لەم چاوپێکەوتنەدا دەنگی شاعیرێکی گەنج دەبیستین کە بە وشەکانی جیهانێکی تازە دروست دەکات ، ئەم شاعیرە گەنجە هەوڵی دۆزینەوەی دەنگی خۆی دەدات، شیعر نە تەنها هونەرە، بەڵکو ئاوێنەیەکی ڕوونە بۆ گیان و بیرکردنەوە، لەم گفتوگۆیەدا دەبینین کە چۆن نەوەیەکی نوێ لە شاعیران بە چاوێکی تازە سەیری ژیان دەکات، چۆن ئازارەکانی خۆی دەگۆڕێت بە هونەر و ، چۆن لە دڵی تەنیاییدا هاوڕێیەتی لەگەڵ وشەکان دەدۆزێتەوە.

سازدانی: هێڤا هێرش

* پرۆفایل:

هەرێم حەسەن لەقەڵادزێ لەدایک بووم، تائێستاش لەقەڵادزێ دەژیم

۳ بەرهەمی شعریم هەیە:

- نیگایەک بۆ ساتەکان، کتێب ۲۰۰٦

- سی دیەکی شیعری بەدەنگی خۆم ۲۰۰۷

- لەگەڵ تۆدو وشەکانم سەما دەکەن، کتێب ۲۰۱٤

- لەچەندان ڤێستیڤاڵی ناوخۆیی و دەرەوە بەشداریم کردووە

- چەندین کۆڕی تایبەت و گشتیم بۆئەنجامدراوە

*چ هۆکارێکی سەرەکی هانیدای بۆ نوسینی شیعر؟

_ ڕاستیەکەی لەسەرەتای منداڵیمەوە بە خوێندنەوەی شیعر و بابەتی منداڵانەوە دەستمپێکرد، لەبیرمە کاتێ تەمەنم ۱۰ ساڵان بو واتا لەپۆلی چواری سەرەتایی بوم بە پارەی ڕۆژانەی خۆم کتێب و گۆڤاری منداڵانم دەکڕی و دەمخوێندەوە و زۆر سودم لێ بینین، ئێستاش بەشێکیانم لای خۆم پاراستوە و بونەتە بەشێک لەئەرشیفی پرشنگداری ژیانم و جێگای شانازی منن. بەگشتی پێش ئەوەی بنوسم هەتا ئێستاش خوێنەرێکی زۆر باشم.

سەرەتای نوسینی شیعرم دەگەرێتەوە بۆ ساڵای ۲۰۰۰ کاتێ عەشق و بەهرەی شیعر و خۆشەویستی سروشت و ئەوینی نیشتمان ئاوێزانی یەکتر بون. ئەوانە وایانکرد بتوانم شیعر بنوسم و خۆم ببینمەوە لەودونیا جوان و پڕ چێژەی شیعردا، وە توانیم عەشق و ژیاندۆستی بکەمە هەوێنی نوسینی شیعرەکانم، وە لەڕێگەی شیعرەوە توانیم دوێنێ و ئێستا و ئایندەش بۆخۆم بکەمە مێژو.

* زیاتر چی هۆکارێک واتلێدەکا شیعر بنوسی، یان چێژ لەچی وەردەگری بۆ نوسینی شیعر؟

_ شیعر لای من شیعر و عشق و نیشتمان سیانییەکی هاوبەند و هاوئاوازن و گرێدراوی ئامانجێکن بۆ نوسینی شیعرێک یان پەی بردن بۆ هەستی شیعرێک، لەهەمان کاتیشدا خۆم لەنێو ڕەگ و ڕیشەی دونیای جوانیەکانی عەشق و نیشتمان گونجاندوە و تێکەڵاوی بیر و ئاوەز و هزرم بوە و هەموو ئەوانەش لای من دەتوانن شیعر وێنابکەن.

