەرچاوەكە زۆر نووسەرمان هەن دەنوسن خۆیان نازانن چیان نوسیوە (مەرج نیە ئەوەی دەنوسیت دەربڕی ناخی خۆی بێت) بۆیە ئێمە كاتمان دەوێت بۆ ئەوەی بگەینە ئاستی وڵاتانی پێشكەوتوو.

 *شێوازی خوێندن و پەروەردە لە كوردستان گۆرانكاری زۆری بەسەرداهاتووە ،وەكو مامۆستاو نووسەرێك، ئاستی خوێندن لە كوردستان لە ئێستا چۆن دەبینیت؟

ئەو شێوازەی خوێندن لە هەرێمی كوردستان بەكاری دەهێنن باشترین شێواز و سیستەمی پەروەردەیە ،بەڵام بەداخەوە لەبەر نەبوونی دەرفەتی گونجاو و كاتی پێویست تەرخان نەكراوە وەك پێویست جێبەجێ ناكرێت لەئێستادا لە قوتابخانە ئەركی مامۆستا لە قوتابی و بەڕێوەبەر گرانترە و هەبوونی مامۆستای ڕاهێنەر و لیژنەی دەرەكی بەپێویست نازانم بەڵكو سەرپەرشتیاری كارگێری و سەرپەرشتیاری پسپۆری بگەڕێتەوە و خودی سەرپەرشتیاری كارگێری خول لەجیاتی مامۆستای ڕاهێنەر بكاتەوە لە قوتابخانەكە و هەموو سەرپەرشتیاران شارەزاییان هەبێت لە میتۆدەكانی وانەوتنەوە.

 *وەكو مامۆستایەك سیفتەكانی مامۆستای سەركەوتووچین؟

لە یەكێك لە كتێبەكانم كە تایبەتە بەمامۆستای سەركەوتووە بەناوی (100 ئامۆزگاری بۆ مامۆستای سەركەوتوو لە گشت قۆناغەكان دا) لەرێگەی (15) خاڵەوە ئاماژەم بە مامۆستای سەركەوتوو داوە كە بریتین لە:

1-هانی قوتابیەكەت بدە كاتێك كارێكی چاك ئەنجام دەدات، ڕێگای زیاتری بۆ ڕۆشن بكەوە.

2- ڕێزی قوتابییەكەت بگرە، ئەگەر دەتەوێت ڕێزی تۆ بگرێت.

3 -بە گفتوگۆ و دیالۆگ لەگەڵ قوتابی فێربكە، كاتێك پێویستیەكی هەبوو داوا لە تۆ بكات، تۆش بۆی جێبەێ بكە.

4-هاوار بەسەر قوتابیدا مەكە و بەسەریدا هەڵمەشاخە.

5- بە شتێك قوتابی مەترسێنە كە دەسەڵاتت بەسەردا نیە و ناتوانیت جێ بەجێی بكەیت.

6- هەمیشە كاری ئاسان ڕێگای ئاسان و پرسیاری ئاسان ئاڕاستەی قوتابیەكەت بكە، خۆت لە شتی ئاڵۆز و گران بە دوور بگرە.

7- ڕێگا بۆ هاتنە پێشەوەی یەكە یەكەی قوتابیەكان خۆش بكە، هیچ كامێكیان .پشتگوێ مەخە

8-هەمیشە رقت لە كردەوەی ناشرین ببێتەوە نەك كەسەكە خۆی.

9- بە خۆشترین ناو بانگی قوتابییەكەت بكە.

10-لێبوردەییت زۆر بێت و سنورێكی فراوان بۆ قوتابیەكەت دابین بكە، بۆ ئەوەی هەڵەكانی چاك بكاتەوە.

11- هەمیشە وا سەیری قوتابیەكەت بكە كە بە توانا و بەهێزە،بە گومانی خراپ سەیری مەكە .

12- قسەیەك بۆ قوتابیەكەت مەكە كە خۆت بە كردەوە نەت كردبێ، داوای فێربوونی شتێك لە قوتابی مەكە كە خۆت نایزانی.

13-بەردەوام خۆشەویستی و گرنگی پێدانی خۆت بۆ قوتابیان دووبارە بكەوە.

14-هەرگیز پشت لە ئامۆژگاری قوتابیان مەكە، چونكە قوتابی لە ئاو زیاتر پێویستی بە ئامۆژگارییە.

15-بە سەڵاو كردن و ڕووی خۆش یەكەم چركەی ڕووبەڕوو بوونەوەت لەگەڵ قوتابی دەست پێبكە.

 

ناوی كتێپە چاپكراوەكانی نووسەر مامۆستا ئارام محەمەد:

(فەرهەنگی ئایلتس) چوار هەزار وشەی بنچینەیی بۆ فێربوونی زمانی ئینگلیزی و دەرچوون لە تاقیكردنەوەی ئایلتس.

كلیلی سەركەوتنەكانت لە تاقیكردنەوەی ئایلتس.

فەرهەنگی ئارام 3000 وشەی بنچینەیی بۆ فێربوونی زمانی ئینگلیزی.

فێربوونی زمانی ئینگلیزی بەبێ مامۆستا لەماوەی مانگێك دا.

(100) ئامۆژگاری بۆ مامۆستای سەركەوتوو.

. – (100)یاری بۆ فێربوونی زمانی ئینگلیزی

فێربوونی دووگمەكانی كیبۆردی كۆمپیوتەر.

هونەری وەڵام دانەوە.

دەنگەكانی زمانی ئینگلیزی.

فەرهەنگی سەنڕایزی قوتابخانە.

 


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە