لە یادی داستانی خواكوڕكدا، هاوینی 1988
دیدارێک لەگەڵ (د. سەردار ڕواندزی ناسراو بە د. غەفار)
ئامادەکردنی: مەغدید حاجی
ناساندنی د. غەفار: ناوی تەواوی (د. سەردار حوسێن حاجی تاهیر ڕواندزی)، لە پێشمەرگایەتیدا (1984-1989) بە (د. غەفار) ناسرابوو.
ساڵی 1951 لە شاری ڕواندز لەدایکبووە، هەردوو قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لە ڕواندز تەواوکردووە، قۆناغی ئامادەیی بەشی زانستی لە بەغدا تەواوکردووە. لە ماوەی نێوان (1977-1984)دا خوێندنی زانکۆی لە کۆلێجی پزیشکی شاری لینینگراد لە یەکێتی سۆڤیەتی جاران تەواوکردووە و هەردوو بڕوانامەی بەکالۆریۆس و دبلۆمی باڵای لە پزیشکی گشتی و نەشتەرگەری بەدەستهێناوە. ئەندامی حزبی شیوعیی عیراق بووە، بۆیە لەسەر داوای حزبەکەی لە ساڵی 1984 لە وڵاتی ڕوسیا گەڕاوەتەوە بۆ کوردستان و پەیوەندیی بە ڕیزەکانی پێشمەرگەی (حشع) کردووە و تاکو ساڵی 1989 بە ناوی (د. غەفار) وەکو پزیشک و پێشمەرگە خزمەتیکردووە، بەتایبەتی لە سنووری مەڵبەندی عەسکەری هەولێری حزبی شیوعیی عیراقدا.
لە (37)مین ساڵیادی داستانی خواكوڕكدا، بۆ زیاتر تیشک خستنە سەر ڕۆڵی پێشمەرگە قارەمانەکانی حزبی شیوعیی عێراق، لەم داستانەدا بەچاکمانزانی دیدارێک لەگەڵ (د. سەردار ڕواندزی
- د.غەفار) ساز بکەین و ئەوەندەی لە یادی ماوە بۆمانی بگێڕێتەوە و ئێمەش لە پێناوی تۆمارکردنی مێژووی سەروەرییەکانی پێشمەرگە قارەمانەکانی حزبی شیوعیدا بڵاویدەکەینەوە:
رێگای كوردستان: بەڕێز د. غەفار چۆنت پێ باشە وا دەستپێبکە؟
د. غەفار: بە بڕیاری حزبی شیوعیی عێراق، وەکو پێشمەرگەیەک، وەکو پزیشکی پێشمەرگە قارەمانەکان هاتمەوە بۆ کوردستان، زیاتر لە شەش ساڵ لە بەشێک لە چالاکییەکانی حزبی شیوعی (قاتعی هەولێر) بەشداربووم. لە بارەگای قاتع لە گوندی کافیە دەڤەری خێڵی زێبار، قەزای ئاکرێ، لە بنکەیەکی تەندروستی دووژووریدا هەڵدەستام بە چارەسەرکردنی منداڵ و ئافرەت و پیر و جوانی ناوچەکە جگە لە پێشمەرگە قارەمانەکان، نەک تەنیا پێشمەرگەکانی حزبی شیوعی، بەڵکو پێشمەرگەکانی پارتی و حزبی گەل و زەحمەتکێشان و حزب اڵلە و هەموو دانیشتووانی دەڤەرەکە ئەوەی پێویستی بە چارەسەری پزیشکی بووایە، لە نەخۆش و بریندارەکان.
رێگای كوردستان: دەرمان و پێداویستییەکانی دیی پزیشکی چۆن دەستدەکەوتن؟ چۆن چارەسەری بریندار و نەخۆشەکانتان دەکرد؟
د. غەفار: حزبی شیوعیی عێراق بە ڕێگای تایبەتی خۆی دەرمانی پەیدا دەکرد، گەلێک جار بەبێ پشکنینی تاقیگە و وەرگرتنی تیشک، بەبێ وەرگرتنی ڕاوێژکاری پزیشکی پسپۆڕ، بەو کەمە دەرمان و کەرەستەیەی لەبەر دەستماندابوو، توانیمان بە شەو و بە ڕۆژ خزمەتی پزیشکی و نەشتەرگەری لە بارەگای مەڵبەند پێشکەشبکەین. هەروەها وەکو مەفرەزەی پزیشکی لە دەڤەری کافیەی زێبار خزمەت پێشکەش بە هاووڵاتییانی ناوچەکەش بکەین، خەڵکەکەش زۆر لێمان ڕازیبوون، چونکە تەنیا حشع پزیشک و بنکەی تەندروستی هەبوو.
بۆ زانینی بەڕێزتان من بەقوڕسایی 20 کیلۆغرام کتێبی زانستی پزیشکیم لە ڕوسیا لەگەڵ خۆم هێنابووەوە. زۆر جار ئەگەر هەر پێویستیم پێیانهەبا لە پسپۆڕی جیاوازدا دەمخوێندنەوە، بۆ زیاتر دڵنیابوون لە چارەسەری نەخۆش..
رێگای كوردستان: هەڵوێستی حزب و بەڕێزتان لەگەڵ خەڵکی گوندەکان کە دەهاتنە لاتان بۆ چارەسەر، چۆن بوو؟
د.غەفار: سەرکردایەتی مەڵبەندی هەولێر بڕیاریدابوو گشت نیوەڕۆیەک، خواردن بۆ (6) هاووڵاتیی گوندەکانی دەڤەرەکە لەگەڵ خواردنی پێشمەرگەکان دابینبکرێت. خەڵکی گوندەکان کە دەهاتن بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی، لە بارەگای مەڵبەند، بە بێ جیاوازی و بە بێ بەرامبەر چارەسەر دەکران و دەرمانیشیان پێدەدرا و ڕێزیشیان لێدەگیرا.
زۆر حاڵەتی نەخۆشیمان داهاتنە لا کە پێویستییان بە پسپۆڕی تایبەت هەبوو، ئێمە بەبێ بەرامبەر چارەسەرمان بۆ ئەنجامدەدان و بەئاسوودەیی بەڕێماندەکردن.
هەروەها من لەگەڵ د. سادق (یادی بەخێر) توانیمان چارەسەری 40 پێشمەرگەی بەرکەوتەی غازی خەردەل بکەین، کە ڕژێم بارەگای گەلی زێوەی بادینانی بە غازی کیمیاوی بۆردومانکرد و 151 پێشمەرگەی حزبی شیوعی بەرکەوتبوون، ئەمە لە مانگی حوزەیرانی 1987 بوو، ئەو پێشمەرگە بەرکەوتووانەی هاتنە لای ئێمە لە هەموو ڕووێکی چارەسەری پزیشکی دەروونی و خۆراک چارەسەرمانکردن و بە چاکی ڕەوانەمانکردنەوە بەرەو بادینان.
هەمیشە هاوڕێی سەرکردە ئەبو سیروان بەرپرسی مەڵبەندی هەولێر دەستخۆشی لێدەکردین و پێیڕادەگەیاندین کەوا کارێکی چاک دەکەین دەچینە گوندەکان بۆ چارەسەری نەخۆش و بریندارەکان و پێیڕادەگەیاندین بەچ ڕێگایەکدا دەڕۆن بەو ڕێگایە مەگەڕێنەوە، بەڵکو بە ڕێکایەکی دی بگەڕێنەوە.
لە مانگی تشرینی دووەمی 1987دا، لەگەڵ مەفرەزەیەکی مەڵبەندی هەولێر لە گوندی کافیە بەسەرپەرشتی هاوڕێ مامۆستا فەتاح تۆفیق (مەلا حەسەن) بەتەمابووین دابەزین بۆ بارەگای مەڵبەند لە ناوچەی خۆشناوەتی، دەڤەری سماقوولی و سەروچاوە، بەڵام بەهۆی بارانێکی زۆر نەمانتوانی لە زێی گەورە لای بێخمە بپەڕینەوە بۆ دەشتی هەریر، بۆیە گەڕاینەوە بۆ گوندی سیدان دەڤەری بارزان بەرانبەر گوندی شانەدەر، حەوت مانگ لەوێ ماینەوە، خزمەتی گشت گوندەکانی دەڤەری بارزانمان دەکرد . سەردانی گوندەکانمان دەکرد، گفتوگۆمان لەگەڵ دەکردن و داوامان لێدەکردن خۆڕاگر بن لە ناوچەکەیاندا .
رێگای كوردستان: سەرەتای شەڕی خواكوڕك، یان بەر لە دەستپێکردنی شەڕەکە لە هاوینی 1988دا حزبی شیوعی لەو ناوچانە لە چ بارودۆخێکدا بوو؟
د. غەفار : لەحوزەیرانی 1988دا لەسەر داوای هاوڕێ مەلا حەسەن من لەگەڵ 6 پێشمەرگە چووین بۆ بارەگای پیربینان، کە مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعیی لێبوو. بەگەیشتنمان بۆ بارەگای ڕاگەیاندن کە لە گوندی ئارموشا بوو، هاوڕێ مەلا حەسەن پێیڕاگەیاندین کە بەخۆی دەچێ لە کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی (حشع) بەشدار دەبێت، داوای لێکردم کە لە ئارموشا بمێنمەوە دوایی بەدوامدا دەنێرێ بۆ گفتوگۆ لەگەڵ مەکتەبی عەسکەری.. من لەگەڵ مەفرەزەی هاوڕێیاندا مامەوە، ملازم قوسەی بەرپرسی مەفرەزەکە بوو، پێیوتین با بڕۆین، لەگەڵ 6 هاوڕێی پێشمەرگە ڕۆیشتین بۆ تەنیشتی ڕۆژئاوای چیای دوو برا، ملازم قوسەی گوتی با لێرە قۆرتێک لە شێوەی گۆڕ لێبدەین، پاشان بە هەموومان بارێکی قوڕسی سەر پشتی پشتی هێسترەکەمان داگرت، پێکەوە ڕەشاشێکی 14 ملم پڕ گریزمان لە شوێنێکی هەوراز ناشت. ملازم قوسەی گوتی: وا هێزی سوپا و جاش بەڕێوەن بەرەو ئاراستەی بارەگاکانی حزبمان . ئێمە گەڕاینەوە بۆ بارەگای گوندی ئارمووشە، پاش نیوەڕۆ بوو بە منی ڕاگەیاند با بڕۆین، چووین بۆ بارەگای دجلە کە بارەگای کۆمیتەی ناوەندی (حشع)ی لێبوو، گوتی پێش ئەوەی هێزەکانی سوپای عیراق بگەن، بە چاکی دەزانم ئەم بارەگایە بەگشتی بسووتێنین، کە پڕ بوو لە ئەڕزاق بۆ زستان، 20 تا 25 قەمسەڵەی زستانیشی لێبوو، ژێر کەپرێکیش پڕ بوو لە دەفتەرەکانی ژمێریاری گشت مەڵبەندەکانی پێشمەرگەی (حشع) هەمووی سووتێنرا.
رێگای كوردستان: باشە دوای ئەمە چیتان بەسەر هات؟
د. غەفار: من لەگەڵ مەفرەزەیەکی بچووک چووم بۆ بارەگای مەکتەبی سیاسی لە گوندی پیربینان، نزیک گوندی شێخانۆک، بۆ دووەم شەو پێیانڕاگەیاندم کە هێزەکانی سوپای عیراق و جاشەکان نزیکبوونەتەوە، بە باشی دەزانین بۆ یەک هەفتە شەوان بۆ چاودێری بچنە سەر چیای مەلا برایم، کە بەسەر بارەگای گوندی پیربینانی دەنۆڕی، جا من لەگەڵ مەفرەزەیەک کە پێکهاتبوو لە 10 پێشمەرگەی شیوعی بەسەرپەرشتی هاوڕێ زوهێر، کە خەڵکی بەغدا بوو لەگەڵ دوو پێشمەرگەی حزبی گەل، شەو کاتژمێر 12، ئێمە لەسەر چیا بووین دیتمان لە لایەن سوپا بە هەزاران گوللـە بەرەو ئاسمان دەهاوێژرا، شەوی 8-8-1988 بو تەقەی خۆشی سەربازانی سوپای عیراق بوو لای گوندی پیران و مێرگەسۆر دەتەقێنران بەبۆنەی وەستانی شەڕی عێراق ئێران. لەو شەوە هاوڕێ زوهێر پێیگوتین لەسەر چیای مەلا برایم لە چاوەڕوانی دەمێنینەوە.
