زۆر دڵخۆشم كە منداڵێك لە ماڵەكەمدا رەنگ و فڵچەكانی هەڵدەپچڕێ و تابلۆیەك دەنەخشێنێت

دیمانە/دهۆك بەڕۆژی - چۆمان

"هەوارگە كەریم رەشید ساڵی 1987 لەناوچەی گەرمیان هاتۆتە ژیان، ساڵی 1991 بەهۆی رەفتارەكانی بەعسەوە خێزانەكەی ئاوارەی هەولێر دەبن. هەوارگە هەر لە هەولیر دەچێتە بەر خوێندن و دواتر دەبێتە خاوەنی بڕوانامەی دیبلۆم لەپەیمانگەی هونەرەجوانەكان بەشی مۆسیقا. دوای بەدەستهێنانی بڕوانامەكەی هەر لە هەولێر لەیەكێك لە قوتابخانە ناحكومییەكاندا دەستی بە چالاكی كردووە. ساڵی 2013 وەك مامۆستا لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی چۆمان دەستبەكاربووە.

مامۆستا هەوارگە بە كۆمەڵێك بەهرە و توانای زۆر تایبەت دەستی داوەتە خزمەتكردنی منداڵان، لەم دیمانە كورتەدا لەگەڵ ڕێگای كوردستان، هەوارگە باس لەوە دەكات كە زۆر دڵخۆشە منداڵێك لەسەر دەستی ئەو  و لەناو ماڵەكەیدا رەنگ و فڵچەكانی هەڵدەپچڕێ، شەوێك تابلۆكەی نیوە دەكات و شەوێكی دیكەش دێتەوە بۆ تەواوكردنی چیرۆكی تابلۆكەی.

ڕێگای كوردستان: مۆسیقا و نیگاركێشی چۆن وەك دووبەشی هونەر بەیەكەوە دەبەستیتەوە؟  

هەوارگە كەریم: وێنە و راگەیاندن، موزیك و ژینگەپارێزی، هەموویانم خۆشدەوێ و هەوڵدەدەم بەهۆیانەوە خزمەتبكەم و خولیای زۆربەی ئەو  بوارانەم و ناتوانم یەكیان لەوانی تر جیا بكەمەوە، هەمووان گرێدراوی یەكن، ژینگە و سروشت پێكەوە تابلۆیەكن و مۆسیقاش لەناو بنەماڵەكەمدا بۆتە بەشێك لە هونەر و حەزی منداڵیم، لەگەل ئەوەش ئارەزووی گەشت و چوونە شاخ بەشێكە لە ژیانم، واتە هەمووان منیان دروستكرد و بەبێ هەریەك لەمانە من هەست بە لەنگی دەكەم.

ڕێگای كوردستان: پەیامت چییە بۆ  ئافرەتی  كورد كە خاوەنی بەهرەیە؟

 هەوارگە كەریم: ئافرەتی كورد هیچ جیاواز نییە لە ئافرەتانی دونیا و بگرە بەتواناتر و بیر جوانترە، نموونەی ئافرەتی نیگاركێشی جوانمان هەیە توانیویانە تابلۆكانیان پڕ بكەن لە چیرۆك و دیاردەی سەردەمییانە، بەتابیەتی لەرێگەی تابلۆوە چیرۆكەكانی خۆیان بگێڕنەوە.

ڕێگای كوردستان: ئایا زیاتر گۆی لە چ مۆسیقایەك دەگریت؟

هەوارگە كەریم: رۆژانە گوێ لە هەموو ئەم میوزیكژەنە كوردانە ئەگرم كە رەسانەیەتی موزیكی كوردیان پاراستووە بێ جیاوازی.

ڕێگای كوردستان: بۆچی ماڵەكەت كردۆتە قوتابخانە؟

 هەوارگە كەریم: چونكە منداڵانی ناوچەكە حەزیان لە فێربوونی هونەری وێنەكیشانە، منیش لەبەر نەبوونی شوێن و كاتی گونجاوی قوتابی یا ئەو منداڵانەی حەزیان لە وێنەكێشان كردووە لە ماڵی خۆم شەوانە لە 7ـی ئێوارە تا 10ـی شەو كۆمەڵە قوتابییەكەم هەبووە و خولی فێربوونم بۆ رەخساندوون، پاشان سەرجەم كارەكانم بۆ كردوونەتە پێشانگە و دڵخۆشم كە منداڵێك لەسەر دەستی من لە ماڵی من رەنگ و فڵچەكانی هەڵدەپچڕی و تابلۆكەی بەنیوە دەكا و شەوێكی تر لە هەمان كات دەگەڕێتەوە بۆ تەواو كردنی. من چێژ لە خزمەتكردن و پەروەردەكردنی قوتابییەكانم دەبینم. گرنگ نییە بەلامەوە دوای دەوامیش كاربكەم بۆ قوتابییەكانم و خەون و ئاواتەجوانەكانیان بهێنمەدی.

ڕێگای كوردستان: سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە و هیوای كاری جوانتر و بەردەوامبوونت بۆ دەخوازین.

 زۆر سوپاس بۆ رۆژنامەی ڕێگای كوردستان كە منتان بەسەركردەوە. ئەم بەسەركردنەوانە، ڕێزگرتنە لە هەوڵ و ماندوبوونمان و هاندانێكیشە بۆ درێژەدان بەكارەكامان. دەستتان خۆشبێت.


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا