كچە هونەرمەند هاوژین موحسین دانیشتووی شاری هەولێرە، هەفتەی رابردوو یەكەم پیشانگای تایبەتی خۆی لە شاری هەولێر كردەوە ، كە بەشێوازێكی مۆدێرن كارەكانی ئەنجام دابوو، رێگای كوردستان بە پێویستی زانی دیدارێكی كورتی لەگەڵ سازبكات و چەند پرسیارێكی ئاراستە بكات.
دیمانە/ رێگای كوردستان
-لە كەیەوە كاری هونەری دەكەی؟
من هەر لە منداڵییەوە خولیای رەنگو فلچە بوومەو بەڵام بەشێوەیەكی گشتی لە ساڵی 2012 ەوە بە چڕی خەریكی كاری هونەریم.
-بۆ یەكەم پیشانگای تایبەتیت پۆرترێتی شۆڕشگێرەكان بوو؟
+بە ئەركی سەرشانی خۆمم زانی وەك وەفایەك بۆ تیكۆشانی ئەو شۆڕشگێڕانە بیری گەنجی كورد بێنمەوەو خەباتو تێكۆشانی ئەوان بەرز بنر خێنین.
-دەتویست لەو پیشانگایە چی بە بینەر بڵێی؟
+دەمویست بە بینەر بڵێم بە هەوڵ و قوربانی دانی ئەو شۆڕشگێرانە گەیشتوین بەو ئازادیەی ئێستا لەكوردستان هەیە.
-مەرجە ئەوەی كاری هونەری بكات پێویستە دەرچووی بەشێكی ئەكادیمی بێت؟
+ نەخێر مەرج نیە، هونەر بەهرەو خولیایە، دەكرێت هەر خوێندەواریشت نەبێت، بەڵام هونەرمەندێكی سەركەوتووبیت.
-بۆ هەر تابلۆیەك چەند كاتت پێویست بوو بۆ تەواوكردنی؟
+بۆ دروستكردنی هەر تابلۆیەك نزیكەی یەك هەفتە بەو كارە خەریك بوومە.
-پلانی داهاتووت چییە؟
+ پلانی داهاتووم دروستكردنی تابلۆی هونەرمەندو شاعیرانی كورد دەبێت بەو شێوازە نوێیەی كە پێشتر كارم لەسەركردووەو بە هەندێك دەستكارییەوە.