
بەرەو ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردەی هەراسانکردنی ئافرەتان
"کاتی دەنگ هەڵبڕینە، دەبێت شوێنی کار و شەقامەکان فەزا و ئارامگەی هەمووان بێت"
مەکتەبی ڕاگەیاندنی ناوەندی و هەفتەنامەی "ڕێگای کوردستان" تەوەرێکی تایبەت لەبارەی پرسی هەراسانکردنی سێکسیی ئافرەتان دەکاتەوە؛ ئەو پرسەی قسەکردن لەبارەیەوە وەک تابۆیەک وێنا کراوە، بەڵام پرسێکە ڕۆژانە لەبەردەم دەرگای زۆرینەماندایە.
ئاشکرابوونی کەیسی هەراسانکردنی ژنان لەلایەن بانگخواز و مامۆستایەکی زانکۆ لە شاری سلێمانی حاڵەتێکی دەگمەن نییە، بەڵکو دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی و هەنووکەییە کە تەواوی کۆمەڵگەی گرتووەتەوە. کێشەی سەرەکی ئەوەیە کە بەشێک لە پیاوان ئەم کارە بە پێشێلکاری نازانن، بەڵکو وەک مافێکی خۆیانی دەبینن. بۆیە ئەنجامدانی هەڵمەتێکی بەبەرنامە و هەمەلایەنە پێویستە لە دەرەوەی حاڵەتی شکاندن و پەرچەکردار؛ ئەمەش هەموو ڕێکخراو و جومگەکانی دامودەزگاکانی حکوومەت، شوێنی کار و بارەگای لایەنە سیاسییەکان دەگرێتەوە، وەک ئەرکێکی مرۆیی لەپێناو گەڕانەوەی شکۆی ژن وەک مرۆڤ و ئامانجی هێنانەدیی هاوسەنگیی جێندەری.
لەم مەلەفەدا هاوڕێ ڕێواس ئەحمەد بانیخێڵانی وەک نووسەر، هەڵسووراو و سەرنووسەری هەفتەنامەی ڕێگای کوردستان بەشدارە.
(ئامادەکردنی: ئەوین حەکیم پوور)
________________________________________
پرسیاری یەکەم: هەراسانکردنی سێکسی چۆن پێناسە دەکرێت و جۆرەکانی چیین؟
ئەم بابەتە یەکێکە لە بابەتە تابۆکانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی. لە وڵاتانی ئەورووپا و ئەمریکا لە سەرەتای ساڵانی هەفتاکانی سەدەی بیستەوە، ئەم بابەتە ڕۆشنایی خرایە سەر، بەتایبەتی پاش دەرچوونی کتێبی "هەراسانی سێکسیی ژنانی کرێکار" لە نووسینی کاترین مەککینۆن، نووسەرێکی یاساناس و بیرمەندی فێمینیستی ئەمریکی بوو، ئەم کتێبە لە ساڵی ١٩٧٩ بڵاوکرایەوە.
دەتوانین لە دوو گۆشەنیگای جیاوازەوە پێناسە بۆ ئەم چەمکە بکارێین:
١. پێناسەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کار:
هەراسانکردنی سێکسی بریتییە لە: "هەر ڕەفتارێکی نەخوازراوی خاوەن سروشتێکی سێکسی کە ببێتە هۆی سووکایەتیکردن، ترساندن، یان دروستکردنی ژینگەیەکی نالەبار بۆ کەسی بەرامبەر و بە کردارێکی نەخوازراو بۆ ڕەگەزی بەرامبەر دادەنرێت."
٢. لە ڕوانگەی فێمینیستییەوە:
هەراسانکردنی سێکسی وەک جۆرێک لە جیاکاریی ڕەگەزی لە چوارچێوەی پەیوەندییەکی هێزئامێزی نایەکسان پێناسە دەکرێت. کاترین مەککینۆن "هەراسانکردنی سێکسی" بەم شێوەیە پێناسە دەکات: "سەپاندنێکی نەویستراوی پێداویستییە سێکسییەکانە لە چوارچێوەی پەیوەندییەکی هێزی نایەکساندا."
لەم پێناسانەدا هەراسانکردنی سێکسی بە کارێکی سەپێنراوی نەویستراو دادەنرێت کە سەرچاوەکەی دەسەڵاتە، هەروا لە ڕووی ناوەڕۆکەوە ئەم کردارە بە خاوەن سروشتێکی سێکسی دادەنرێت، پەیوەستە بە پەیوەندییەکی هێزی نایەکسانی نێوان هەردوو ڕەگەزەکە و کاریگەریی دەروونی، جەستەیی و ژینگەیی لەسەر ئەو ڕەگەزە هەیە. کەواتە لێرەدا دەبێت بگەڕێینەوە بۆ مێژووی دروستبوونی ئەو نایەکسانییە مێژووییەی کە لە نێوان هەردوو ڕەگەزەکەدا دروست بووە؛ ئەویش پەیوەندیی بە دروستبوونی موڵکایەتیی تایبەت و کۆمەڵگەیەکی چینایەتییەوە هەیە کە بە درێژایی ئەم مێژووە ئافرەت لە مافە سەرەتاییەکانی خۆی بێبەش کراوە و وەک کۆیلە و هاونیشتمانیی پلە دوو تەماشا کراوە.
شێواز و جۆرەکانی هەراسانکردنی سێکسی
سەبارەت بە جۆرەکانی هەراسانکردنی سێکسی، گەشەی ئابووری، سیاسی و یاسایی کۆمەڵگەکان ئەو چوارچێوە و شێوانە دیاری دەکەن. بەڵام شێوەکانی هه رجۆرێک بن، بنەماکەی دەگەڕێتەوە بۆ جیاوازیی ڕەگەزی و هاوسەنگیی جێندەری لە هەموو بارەکانی ژیاندا. چونکە هەراسانکردنی سێکسی کارێکی تەنها (تاکەکەسی) نییە، بەڵکو ئامرازێکە بۆ پاراستنی پێکهاتە کۆمەڵایەتی و ئابوورییە نایەکسانەکانی نێوان پیاو و ژن لە شوێنی کار، ماڵەوە و لەدەرەوەی ماڵ.
جۆرەکانی هەراسانکردن:
• هەراسانکردن لە ڕێگەی وشەوە (دەنگی): ڕەخنەگرتن لە شێوەی جەستە، لەوانەشە پیاهەڵدان و ستایش بێت بە مەبەستی سێکسی، باسکردنی شێوەی جلوبەرگ، گاڵتەی سێکسی و ڕەگەزی، بەکارهێنانی هێمای سێکسی لە کاتی گفتوگۆدا.
• هەراسانی جەستەیی: وەک دەستلێدانی نەویستراو بۆ ڕەگەزی بەرامبەر، پاڵپێوەنان و خۆنزیککردنەوە لە جەستەی ژن، ڕەفتارە جەستەیییە سێکسییەکان.
• هەراسانی نازارەکی: ئاماژەی سێکسی بە دەست یان دەموچاو، یان ناردنی وێنە و نامەی سێکسی لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە.
• هەراسانی بینراو: تەماشاکردن بە نیگایەکی سێکسی، نیگایەکی سێکسيانه بۆ جەستەی ڕەگەزی بەرامبەر یان نیشاندانی وێنەیەکی سێکسی.
• هەراسانکردنی سێکسی بە بەڵێنی ئامانج یان سزا: ئەم جۆرەیان لە شوێنی کار، زانکۆکان، دامودەزگەی حزبی یان ڕێکخراوە جۆراوجۆرەکانە؛ قبووڵکردنی ئەم هەراسانکردنە بەرامبەر بەدەستهێنانی سودێکی پیشەیی یان پارە. زۆر جاریش بۆ لێخۆشبوون لە هەڵەیەک یان کەمتەرخەمییەک، هەروەک لەلایەن هەندێک لە مامۆستای زانکۆکان بەرامبەر قوتابییانی کچی گەنج دەکرێت، یان خاوەن کارەکان.
• ئاماژەدان بە باڵادەستیی سێکسی: لە سووکایەتیکردن و نزمبینینی تواناکانی ژن لە بوارە جیاوازەکاندا. پیاو ئەم مامەڵەیە دەکات بۆ دوو مەبەست:
1. بۆ ئەوەی ژن بڕوای بە تواناکانی خۆی نەبێت و پەنا بۆ ئەو پیاوانە ببات، ئەوانیش ئەم پەنابردنە بۆ مەبەستی سێکسی بەکاردەهێنن.
2. بۆ خودپارێزی؛ لێکۆڵینەوەکان ئەوە نیشان دەدەن کە پیاو ئەم شێوەیە بەکاردەهێنێت چونکە ژنان وەک هەڕەشەیەکی ئابووری و کۆمەڵایەتی بەرامبەر پێگەی خۆیان دادەنێن.
ڕیشە ئابووری، کۆمەڵایەتی و دەروونییەکانی هەراسانکردن
پرسیاری دووەم: ڕیشە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەم دیاردەیە چییە، هۆکارەکانی پشت ئەم ڕەفتارەی پیاو چییە؟
دیارە لەم ساڵانەی دواییدا گەلێک لێکۆڵینەوەی شیکاری لەسەر بنەمای کۆمەڵناسی و دەروونییەوە بۆ ئەم دیاردەیە کراوە، لەسەر چەند خاڵێک کۆکن:
١. ڕیشە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان (هەراسانکردن وەک ئامرازێک بۆ کۆنترۆڵکردن و دەسەڵات):
پاش ئەوەی ژن پێگەی ئابووریی خۆی لەدەستدا و سەروەت و سامانی خێزان لای پیاو مایەوە و ژن خزایە چواردیواری ماڵەوە، لە قۆناغە جیاوازەکانی گەشەی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا، کولتوور و نەریتێکی نایەکسانی لە کۆمەڵگەی پیاوسالاریدا دروستکرد. ڕۆڵێکی کۆمەڵایەتیی بۆ ئافرەت دیاریکرد کە باڵادەستی بۆ پیاوان چەسپاند. دەسەڵاتی پیاو لە ڕێگەی جیاوازەوە بەسەر ڕەگەزی ژناندا چەسپا. ئەم جیاوازییە ئابووری و کۆمەڵایەتییانە ڕۆڵی ژنی وەک ئامرازێک و ئۆبێكتێكی سێکسی بۆ خزمەت و مانەوەی دەسەڵاتی پیاوان چەسپاند. لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا ئەم هەراسانکردنە ئامرازێکە بۆ کۆنترۆڵکردن و مانەوەی دەسەڵات، هەروا بۆ مانەوەی ژن لە پێگەیەکی نزمتری ئابووری و کۆمەڵایەتیدا. ئەمە جگە لەوەی هەموو سیستەمی یاسایی و دامەزراوەکان لایەنگیری لە باڵادەستیی پیاوان و پاراستنی پلەکانی هێز لە هەموو بوارێکدا دەکەن. ئەمانە هەموو ڕێگرییان لە ژن کردووە کە خاوەنی پێگەیەکی ئابووری و کۆمەڵایەتی بن و پەرەسەندنی تواناکانی ژنیان سنووردار کردووە؛ ئەم باڵادەستی و خاوەندارێتییەیە کە ڕەنگدانەوەی لە پەروەردە و هۆشیاریی کۆمەڵایەتییەوە دەبینرێت، وەک لە پەروەردەی خێزان، قوتابخانە و کۆمەڵگەدا.
٢. لە ڕووی دەروونییەوە:
لە ڕوانگەی دەروونناسیی فێمینیستییەوە، ڕەفتاری هەراسانکردن پەیوەندیی بە هەستی دەسەڵات و کۆنترۆڵکردنی ڕەگەزی بەرامبەر هەیە، نەک تەنها وەک پێداویستییەکی سێکسی. کاترین مەککینۆن جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە هەراسانکردن هۆکاری کەمکردنەوە و نزمکردنەوەی پێگەی ژنانە لە بواری کار و بێبایەخکردنی ڕۆڵە کۆمەڵایەتییەکانی ژن. لەم چوارچێوەیەدا، توندوتیژیی سێکسی و هەراسانکردن وەک میکانیزمێکی شاراوە بۆ ژێردەستکردنی ژنان لە شوێنی کار و کۆمەڵگەدا دەبینرێت. فێمینیستە ڕادیکاڵەکان پێیان وایە کە دەسەڵاتی پیاو ڕیشەی سەرەکیی ستەمکردن و کۆنترۆڵکردنی ژنە لە ڕوانگەی کۆمەڵگەیەکی پیاوسالارەوە.
یەکێک لەو هۆکارانەی کە پیاوان ڕێگا بە خۆیان دەدەن ژنان هەراسان بکەن، نەبوونی هۆشیاری، هاوسۆزی و ڕێزگرتن لە هەستی بەرامبەرە. زۆربەی لێکۆڵینەوە دەروونییەکان دەری دەخەن ئەو پیاوانەی ئەم ڕەفتارە دەکەن، توانای تێگەیشتنی ئازار و ناڕەحەتیی قوربانییەکەیان نییە لەبەرئەوەی لەم ڕەفتارانەدا خود باڵادەستە.
هەروا هەندێک پیاو بۆ سەلماندنی "پیاوەتی"ی خۆیان یان بۆ قەرەبووکردنەوەی هەستی لاوازیی دەروونیی خۆیان لە ژینگەی کۆمەڵایەتیدا، پەنا بۆ نواندنی هێز و هەراسانکردنی ڕەگەزی بەرامبەر دەبەن؛ ئەمەش نیشانەی بوونی گرێی خۆبەکەمزانین و نادڵنیاییە لە جیهانی شاراوەی دەروونیی پیاوانەوە.
شێواز و ڕێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی دیاردەکە
پرسیاری سێیەم: ڕێگا و شێوازەکانی بەرگرییکردن و بەرەنگاربوونەوەی ئەم دیاردەیە چییە بە دیدی ئێوە؟
دیارە وەڵامی ئەم پرسیارە وەک هەویرێک ئاو زۆر دەکێشێت، لەبەرئەوەی ئەم دیاردەیە خاوەنی مێژوویەکی درێژە و بنەما و هۆکارەکانی لە هزر و دیدگای نەوە دوای نەوە گواستراوەتەوە، بۆیە دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ڕیشە و هۆکارەکانی کە بە کورتی لە وەڵامی پرسیاری دووەمدا ئاماژەم پێکردووە. بۆیە ڕێگا و شێوازەکانی بەرگرییکردن و بەرەنگاربوونەوەی دەبێت لە چەند ئاستێکی جیاوازدا بێت.
خەباتی بەردەوام بۆ یەکسانیی ڕەگەزی و هاوسەنگیی جێندەری خاڵێکی سەرەکیی ئەم پرۆسەیەیە. ئەم خەباتە دەبێت لە ڕێگەی بزووتنەوەی چەپ و مارکسییەکان و بزووتنەوەی فێمینیستەکانەوە پێشڕەوی بکرێت، ئەویش دەکرێت شێوازی جیاواز لە خۆ بگرێت:
١. قووڵبوونەوەی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی و پەروەردە:
ئەم بزووتنەوانە دەبێت لە تاکەکانی خۆیانەوە دەست بەم هۆشیارکردنەوەیە بکەن، بنەمای جیاوازیی ئەو ڕۆڵە کۆمەڵایەتییانە بە خەڵک ئاشنا بکەن. بنەمای جیاوازیی ئەم ڕۆڵانە بایۆلۆجی نییە، بەڵکو سەرچاوەی کۆمەڵگەیەکی چینایەتییە کە لەسەر بنەمای چەوساندنەوەی مرۆڤە. جا ژنیش لە سایەی ئەم سیستەمە لە دوو لاوە دەچەوسێنرێتەوە: بەشێکی پەیوەندیی بە پێگەی چینایەتییەوە هەیە و بەشێکی پەیوەندیی بە ڕەگەزییەوە هەیە. هەروا سیستەمی باوکسالاری لە کۆمەڵگەدا هاوشان و هاوپەیمانی سیستەمی سەرمایەدارییە. دەسەڵاتی پیاویش لەم دوو سەرچاوەی ئیستغلالکردنەوە هاتووە. بۆیە دۆزینەوەی میکانیزمی ئەم بەرەنگاربوونەوەیە بەستراوە بە خەباتی یەکسانیخوازیی ئەو بزووتنەوانەوە.
٢. کارکردن لەسەر پەروەردەی ڕەگەزی:
هۆشیارکردنەوەی منداڵان و گەنجان لە ناوەندەکانی خوێندن لەسەر چەمکی یەکسانیی جێندەری و ڕێزگرتن لە جەستەی کەسانی تر. گۆڕینی تێڕوانینەکان بۆ هەراسانکردنی سێکسی پرۆسەیەکە دەبێت لە چەند لایەنێکەوە کاری لەسەر بکرێت؛ بۆ نموونە لە هەموو جۆرەکانی میدیای بینراو و بیستراو، و لە سۆسیال میدیا بە شێوەی جیاواز. باسکردنی ئەزموونی نەتەوەکانی تر لە بەرەنگاربوونەوە و ڕێگری لەم دیاردەیە (بۆ نموونە بزووتنەوەی Me Too لە ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپا)، و گفتوگۆکردن لەسەر ئەم دیاردەیە و پێناسەکەی بە ئامراز و میکانیزمی جیاواز.
٣. ئاستی یاسایی:
پێویستە هەوڵبدرێت بۆ بوونی یاسایەکی ڕوون و توند بۆ سزادانی ئەو کەسانەی کە ئافرەت هەراسان دەکەن، جا چ لە خێزان، شوێنی کار، یان لە دەرەوەی ماڵ بێت. هەروەک چۆن لە ساڵی ١٩٨٦ دادگای باڵای ئەمریکا یاسای سزادانی هەراسانکردنی سێکسی لە دەستووردا پەسەند کرد (ئەویش لە ئەنجامی کاریگەریی کتێبەکەی کاترین مەککینۆن).
دروستکردنی میکانیزمی پارێزراو و نهێنی لە فەرمانگەکان، زانکۆکان و شوێنە گشتییەکان بۆ ئەوەی قوربانیان بتوانن بەبێ ترس لە شەرم یان تۆڵەسەندنییەوە سكاڵا تۆمار بکەن. کۆمەڵگە دەبێت لە قۆناغی "بێدەنگی" تێپەڕێنێت؛ ستراتیژییەک دیاری بکات کە هانی خەڵکی گشتی بدات لە شەقام یان شوێنی کار کاتێک ئەم دیاردەیە دەبینن بێدەنگ نەبن و دەستێوەردان بکەن بۆ پاراستنی قوربانییەکە، ئەمەش وا دەکات کەسی سەرپێچیکار هەست بە گۆشەگیری و ترسی کۆمەڵایەتی بکات. ئەمانە لە کاتێکدا دەبێت کە یاسایەک هەبێت بۆ سزادانی هەراسانکەر و پاراستنی قوربانییەکە. هەروەها فشارخستنە سەر حکوومەت بۆ پشتیوانیکردنی ڕێککەوتنامەی ڕێکخراوی کار کە دەوڵەتان ناچاردەکات یاسا و سیاسەتی ڕێگری لەم دیاردەیە دیاری بکەن.
پێناسەی یاسایی لە زۆر شوێن تارمایی و نوێیە، زۆر جار سنووری نێوان ڕەفتاری گشتی تێکەڵ بە هەراسانکردن دەکرێت. چەمکی شەرەف بە جەستەی ژنەوە دەبەسترێتەوە، لە کاتێکدا لە ئەورووپا جەستەی مرۆڤ خاوەندارێتیی تایبەت و یاساییی تاک سەیر دەکرێت. هۆکارەکەش ئەوەیە لە وڵاتانی خۆماندا کاتێک هەراسانکردن ڕوودەدات، پرسیار لەسەر قوربانییەکە دروست دەکرێت، بۆیە ژنان بێدەنگی هەڵدەبژێرن لە ترسی کێشەی کۆمەڵایەتی، لەدەستدانی شەرەف، یان ناوزڕاندن. بەداخەوە کە کولتووری باو و لاوازیی یاسا زۆرجار بێدەنگی بەسەر قوربانییەکەدا دەسەپێنێت و ڕێگا بۆ بەردەوامیی دیاردەکە خۆش دەکات.
