
هونەرمەند شاهین نەجمەدین: دەبێ رەخنە بەشێك بیت لەپێشكەوتنی بەرهەمە شانۆییەكان
هەڤپەیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس
هونەرمەند (شاهین نەجمەدین)یەكێكە لە شانۆكارانی كوردستان خاوەن ئەزموونێكی دەوڵەمەندە لەوبوارەدا،ئەو لە ساڵی 1963 لەهەولێر لەگەڕەكی تەعجیل لەدایكبووە ،ساڵی 1985-1986 پەیمانگای هونەرە جوانەكانی سلێمانی بەپلەی زۆرباشە تەواو كرددوە ،ساڵی 1978 بۆیەكەمجار هاتۆتە سەر تەختەی شانۆ.. تاوەكو ئێستا لەهەولێرو لەسلێمانی وەك نواندن بەشداری لە 76 شانۆگەری كردووە ، بەشداری لە 7 كورتە فیلمی سینەماییو فیلمی درێژ كردووە، دەیان شانۆی بوكۆڵەی بۆ منداڵان دەرهێناوە كە زۆربەیان لەنووسینی خۆیەتی، چەند شانۆگەریەكی منداڵانی دەرهێناوەو كاری نواندنی تیاكردووە، دەیان خولی بۆ شانۆی بوكۆڵە لەرێكخراوی یونیسێف ورێكخراوی منداڵپارێزانی بەریتانی، لەوڵاتی لوبنان و توركیا خولی كاركردنی لەتەلەفزیۆن بینیوە، لەساڵی 2005 لەوڵاتی ئەردەن بۆ ماوەی شەش مانگ خولی ئەنیمەیشنی بینیوە خاوەنی چەندین دەقی شانۆیی منداڵانە خاوەنی دەیان سوپاسنامەو خەڵاتی رێزلێنانیێنە.
بەباشمان زانی بە چەند پرسیارێك لە نزیكەوە بەسەری بكەینەوە.
*سەرەتا بابزانین شاهین نەجمەدین چۆن ئاشنای هونەری شانۆی بوو؟
- كەمنداڵبووم لەكۆڵانەكەی ئێمە تەنها ماڵێك تەلەفزیۆنێكی گەورەی رەشو سپیان هەبوو زۆربەی شەوان ماڵەدراوسێكان تادرەنگانی شەو دەچوونە سەیری تەلەفزیۆن، كەیەكەمجار لەتەلەفزیۆن مرۆڤم دیت زۆرم لاسەیر بوو.. ئیتر هەر پرسیارم لەخاوەن ماڵەكە دەكرد ئەویش وەڵامی دەدامەوە.. دەمگوت ئەوانە چۆن چوونەتە ناو ئەوسەندوقە بچووكە كەی دەردێن؟ توخوا ئەگەر هاتنە دەرێ حەز دەكەم بیانبینم.. زۆر بەوردی سەیری دیمەنەكانم دەكرد هەستانو دانیشتنو هەڵسوكەوتو جوڵانەوەیان ئیتر ئەوحەزە تا پۆلی دووی ناوەندی ئەوكاتە هەر لەگەڵم مایەوە. من زیاتر حەزم لەسینەما دەكرد وەك لەشانۆ.. ئەوەبوو ساڵی 1978 لەقوتابخانەی ناوەندی قەندیل مامۆستا (حەمەكەریم هەورامی و مامۆستا یاسین مستەفاو وەلید مەعروف جارۆو صباح عبدالرحمن) وەك ئەكتەر هەڵیانبژاردم لەشانۆگەریەك بەناوی (پەیامێكی نوێ) لەچالاكی قوتابخانەكان.. دوای ئەوەی سێی ناوەندیم تەواو كرد چوومە بەغدا بۆئەوەی لەپەیمانگای هونەرە جوانەكان بەشی سینەما بخوێنم.. بەڵام وەریان نەگرتم.. گوتیان لەسلێمانی پەیمانگای هونەرە جوانەكان كراوەتەوە بڕۆ لەوێ بخوێنە.. ئەوەبوو چوومە سلێمانی لەوێ لەبەشی شانۆ وەرگیرام بەداخەوە بەشی سینەما نەبوو.. ئیتر بەو شێوەیە هاتمە بواری شانۆو دەستم بەكاری شانۆیی كرد.
*باشە لە ئێستادا شانۆی لە كوردستان چۆن دەبینیت؟
- شانۆ ئێستا لەكوردستان وا بەرەو نەمانو فەنا دەچێ.. كێشەی تازەو ئاستەنگی زۆری بۆ پەیدابووە.. لەسەرووی هەمویانەوە نەبوونی بودجەیە، نەبوونی هۆڵێكی ستانداردی شانۆ نەماوە نمایشی تێدا بكرێ، لەلایەكیترەوە خودی هەندێ شانۆكار ئاستی رۆشنبیریو ئەو توانایەی نیە وەكو جاران بەگوڕو تینەوە بەردەوام پەرە بەپێشوەچوونی خۆی بداتو لەكاروانەكە دانەبڕێ. نەبوونی دەقی باشی كوردیو نەبوونی ئامێری هونەری تەكنیكی شانۆو یەكنەبوونی شانۆكاران چونكە زۆربەیان دابەشی سەر حیزبەكان بوونو حیزبایەتیان تێكەڵی شانۆ كردووە، بەداخەوە نەدەبوو هونەرمەند بەحیزبی بكرێ.. چونكە پەیامی شانۆ پەیامی مرۆڤایەتیە.. ئەمەو زۆر كێشەیتر وایكردوە شانۆ لەكوردستان بەرەو فەنابوون بچێت..
* هەندێ لە شانۆكاران دەڵێن درامای تەلەفزیۆنی بینەرانی لە شانۆدا دوورخستۆتەوە تۆ دەڵێت چی؟
- بەڕای من ئەو بۆچوونە وانیە.. چونكە بینەری درامای تیڤی جیاوازە لەبینەری شانۆ.. هەردووكیان دوو هونەری جیاوازن لەشێوەی كاركردن تیایدا.. كاری شانۆیی زەحمەتو قورسترە وەك لەتەلەفزیۆن.. لەشانۆدا توانای راستەقینەی ئەكتەر بەدیار دەكەوێت،چونكە ئەكتەر راستەوخۆ بەرامبەر بینەر رۆڵی كاراكتەرەكە دەبینێ.. بەڵام لەشاشەی تیڤیەكاندا بوار هەیە چەند جارێك جوڵانەوەیەك یان دیالۆژێك دەیانجار دووبارە بكرێتەوە تائەوكاتەی دەرهێنەر قبوڵی دەبێت.. پاشان كەرەستەو پێداویستیەكانی دراما بەردەستترە وەك لەشانۆدا.. خاڵێكیتری زۆر گرنگ درامای تیڤپەكان زۆربەیان وەك پێویست كاری هونەری تێدا نەكراوە واتە زنجیرە دراماكانیش زۆربەیان لاوازو لەوئاستەنین بینەران پێشوازی لێبكەن..
*ئێوە لە شانۆی منداڵان چ لە بواری نووسین بێت یان دەرهێنان بێت خاوەن ئەزموونێكی دەوڵەمەندن، تاچەند لە كوردستان گرنگی بە شانۆی منداڵان دراوە؟
- زۆرم پێ سەیرە تاوەكو ئێستا وەزارەتی پەروەردەو وەزارەتی رۆشنبیری بەفەرمی دانیان بەوە نەناوە كەهونەرێكی گرنگ ئەویش هونەری منداڵانە فەرامۆشیان كردووەو خەمی لێ ناخۆن!! كاتی خۆی دوو سێ پرۆژەو بەرنامەی خوێندنم پێشكەش بەوەزارەتی پەروەردە كرد گوتیان زۆر چاكە ئێمە دیراسەی دەكەینو وەڵامت دەدەینەوە.. كەچی تا خانەنشینیش بووم هەر وەڵامیان نەدامەوە بۆ وەزارەتی رۆشنبیریش بەهەمان شێوە.. كێشەكە ئەوەیە گرنگی ئەو هونەرە بەهەند هەڵناگیرێ، لەكاتێكدا لەو رێیەوە دەكرا بەهرەی دەیان منداڵی بەتوانا بدۆزرێتەوە چونكە منداڵ مافی خۆیەتی لەقوتابخانە بەشداری لەكاری هونەری بكات.. ئەمە یەكێكە لەبەندەكانی مافی منداڵان.. حكومەتی هەرێم: وەزارەتی پەروەردەو وەزارەتی رۆشنبیری لەدوو كاتی جیاوازدا منداڵانیان بەبیر دێتەوە یەكەمیان لە مانگی یازدە بەبۆنەی جاڕی مافی منداڵان دووەمیشیان لە1/6 هەموو ساڵێك كەپێی دەڵێن جەژنی جیهانی منداڵان.. لەكاتیكدا دەبوو چالاكی قوتابخانەكان مانگانە بەردەوام كاری شانۆیی بۆ منداڵان بكەنو قوتابیانی قوتابخانەكان ببەن بۆ بینیی ئەو شانۆگەریانە.. لەباخچەی ساوایاندا گرنگترین وانە پێویستە هەبێت ئەویش شانۆی بوكۆڵەیە كەچی باخچەیەكی ساوایان نیە شانۆی بوكۆڵە بۆ منداڵان ئەنجام بدەن.. ئەوانە گەورەترین كەمتەر خەمیەكانی حكومەتی هەرێمن.. لێرەولەوێ تیپی شانۆی منداڵان هەیە بەڵام داخەكەم ئەوانیش لەرووی بودجەوە دەستكورت وهەژارن، شانۆی منداڵان پێویستی بەپارەیەكی زۆرە لەرووی جلو بەرگو دیكۆرو گواستنەوەیمنداڵان و هتد..