رێگای كوردستان: ڕووداوەکان چۆن لە پەرەسەندندابوون؟
د. غەفار: لەو کات و سەتەدا، ئێمە چەند پێشمەرگەیەک چووین لەسەر کانییە ئاوێکدا نان و چا بخۆین، هەرکە گەیشتین ویزەی چەند گوللـەیەک بەسەر سەرماندا تێپەڕین، وا دیار بوو هێزی سوپا و جاشەکان لە بەرزاییەکانی چیای دووبرا لە پێشڕەویدا بوون، بە پێنجتیر تەقەیان لێدەکردین. من بە هاوڕێ پێشمەرگەکانم گوت: با نان و چایەکەمان هەڵبگرین و بۆ سەرچیای مەلا برایم بگەڕێینەوە بۆ لای هاوڕێ زوهێر. کە لە هاوڕێی ناوبراو نزیکبووینەوە، پێیگوتین بەسەرنەکەون، وا دیارە کەوتووینەتە بەر دەسڕێژی دوژمن و تەقەمان لێدەکەن، وا چاکە بەوریایی پاشەکشێ بکەین، یەکێکیشمان بچێ بۆ (پیر بینان) ئاگاداری هاوڕێیان بکەنەوە تاکو لە گوندی پیربینان پاشەکشێ بکەن. لە کاتی پاشەکشێدا سەرنجماندەدا لە هەر دە مەترێکی چوارگۆشەدا لە دوامان گوللـە هاونێک دەکەوتەوە و دەتەقیەوە، چونکە شوێنی دوژمن لە شوێنی ئێمە بەرزتر بوو. کە چوومە بارەگامان لە گوندی پیر بینان و پێمڕاگەیاندن کە هێزەکانی دوژمن وا بە هەزاران بەرەو پێشەوە دێن، وا پێویست دەکات هاوڕێیانی پێشمەرگە پاشەکشێ بکەن. هاوڕێیان د. حەسەن عاکف (ابو یسار) و هاوڕێ هادی و هاوڕێ خەیری عیراقی.. هتد، لەوێ مابوون، 20 هاوڕێ دەبوون، دەوروبەری 20 گوللـەتۆپ بە دەوروبەری بارەگاکە کەوتبوو. هاوڕێ (مام عەلی سەقزی ڕۆژهەڵاتی) دیارنەبوو، مام عەلی مامۆستای فیزیا بوو، پەیوەندی لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی چەپی ئێران هەبوو، هاتبووە ڕیزەکانی پێشمەرگەی (حشع)، مرۆڤێکی زیرەک و دڵسۆز و خۆشەویست بوو، گەڕان دیتیان بەداخەوە بە ساچمەی گوللـە تۆپ شەهید ببوو. هاوڕێیان بەتەمابوون تەرمی پیرۆزی ببەینە سەرێ لای هاوڕێیان تاکو ڕێوڕەسمێکی شایستەی ناشتنی بۆ جێبەجێبکرێت، بەڵام من پێشنیازمکرد هەر لەوێ بەشێوەی کاتی بیشارینەوە، چونکە نە هێسترمان لابوو تاکو جەنازەکەی لەسەر دابنێین، بۆردومانیش لەسەرمان بەردەوام بوو، لەوانەبوو لە ڕێگا لە کاتی گواستنەوەی جەنازەکەدا چەند هاوڕێیەکی دیکەمان شەهید ببن. پێشنیازەکەی منیان پەسند کرد و لەوێ بە کاتی بەخاکمان سپارد. یادی بەخێر.
