"خوێن بەخشین بەکارێکی ئینسانی و پیرۆز دەبینم"
هەژار ئیبراهیم/ سۆران
حسین یونس یوسف ناسراو بە (کاکە)، لە ساڵی ١٩٩٠ لە گوندی (جنێراوە)ی سەر بە قەزای ڕواندز لە دایکبووە . خێزاندارە و خاوەنی دوو منداڵە بەناوەکانی (وارین و یاد) ناوبراو شوفێری بارەگای مەڵبەندی سۆرانی حزبی شیوعی کوردستانە و یەکێکە لە خوێنبەخشە ناسراوەکانی دەڤەرەکە.
حسین یونس باس لەوە دەكات كە لەساڵی ( ٢٠١٢)دا یەکەم جار لەگەڵ هاوڕێیانی لە هەڵمەتێکی خوێنبەخشیندا، کە بۆ یادی 14ی شوبات ڕۆژی شەهیدی شیوعی ڕێکخرابوو بەشدار دەبێت و لەو ساڵەوە بە بەردەوای خوێی بەخشیوە "تا لەساڵی (٢٠١٧)دا بوومە ئەندامی رێکخراوی (بەخشینی خوێن و ژیان) لەلایەن کاک (هونەر عبدالواحد)، کە سەرۆکی رێکخراوی (بەخشینی خوێن و ژیان)ە کە بەسوپاسەوە ڕۆڵێکی باش و گرنگی لەم بوارەدا هەیە". گوتیشی تا ئێستا لە زۆر نەخۆشخانەدا خوێنم بەخشیوە، خوێنەکەشم لە گرووپی (– O)ە، کە ئەم جۆری خوێنە کەم و دەگمەنە، لە هەر شار و شوێنێک پێویستیان بەمن بێت لەسەرئەرکی خۆم و بە ئۆتۆمبێلی خۆم سەردانی شوێنەكە دەكەم، بەوپێییەی كە هەڵگرانی جۆری خوێنەکەم ڕێژەییكان کەمە و دەزانم کە ئەگەر زوو فریانەکەوین ژیانی نەخۆش دەکەوێتە مەترسییەوە. دەشڵێت مەبەستم لەو کارە ئەوەیە کە بتوانم بەیەک دڵۆپ خوێن ژیان بۆ چەند کەسێک بگەڕێنمەوە، ئەمەش هەستێکی زۆر ناوازەیە. "من زۆر سوپاسی خانەوادەکەم و هاوڕێکانم دەکەم کە هەمووکات پاڵنەربوونە بۆ ئەو کارە مرۆڤایەتییە. هیوادارم کە هەرکەسێک لەتوانایدابێت خوێن ببەخشێت، بەدڵۆپێک خوێنیش بێت دەتوانێ ژیان بۆ کەسێک بگەڕێنێتەوە". كاكە باس لەوەش دەكات كە زۆرجار کە تەلەفۆنم بۆ دەکەن تا بەهانای نەخۆشەوە بچم، هەرگیز لەتەمەن و ڕەگەز و نەتەوە و بیڕوڕای سیاسی ناپرسم، بۆ من جیاوازی نییە گرنگ ژیانی نەخۆشێک ڕزگاربکەم. جاری وا هەبووە لەدرەنگانی شەودا تێلم بۆ کراوە و لەخەو هەڵساوم بەدەم نەخۆشەوە چووم، زۆرجاریش لەلایەن کەسی نزیکی نەخۆشەوە ویستوویانە پاداشتم بکەن، بەڵام قبوڵم نەکردووە، چونکە من چێژ لەو بەخشینە دەبینم و نامەوێت سەودا بەو کارە پیرۆز و ئینسانییەوە بکەم.