جگە لەوەش شیعر هەناسەکانی عەشق و نیشتمان دەدۆزێتەوە و لەو دونیا جەنجاڵ و بێ ئۆقرەدا مەستی ئەوین بەرپادەکا، بۆیە شیعر ڕێکردنە بە ناو دونیا جوان و پڕ موحیبەتەکەی عەشقدا، شیعر ئەو دونیا جوان و ئارامهێنەیە کە لەتوانایدا هەیە ئاوازی خۆشەویستی بژەنێ و جوانترین ڕیتمی سەمفۆنیایی لێ دروست بکات، بۆیە عەشق و نیشتمان فێرمان دەکا ئێمە لەکوێی ژیان ڕێدەکەین و چۆن دەتوانین خۆمان و ئەوانی دی بدۆزینەوە و بیانخوێنینەوە و بیاننوسینەوە.

* یەکەم شیعرت چی بو و چۆن هەستتکرد بڵاو بۆتەوە؟

_  ئەوەی لەخەیاڵمبێ یەکەم شیعرم ساڵی ۲۰۰۲ لە ڕۆژنامەی (نۆژەن) بڵاوبۆوە کەمانگانە دەردەچو، بیرمە لەو کاتەوەی شیعرەکەم نارد تا کۆتایی مانگ هەر چاوەڕێ بوم تا بڵاوکرایەوە.

ئەو ڕۆژەی ڕۆژنامەکەم وەرگرت و تێدا بڵاوکرابۆوە تا ئێوار هەرناسیاوێکم دەبینی کە سەروکاری لەگەڵ نوسین و شیعردا هەبوبێ نیشانمدەدا، ڕاستیەکەی هەستێکی زۆر خۆش و چێژبەخش بو، لەهەمان کاتیشدا وزە و سەرەتایەکی زۆر گرنگ بو بۆمن.

* کاریگەی کام شاعیر و نوسەرت لەسەر هەبوە لە شێواز و نوسین شیعرەکانت؟

_ وەک باسم کرد سەرەتا بە خوێندنەوە دەستمپێکردووە و خوێنەرێکی زۆر باش بوم بە تایبەت شیعر، زۆرێک لە بەرهەمی شاعیرانم خوێندۆتەوە و بەردەوامیش دەخوێنمەوە، بەڵام وەک کاریگەری هیچ شاعیرێک ڕاستەوخۆ کاریگەری بەسەرمەوە نەبوە تا ببێتە هۆی نوسینی شیعرەکانم.

* وەک شاعیر پەیامی تۆ چیە بۆ خوێنەرەکانت؟

_ هیوادارم توانیبم لەڕێگەی شیعرەوە پەیامی ئاشتی و ئەوینداری و دڵسۆزی نیشتمانمان گەیاندبێ بە خوێنەر.

بتوانین لەئایندەدا زیاتر شیعر وەک پەیامی ڕوبەڕوبونەوەی دوژمنانی نیشتمان و کوردستان بەکاربێنین، هەر لەڕێگەی شیعرەوە خزمەتی کاروانی نەبڕاوەی ئەدەبی کوردی بکەین.

* دوا شیعر کە بۆ ڕۆژئاوا نوسیوتە و تۆمارت کردووە باسیبکە؟

- بەداخەوە ئێمەی کورد لەلایەن چەند دەوڵەتێکی دونیا و دراوسێ ڕوبەڕوی هێرشی ناڕەوا و لەسەر خاکی خۆمان توشی شەڕ و داگیرکاری بە ناحەق بوینەوە، وەک ئەرکێکی نەتەوەيی و نیشتمانی شیعرێکم بۆ بەرخۆدانی ڕۆژئاوا نوسیوە و بەسوپاسەوە لەستۆدیۆی موزیکی قەڵادزێ لەلایەن برای هونەرمەند خالید بابەکر-ەوە بەدەنگی خۆم تۆرمارکراوە و کاری دەنگ و موزیکی بۆ کراوە و بڵاوکراوەتەوە بە ناوی " کەزی"، هیوادارم توانیبم بەنەفەسێکی کوردانەی دلێرەوە نوسیبم بۆ ئەو هەموو زوڵم و ستەم و داگیرکاریەی ڕوبەڕوی شەڕڤانانی کورد بۆتەوە.


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا