بێكاری بووەتە هۆی كۆچكردنی سەدان گەنجی دەربەندیخان

هاوڕێ كرێكار ـ ئالان ئاشتی

هاوكار قادر چالاكوان و یەكێك لە سەرپەرشتیارانی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكانی دەربەندیخان، باس لە كێشە و كەمی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان لەو شارچكەیە دەكات و ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە دەربەندیخان بەدەست چەندین كێشەی جیاوازەوە دەناڵێنێت و بەرپرسانیش جگە لە بەڵێن، تائێستا نەیانتوانیوە كێشەكان چارەسەر بكەن. هاوكار سەبارەت بە كێشەكانی ئاو و كارەبا دەدوێت و دەڵێت لەكاتێكدا دەربەندیخان خاوەنی وێستگەیەكی كارۆ ئاوییە، كەچی كەمترین كارەبای هەیە و سەرەڕای گرفتی كەمی ئاو، كوالیتییەكەشی زۆر خراپە و بۆ خواردنەوە ناشێت. رونیشیدەكاتەوە كە چۆن بێكاری بووەتە هۆی كۆچكردنی سەدان گەنج بۆ وڵاتانی دەرەوە.

ڕێگای كوردستان : كێشە و گرفتەكانی دەربەندیخان چین ؟

هاوكار قادر: ئەم شارە بەدەست گرفتگەلێگەوە دەناڵێنێت و بەهۆیەوە ڕووبەڕووی مەترسی بووەتەوە، لەوانەش گرفتی پیسی ئاو، چونكە سەرچاوەی ئاوی شارەكە بەنداوی دەربەندیخانە و بەنداوەكەش بەچەندین ماددەی كیمیاوی پیسبووه، ئەمەش وایكردووە لایەنی پەیوەندیدار لەساڵانی ڕابردوودا داوای جاڕدانی‌ پیسبوونی ئاوەكە بدەن چونكە مەترسی هەیە بۆ سەر ژیانی هاووڵاتییان. ئێمە لەدەربەندیخان خاوەنی دوو بەنداوین ئەوانیش (بەنداوی دێوانە، دەربەندخان) بەنداوی دێوانە بەهۆی رژانی ئاوەڕۆ ناتوانین بەكاریبهێنین، ئاوی بەنداوی دەربەنخان بەكارئەهێنین، كێشەكەش لیرەدایە كە ئاوەكە دەبێتە هۆی نەخۆشكەوتنمان و ئاسەواری مەترسیدار لەسەر جستەمان جێدەهێڵێت.

 گرفتێكی تر شارەكە كە بەداخەوە ساڵانە قوربانییەكی زۆری لێدەكەوێتەوە، گرفتی ڕێگای دەربەندیخان سلێمانییە، كە بەهۆی مەترسییەكەیەوە ناو نراوە ڕێگای مەرگ، ئەمەش بەهۆی قەرەباڵغی ڕێگاكە و زۆری تەنكەری نەوت و یەك سایدی ڕێگاكەوە، كە ساڵانە زۆرترین كارەساتی دڵتەزێن تیایدا ڕوودەدات. گرفتێكی تری شار گرفتی تەندروستییە، جیا لەنەبوونی زۆر لە پپسپۆڕییەكان، نەبوونی فەحسی خوێنی هاوسەرگیری و شوشتنەوەی گورچیلە و هۆڵی نەشتەرگەری و ماڵی مانەوەی دكتۆرەكانیش بەهۆی بوومەلەرزەوە زیانیان پێگەشتووە.

ڕێگای كوردستان : تاچەند كێشە و گرفتی نەخۆشخانە هەیە؟

هاوكار قادر: بەڵی دوای ئەوەی چەند ساڵیك پێش ئێستا بوومەلەزە لەشارەكە بە گوڕی ٧،٣ روویدا، ئەمە وایكرد هەندیك لە بینا و موڵكوماڵی حكومی و هاووڵاتییان زیانیان بەركەوێت، ئێمە لەوكاتەوە تاوەكو ئێستا كە یەكێك لە نەخۆشخانەكانمان بەتەواوی روخا، یەكێكی تر لە نەخۆشخانەكانمان كە (نەخۆشخانەی هەوارەبەرزەیە) ئەم نەخۆشخانە هۆڵی نەشتەگەرێكەی هەر بەتەواوی  نەماوە. هەلبەتە ئەمە وایكردووە كە نەشتەرگەری لە دەربەندیخان ئەنجانەدرێ، هەروەها نەبوونی پزیشكی پسپۆر یەكیكە لە گرفتەكانی تر چونكە ماڵی مانەوەی پزیشك نەماوە و ئامێرەكانی نەخۆشخانەكە لە ئیستادا ئیشی پێناكرێ رەنگە لە ئایندەدا بە كەڵكی كاركردن نەیەت.

ڕێگای كوردستان: دەوترێت ئاوی دەربەندیخان لەهەموو كێشەكان زیاتر گرفت و مەترسی دروستكردووە؟

هاوكار قادر: یەكێك لەو گرفتانەی هەمانبوو گرفتی ئاوە، كە حكومەتی هەرێمی كوردستان و لایەنی پەیوەندیدار بەم كێشانە دەزانن. دانیشتووانی شاری دەربەندیخان بەدەست خراپی كوالێتی ئاوی خواردنەوەوە دەناڵێنن لەگەل ئەمشدا گرفتی كەمی ئاومان هەیە،  بەهۆی ئەوەی ماددەیەكی زۆر لە ئاوەكەیدا هەیە، مەترسی لەسەر ژیانمان دروستكردووە چونكە ئاوی بەنداوی دەربەندیخان راستەوخۆ بەكارئەهێنن. هەمیشە داوامانكردووە ئەو مەترسییانە كە لەسەر ژیانمان هەیە چارەسەر بكرێن، لەماوەی رابردوودا چەندین جار بۆ ئەم مەبەستە هەوڵمانداوە، بەلام تا ئێستا وەكو خۆی ماوە، چونكە بەراستی خواست نییە بۆ چارەسەركردنی، تاوەكو ئیستا دوو كۆمپانیا هاتوون، ئەوانیش كۆمپانیای (فلترئیشن بریتانی، ئۆیتاری توركی) هەڵبەتە لە ٢٠٠٨ وە ئەم كێشە بەردەوامی هەیە.

ڕێگای كوردستان : جگە لەو كێشانەی تیشكتان خستەسەر، گرفتی دیكە  لەدەربەندیخان هەیە؟

هاوكار قادر: بەڵێ دەربەندیخان لەكاتێكدا خاوەنی وێستگەیەكی كارۆ ئاوییە، كەچی كەمترین كارەبای هەیە، ئەوە لەكاتێكدا دەربەندیخان شارێكی گەشتیارییە، كەچی كارگەكانی بەردهاڕین لە ناو شارەكەدان و ڕۆژانە تەپوتۆز دەكەن بەسەر هاووڵاتییاندا و زۆر لە خزمەتگوزارییە گشتییەكان هەڵوەشاونەتەوە و سیمای هەندێك لە پارك و باخچە و ڕێگا و بانەكان خەریكە بگەڕێنەوە ئەسڵی خۆی.

یەكێكی تر كە مەترسییە بۆ سەر شارەكە هاتوچۆی بارهەڵگرەكانە كە ماددە سوتێنەرەكانی وەك نەوت و نەفتاو و گازیان هەڵگرتووە بەناوەڕاستی شارەكەدا هاتوچۆ دەكەن و هەندێك جار تەنكەرەكان گڕدەگرن و دووكەڵ و ئەو ماددانەی هەڵیانگرتووە دەڕژێنە سەر زەوی و دووكەڵەكەیان دەچنە ئاسمانی شارەكە..

ڕێگای كوردستان: كێشەو گرفتەكانی ڕێگاوبان لەچ ئاستێكدایە؟ 

هاوكار قادر: كێشەی خراپی رێگاوبان یەكیك لەو كێشانەیە بە دەستیەوە دەناڵێنین و ساڵانە قوربانی زۆری بۆ ئەدەین و لە ماوەی رابروودا لایەنی پەیوەندیدار و حكومەتی خۆجییمان ئاگاداركردۆتەوە، كە بەبەرچاوی خۆتانەوە ئەم گرفتانە روودەدەن و قوربانی زۆری هەیە تكایە كێشەكانمان چارەسەربكەن بەلام، تاوەكو ئیستا چارسەرنەكراوە لەم رێگادا نەك تەنها دانیشتووانی شاری دەربەندیخان، بەڵكو تەواوی هەریمی كوردستان ئەوەی ئەم رێگایە بەكارئەهێنێ زۆر جار ئەبێتە قوربانی. ئیمە ئامارمان لەبەردەستدایە كە مەترسیدارن بەداخەوە تا ئێستا بەردەوامی هەیە.

ڕێگای كوردستان: ئاستی بێكاری و كۆچی لاوان چۆنە ؟

هاوكار قادر: بێكاری وایكردووە كۆچی گەنجان لەشارەكە بۆ دەروەی وڵات و خێرانەكان بۆ دەروەی شارەكە بەڕێژەیەكی بەرز بوونی هەبێت. ئەوە لەكاتێكدا چەندین جار پێشنیاز بۆ چارەسەری ئەو گرفتە خراونەتەڕوو ئەویش بەگرنگیدان بە بواری گەشتیاری لەشارەكەدا و كارئاسانی بۆ ئەو كەسانەی دەیانەوێت لەبورای گەشتیاریدا كاربكەن. هەموو ئەوكێشانە وایانكردووە هەمیشە دەنگی ناڕەزایی لەخۆپیشاندان و ڕێپێوان و گردبوونەوە و سەردانی لایەنی پەیوەندداری لێ بكەوێتەوە، سەرەڕای بەڵێنگەلێكی زۆر، كەچی لەبەر نەبوونی خواست بۆ چارەسەری لەلایەن حكومەت و كاربەدەستان، كێشەكانی شارەكە بەردەوامیان هەیە و بەو هۆیەشەوە مەترسییەكان هەتا دێت زیاتر دەبن..

ڕێگای كوردستان : دۆخی ژینگەی شارەكە لە چ ئاستێكدایە؟

هاوكار قادر : یەكیك لەو گرفتانە كە بوونی هەیە لە شاری دەربەندیخان بەداخەوە كارگەكانی بەردهارین لەناو شارەكەدا هەیە تێكەڵ بە گەرەك و ژیانی دانیشتووانی شارەكە بووە، بوونی كارگەكان بەهۆی هارینی بەردەكانەوە تەپوتۆز دەكەنە سەر شارەكە ئەمە یەكیكە لەو داواكارییانەی كە ئیمە بە ئاستەنگمان داناوە و بەهۆكاری پیسبوونی ژینگەی شارەكەمان زانیوە و تاوەكو ئیستا داوامانكردووە چارسەرێكمان بۆ بدۆزنەوە بەلام هەم دیسان بەدەم داواكارێكانماوە نەهاتن. لەگەل ئەوەی بوونی ئەم هەموو بارهەڵگرە كە رۆژانە بەبەرچاومانەوە نەوت دەبەن، تاوەكو ئیستا ئەم گرفتە بوونی هەیە و لەگەڵیا ئەم داهاتەی كە نەوتەكەی هەیەتی دەچیتە گیرفانی كۆمەڵانیكەوە و تا ئیستا نەتوانراوە كیشەكانی شارەكە چارەسەربكرێت، هەوەها بارهەڵگر بە ناوەراستی شارەكە هاتووچۆ دەكەن دیسانەوە دەبیتە هۆی پیسبوونی ژینگە. چەندێجار بەداخەوە بارهەڵگرەكان لە ئەنجامی وەرگەڕان و سووتان و رووداوی هاتووچۆ گڕدەگرن ئەم دووكەڵە جارێكی تر دێتەوە بەسەر دانیشتووانی شارەكە لەگەلیا كە نەوتەكە دەڕژێ دەكەویتە ناو بەنداوەكەوە، كە دەكەوێتە ناو بەنداوەكەوە دەتوانم بڵیم لە داهاتوودا دەبیتە مەترسی بۆ سەر دانیشتووانی شارەكە.

ڕێگای كوردستان: ڕۆڵی حزبی شیوعی لە دەربەندیخان و چالاكی و ناڕەزایەتییەكان لە چ ئاستێكدایە؟

هاوكار قادر: دەنگی ناڕەزایی بەهەمیشەیی لە دەربەندیخان بوونی هەبووە و زۆرینەی خەڵك بەلایەنگری دەسەڵات و تەواوی حزبەكانی تر یەكدەنگ و یەكهەڵوێست بوون بۆ داواكاری شارەكە و چارەسەری گرفتەكان. كادیر و ئەندامانی حزبی شیوعی كوردستان دەنگێكی بوێر و دلێری ناڕەزایەتییەكان بوون بەهەمیشەیی و لەچوارچێوەی ئەرك و تێكۆشانماندا له ڕیزی ئەو ناڕەزایەتییانەدا بووین كە ئەنجامدراوە، خۆشبەختانەش جگە لەچارەسەری گرفتەكان هیچ مەبەستێكی تریان نەبووە. بەڵێ دەشبێت ئەندامان و كادیرانی حزبی شیوعی كار لەسەر گرفتەكانی ژیانی هاووڵاتییان و شارەكانی خۆیان بكەن، كە كاربەدەستانی حكومی بەبیانووی قەیران چەند ساڵێكه ئەو گرفتانەی پشتگوێخستووە، كەچی چەندین گیرفانی مەترسیدار سەریانهەڵداوە لەپاڵ بیانووی قەیراندا ڕۆژ بەڕۆژ زیاتر هەڵدەترۆقێن.


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە