هاوڕێ کرێکار ــ ڕێگای کوردستان

 لەماوەی ڕابردوودا، مەڵبەندی گەرمیانی حزبی شیوعی کوردستان،بۆ یەکڕیزی و تەبایی وبەهێزی کورد،لەپارێزگای دیالە، لەگەڵ بەشێک لەلایەنە سیاسیەکانی  سنوری خانەقین گفتۆگۆ وکۆبونەوەی کرد، بەڵام دواجار بەهۆی ململانێ نێوان لایەنە کوردییەکان نەتوانرا لیستێکی کوردی پێکبهێنرێت، بۆیە حزبی شیوعی بڕیاریدا دەنگ بەکاندیدی حزبی شیوعی عێراق بدات لەلیستی قیم ئەلمەدەنی .

جەوهەر شکور(گەرمیانی) بەرپرسی مەڵبەندی گەرمیانی حزبی شیوعی کوردستان،لە دیمانەیەکی کورتی ڕێگای کورستاندا،تیشک دەخاتە سەر هەوڵەکانیان بۆ یەکڕیزی لیستی کورد.

  + ئامادەکاریتان کردووە،بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بەتایبەت لەسنوری پارێزگای دیالە؟

 جەوهەر گەرمیانی: بەڵێ ئێمە لەماوەی  ڕابردودا، لەسەر ڕۆشنایی ڕاگەیەنراوێکی کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی کوردستان، کە داوای لەسەرجەم هێز ولایەنەکان کرد بۆ ئەوەی لیستێکی کوردی دروست بکرێت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، ئێمەش ئامادەکارییەکانمان دەست پێکرد و سەردانی چەند لایەنێکی سیاسی کوردیمان کرد،لەسنوری شارۆچکەی خانەقین،کە تاکە شارۆچکەی کوردییە لەو پارێزگایە و کورد تەنها لێرە دەنگی زۆرە.

 +لەگەڵ کێ کۆبونەوە و وەڵامی ئەو لایەنانە چی بوو؟

 ئێمە دووجار لەگەڵ مەڵبەندی ٨یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و لقی ۱٥ پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتی سۆشیال دیموکراتی کوردستانمان کردو لەگەڵیان کۆبوینەوە و پەیامی حزبمان پێگەیاندن،کە ئێمە وای بەباش دەزانین بەیەک لیستی کوردی بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە ببین، هەنگاوەکەمانیان  بەگرنگ وەسف کردو وتیان کارێکی باشە بەڵام هیچیان بەڵێنی دروستکردنی هاوپەیمانیان پێنەداین .

 +بۆ هەوڵەکانتان لەگەڵ لایەنە کوردییەکان بەئەنجام نەگەیشت، چ ڕێگیر بوو،لەوەی لیستێکی کوردی دروست بێت؟

 گەلی کوروو بەگشت بووەتە قوربانی بەشێک لە لایەنە سیاسیەکان،بەتایبەت ئەوانەی دەسەڵاتدارن، هەمیشە بەهۆی ناکۆکی نێوان خۆیانەوە،پرسە نیشتیمانی و نەتەوەیەکانیان پشت گوێ خستووە، ئێمە لەسنوری خانەقین هەوڵی زۆرماندا لەگەڵ لایەنە سیاسیەکان وجەختمان کردەوە لە یەک لیستی حزبە کوردستانیەکان  بۆ خزمەتکردنی کورد و میللەتەکەی لەداهاتوودا، بەڵام ئەوەی جێگەی نێگەرانیمانەلە ئەنجامی ململانێی نێوان حزبەکان نەتوانرایەک لیستی درووست بکرێت و جارێکی تر پەرتەوازەیی دروست بوو.

 +هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان ،گرنگە بەلای ئێوەوە؟

 بەڵێی بەدڵنیاییەوە قۆناغی دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان،زۆر گرنگ و چارەنوسساز دەبێت بۆ کورد بەتایبەت بۆ ئەو ناوچانەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لەڕووی خزمەتکردن و خزمەتگوزارییەوە،کە لەداهاتوودا یەکگرتوو نەبین ناتوانین داوای خزمەتکردن بۆ شارە کوردییەکان بکەین و وەک ڕابردوو تاکی کورد وەک پێویست خزمەتی گشتی پێنابڕێت و پەراوێزخراو دەبێت ، بەرژەوەندی نیشتمانی و نەتەوەی وای دەخواست سەرجەم حزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان بە یەک لیستی بەشداری  هەڵبژاردنمان بکردایە.

 +دوای بێومێدبوونتان لەدروستبوونی لیستی کوردی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە، چ دەکەن؟

 دوای ئەوەی دڵنیابووین،حزبە کوردستانیان،لیستێکی کوردی دروست ناکەن و ئامادەییان تێدا نیە، بۆیە وەک حزبی شیوعی  بڕیاری ئەوەماندا، دەنگ بدەین بەکاندیدی حزبی شیوعی عێراقی لەلیستی قیم ئەلمەدەنی لەسنوری پارێزگای دیاله، بۆیە داوا لەهاوڕێیانمان و دۆست و جەماوەری ئەو ناوچەیە دەکەین کە بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردندا بکەن و دەنگ بدەن بە لیستی (قیم المدني)  وکاندیدی حزبی شیوعی عێراق.


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە