
دیمانە/هەژار ئیبراهیم_سۆران
خەڵات ساڵح ئیسماعیل لەدایکبووی ساڵی1986 وخاوەن بڕوانامەی دبلۆم لەبەشی کارگێڕی کار، ساڵانێکیشە بەڕێوبەری ناوەندی وەرزش ولاوانی سۆرانە. یەکێکە لە ئافرەتە چالاک و دیارەکانی ناوچەکە، ڕێگای کوردستان بەسەری کردۆتەوە و چەند پرسیارێکی ئاڕاستەکردوە.
ڕێگای کوردستان: تۆ وەک ئافرەتێک زەحمەت نییە لێپرسراوێتی کاروباری دائیرە وماڵەوە وخێزان بخەیتەسەرشانت؟ چۆن ئەم هاوسەنگیەتان ڕاگرتووە؟
خەڵات: بەڵێ زەحمەتە بەڵام پێویستە شانی خۆمانی بدەینەبەر، زۆرسوپاسی هاوسەرەکەشم دەکەم کەچەشنی ناوەکەیەتی وهەمووکات هاوکارمە لە کارەکانم و پێکەوە هەموو ئەرکەکان ڕادەپەڕێنین، ئەمەش خاڵی گرنگی نێوانی هەمووخێزانێکی سەرکەوتووە.
ناوبراو دەشڵێت هەمیشە ڕۆژانە دەرگای ناوەندەکەممان واڵایە بۆ لاوان کە ئەم بەشانە لە خۆی دەگرێت، لەوانە هۆڵێکی گەورە و یاریگا و شوێنی وۆڕکشۆپ وسمیناری .خۆتانیش زۆرجار لەکار و چالاکییەکان ئامادەبوونە، ئەو شایەتییەمان بۆدەدەن کە ناوەندەکەمان بەبێ چالاکی نەبووە و ناشبێت
خەڵات لەبارەی ڕەوشی ئافرەتانەوە ووتی ئافرەتان لەسنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران تاڕادەیەکی باش بەرەوپێشەوە چوون، لە ئێستادا ئافرەتان بەشێوەیەکی ئازادانە لە نێوکایەی سیاسەت، ڕێکخراوەیی، ماڕکێتینگ، بزنس وفەرمانگەکان ئیش دەکەن و ڕۆڵێکی بەرچاویان هەیە. ئەمەش بەئاسانی نەهاتۆدی وهەوڵ وکۆشش و ماندوبوون وقوربانی بۆدراوە. خێزانەکانیش لەو ئازادی وبەرەو پێشچوونە پشکی شێرییان بەرکەوتووە.
من بەردەوام پاڵپشتی کار و ئازادی ئافرەتانم، زۆرجارگفتوگۆیان لەگەڵ دەکەم تاوەکو متمانەییان بەخۆیان هەبێت، ببنەخاوەن کار و ئابووری سەربەخۆ تا ئەرکی سەرشانی خێزانەکانیان سووک بکەن.
ڕێگای کوردستان:بۆئەمساڵ وەک ناوەند چیتان لەبەرنامەدایە بۆ لاوان؟
خەڵات: ئەمساڵ لەپلانمان داهەیە کاروچالاکی جوان و شایستە لە بواری وەرزش، هونەر، ئەدەبی، خول وۆڕکشۆپاتی هەمەجۆر بۆ لاوانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئەنجامبدەین. لەگەڵ چەندین ڕاهێنەرو وانەبێژ قسەمانکردوە بۆ بەڕێوەبردنی چالاکییەکان.
لەکۆتایشدا دەمەوێت سوپاس جەنابت و تایبەت ڕۆژنامەی ڕێگای کوردستان بکەم. کە بەردەوام کەسانی چالاک وخاوەن بەهرە و کەسایەتی بەسەرده کاتەوە و ڕێز لە ماندووبونیان دەگرێت .کە ئەمە خاڵێکی گرنگە لەمیدیادا، بەهیوام کەبەردەوام وسەرکەوتووبن. سوپاسی زۆریشم هەیە بۆ هەمووئەو بەڕێزانەی کە ماددی ومەعنەوی پاڵپشتی لە ناوەندەکەمان وکار و چالاکییەکانمان دەکەن نموونەییان هەر زۆربێت.