ژمارەی هاوڕێیان و پێشمەرگەکانی حزب لە هەموو بارەگاکانی ئەم دەڤەرە کە پاشەکشێمان لێیکرد (250) هاوڕێ دەبوون. بەسەرکەوتین بۆ بەرزاییەکانی قەبری زاهیر. هاوڕێیەکی پێشمەرگەی عەرەب، یەک لە (ملازم)ەکانی (حشع) بوو، ئێمە چوار پێشمەرگەشی لەگەڵدابووین، دوو گوللـە مووشەکی ستریلای دژە فڕۆکەی گرتە هەلیکۆپتەرێکی دوژمن نەتەقینەوە! بەتووڕەیی مووشەکەکەی فڕێدا (دیارە ماوەیەکی زۆر بووە بەکارنەهاتووە ستۆک بووە)!
رێگای كوردستان: لەو کاتدا کێ بوون بەرپرسی باڵای حشع لەوێ، فەرمانتان لە کێ وەردەگرت؟ هەروەها بەرپرسانی باڵای پێشمەرگەکانی (حدک) کێ بوون؟
د. غەفار: لەو کاتدا هەروەکو زانیمان هەردوو ئەندامی مەکتەبی سیاسی (حەمید مەجید موسا ــ ابو داوود، عومەر عەلی شێخ ــ ابو فاروق) چووبوون بۆ ڕاژان بۆ کۆبوونەوەی بەرەی کوردستانی بەسەرۆکایەتی کاک مەسعود بارزانی، کە گەڕانەوە هاوڕێ ئەبو فارووق پێیڕاگەیاندم کە "سەرکردایەتی بەرەی کوردستانی بڕیاریداوە کە دەبێ لێرە لە بەرزاییەکانی قەبری زاهیر بەرەی بەرەنگاری گشتی هێزی پێشمەرگە دابمەزرێنین، هەروەها بنکەیەکی تەندروستی گشتی بۆ پێشمەرگەکان دەکەینەوە، پێشنیازکراوە تۆ (د.غەفار) لەلایەن (حشع)ەوە سەرپەرشتی ئەو بنکە تەندروستییە بکەیت، دەرمان و پێداویستی پزیشکی و چادر و بەتانیە و خواردنی ڕۆژانە دابیندەکرێت، پزیشک و کارمەندانی تەندروستی بنکەی زێوەی دیوی ئێران هاوکارت دەبن. هەروا گوتی، ئەم شەڕە شەڕی مان و نەمانە، جا بەچاکی بیری لێبکەوە"..
بێ یەک و دوو بە داواکاری و پێشنیازەکەی هاوڕێ ئەبو فارووق ڕازیبووم، دەستبەجێ بڕیاری بەشداریمدا لە شەڕ و داستانی خواکوڕک. خۆشم پسپۆڕیی پزیشکی شەڕەکانی مەیدانیم لە زانکۆی پزیشکی سانپترسبۆرگی ڕوسیا خوێندبوو. هاوڕێ ئەبو فارووق زۆر خۆشحاڵبوو بە ڕەزامەندی پیشاندانم و پێشتریش ئاگاداری کارەکانم بوو لە قاتعی هەولێر و کافێ و شوێنی دی.
رێگای كوردستان: چۆن دەستت بە کارەکانت کرد لە بارودۆخی شەڕدا و چەند هاوکاری دەکران؟
د. غەفار: هاوڕێ ئەبو فارووق شوێنی دامەزراندنی بنکەی پزیشکی بەرەی کوردستانی بۆ دیاریکردم و دەستبەکاربووم. لە شوێنی دیاریکراودا ئامادەبووم لەلایەن (حشع)ەوە دوو جانتای پڕ لە دەرمان و پێداویستی پزیشکی بۆ بنکەکە دابینکرا. دوو یاریدەدەری پزیشکی سەر بە پارتی هاتن بۆ ئیشکردن لەگەڵمدا، کاک سڵیوە و کاک هوشیار، شەقڵاوەیی بوون.
نامەیەکم بۆ کاک ملازم یونس ڕۆژبەیانی سەرکردەی (پدک) بەرەی قەبری زاهیر نارد (30 ڕۆژ سەرکردایەتی شەڕی خواکوڕکی کرد)، لە نامەکەدا داوای پشتگیری پێویستمان لێیکردبوو، سەرەتا دوو خێمە و دوو بەتانی بۆ ناردین، پاشان لە بنکەی تەندروستی زێوەی دیوی ئێران (12) یاریدەدەری پزیشکی و (3) پزیشک هاتن بۆ بنکەکە و زۆر دەرمان و پێداویستی پزیشکیان لەگەڵ خۆیان هێنا. پزیشکەکان (د. سامی، د. سەڵاح، د. ئیبراهیم گەرمیانی) بوون، بۆ ماوەی (7 تاکو 10 ڕۆژ) لە بنکەکە مانەوە، هەروەها یاریدەدەری پزیشکی کاک عەزیز ئەرگوشی زۆر یارمەتی پێشمەرگە نەخۆش و بریندارەکانی دەدا، هەروەها د. محەمەد زاخۆیی.
بەرپرسانی بەرەی کوردستانی سەردانیان دەکردین و دەستخۆشیان لێدەکردین کە دەیانبینی زۆر دڵسۆزانە و ماندوونەناسانە خزمەتی نەخۆش و بریندارەکان دەکەین.
دوای مانگێک سەرکردەی پێشمەرگەکانی پارتی گۆڕدرا (زەعیم عەلی) شوێنی (ملازم یونس ڕۆژبەیانی) گرتەوە.
رێگای كوردستان: چۆن شەڕ و بەرگرییەک لەلایەن هێزی پێشمەرگە ئەنجامدەدرا، چەک و ورەی پێشمەرگە چۆن بوو؟ زیانەکان چەندبوون؟
د. غەفار: شەڕی خواکوڕک لە 19-7-1988 دەستیپێکرد تاکو 6-9-1988 بەردەوامبوو، شەڕێکی بەرگری زۆر قوڕس و پاڵەوانانە بوو، (53) ڕۆژ بەردەوامبوو، لە یەک خولەکدا چوار گوللـە تۆپ بەسەر ناوچەی پێشمەرگەدا دەکەوتە خوارەوە، بە ڕاجمە لێیاندەداین، بە فڕۆکە و هەلیکۆپتەر و هەموو جۆرە چەکێک بۆردومانیان دەکردین، بە دەیان هەزار هێزی سوپای دوژمن و جاشەکان لە پێشڕەویدابوون، پێشمەرگەش بەرگری پاڵەوانانەی دەکرد، پێشمەرگە لەسەر قەبری زاهیر زیاتر لە دە ڕەبیەی بەرگری هەبوو، پێشمەرگە دوو تۆپی 81 ملم و چەند ڕەشاش و دۆشکە و ئاربیچی و چەکی سووکی کلاشنکۆف و بڕنۆی هەبوو، بەڵام چەکی مەعنەویاتی بەرزی پێشمەرگە لە هەموو چەکەکانی بەهێزتر بوو. لە ماوەی ئەم داستانەدا 28 پێشمەرگەی قارەمان شەهیدبوون، 100تاکو 160 پێشمەرگەش بریندار بوون، هەروەها زۆر پێشمەرگە بەهۆی سەرمای بەهێزی سەر ئەم شاخە بەرزە نەخۆشدەکەوتن، دوای چارەسەری سەرەتایی بریندارەکان لەلای ئێمە ڕەوانەی دیوی ئێرانێ دەکران. زیانی گیانی دوژمن بە هەزار کوژرا و مەزەندە دەکرا. سوپای ڕژێم تیپی ئیعدامیان لە پشتەوەی بەرەی شەڕ دانابوو، ئەو سەربازانەی ڕایانبکردایە گوللـەبارانیان دەکردن.
دوای تەواوبوونی داستانی خۆڕاگری خواکوڕک، لە بنکەی تەندروستی گوندی زێوەی ئێران بۆ ماوەی ساڵێک و دوو مانگ خزمەتی نەخۆش و بریندارەکانم کرد، چارەسەری منداڵ و کەس و کاری پێشمەرگەکانم دەکرد.