* هەندێك لە شانۆكاران زۆری پەیمانگای هونەرە جوانەكان بەكارێكی نەرێنی دەبینن روانگەی تۆ لەم بارییەوە چییە؟
- سەرەتای دروستبوونی پەیمانگەی هونەرەجوانەكان چەند قوتابیەكی زیرەكو بەهرەمەند تیایدا دەرچوون و تائەمڕۆش هونەرمەندی چاكیان لێ دەرچوو.. بەڵام دوای ئەوان پەیمانگا بۆ هەندێ قوتابی بووە شوێنی بەزووترین كات بەدەستهێنانی بڕوانامەو دامەزراندنیان لەقوتابخانە دوورە دەستەكان ئەمە وایكرد بەلێشاو قوتابی بەهۆی پەیوەندی كۆمەڵایەتی و بەخاترانە وەربگیرێن.. لەكۆتاییدا لەجیاتی ببنە هونەرمەند بوونە مامۆستای هونەری لەقوتابخانەكان.. بۆیە ئێستاش من پێم باشە پەیمانگای هونەرە جوانەكان بكرێتە پەیمانگای ئامادەكردنی مامۆستای هونەر.. چونكە وەزارەتی پەروەردە پەیمانگای هونەرە جوانەكان بەچاوی قوتابخانە دەبینێ نەك پەیمانگای هونەرە جوانەكان.. دڵنیام پەیمانگای ئێستا ئەوانیش دەیان كێشەیان هەیە بۆ خوێندنو رێنیشاندەری قوتابیەكانیان..
* نمایشی باش رەخنەگری باش دەردەكەوێت چۆن دەڕوانیتە ئاستی ڕەخنە لە كوردستان؟
- رەخنەگرو شانۆكار دوو هێڵی هاو تەریبن وەك یەك بەیەك رێگادا دەڕۆن.. بەرای من دەبێ رەخنە بەشێك بیت لەپێشكەوتنی بەرهەمە شانۆییەكە، ئێستا رەخنەگریش بەشێكە لەكێشەكانی شانۆمان.. ئەوانیش پسپۆریان نیە لەوبوارە.. تەنیا چەند رەخنەگرێكن ئارەزوومەندانە هاتوونەتە مەیدانەكەو كاری رەخنەیی دەكەن.. من پێموایە هەر لەسەرەتای دەست بەپرۆڤەكردنی شانۆگەریەك پێویستە رەخنەگرەكەش ئامادەی رۆژانی پرۆڤەكە بێت تارۆژی نمایش.. پاشان رەخنە لەشانۆگەریەكە بگرێت جا چ بەئەرێنی یا نەرێنی بێت.. بەڵام رەخنەگر لای ئێمە هەندێجار بەهەواو هەوەسی خۆی دەنووسێت.. لەكۆتاییدا پێموایە رەخنە بۆچوونی رەخنەگر خۆیەتی، هەموو دەرهێنەرێكیش مافی خۆیەتی پابەندی بۆچوونو رەخنەكە نەبێت، هەروەك یەكێك لەبینەران ئەوانیش رەخنەیان دەبێت.. لەهونەردا هیچ یاسایەك نیە هونەرمەند پێیەوە پابەندبێ.. چونكە كارە شانۆییەكە كاری هەستو بۆچوونە هەر كەسێك لەدیدی خۆیەوە هەڵیدەسەنگێنێ..
* سازدانی فیستیڤاڵی شانۆیی نێودەوڵەتی لە كوردستان تا چەند بەگرنگی دەزانیت؟
- بەرای من سازدانی فێستیڤاڵ كارێكی زۆرباشە.. چونكە فێستیڤاڵ هونەرمەندە بیانیەكان بەیەكتر ئاشنا دەكات بۆ كاری هونەری یا گۆڕینەوەی بیروڕا هەروەها شارەزابوون بە هونەری وڵاتان.. ساڵانێكە فێستیڤاڵی شانۆی نێودەوڵەتی لەهەولێر ساز دەكرێت كەچی لەوفێستیڤاڵەدا شانۆكارانی هەولێر بەرهەمێكی شانۆگەریان نیە.. ئەوە كارێكی باش نیە ناكرێت تۆ فێستیڤاڵێكی نێودەوڵەتی ئەنجام بدەیت كەچی خۆت تیایدا بەشدار نەبیت.. كێشەكانیش زۆربەیان پەیوەندیان بەنەبوونی بودجەوە هەیە..
