دیمانە - رێگای كوردستان
لەدیمانەیەكی تایبەتدا، لەگەڵ رێگای كوردستان لەتیف ئەمین مامۆستا و نووسەری بواری پەروەردە رایگەیاند: دواکەوتنی مووچە کاریگەری خراپ و نەرێنی دەبێت لەسەر پرۆسەی پەروەردە بە گشتیی و لەسەر مامۆستایان. مووچە مافێکی سەرەتایی مامۆستایانە لە بەرانبەر ئەو ئەرکەی جێبەجێی دەکەن.
دەستپێکردنی ساڵی تازەی خوێندن و دواکەوتنی مووچە تا چەند کاریگەری لەسەر پرۆسەکە و دەروونی مامۆستایان دەبێت؟
- سەرەتا پێویستە ئەوە بزانین، کردنەوەی دەرگای هەر قوتابخانەیەک داخستنی دەرگای تاریکیی و نەزانیی و دواکەوتووییە، داخستنی دەرگای دەیجووریی عەقڵییە. کردنەوەی دەرگای قوتابخانە، واتە کردنەوەی دەرگای عەقڵەکان، کردنەوەی دەرگای هۆشیاریی و ئاگایی، کردنەوەی پەنجەرەی ڕۆشنایی. یەکەمین هەنگاو بەرەو پێشکەوتن و گۆڕانکاری و گەیشتن بە ئامانجەکان، پێویستە لەبەر دەرگای قوتابخانەکانەوە دەست پێ بکرێت. بۆیە دەستپێکردنی ساڵی تازەی خوێندن، نابێ وەک شتێکی سادە و ئاسایی و ڕۆتینی سەیر بکرێت، بەڵکو پێویستە وەک پرۆسەیەکی گەورە و گرنگ پێشوازی لێ بکرێت و گفتوگۆی جددی لەبارەوە بکرێت، پێویستە بە پەرۆشەوە بە پیریەوە بچین، بە تامەزرۆییەوە ئامێزی بۆ بکەینەوە، هزر و هۆشمان بۆی ئامادە بێت.
سەبارەت بە بەشی دووەمی پرسیارەکەت، بەڵێ دواکەوتنی مووچە کاریگەری خراپ و نەرێنی دەبێت لەسەر پرۆسەی پەروەردە بە گشتیی و لەسەر مامۆستایان. مووچە مافێکی سەرەتایی مامۆستایانە لە بەرانبەر ئەو ئەرکەی جێبەجێی دەکەن. لەبەرئەوەی مامۆستایەتی پیشەیەکی هزرییە، هەست و هزر و ژیریی ئامرازی پرۆسەکەن، بەڵام کە مامۆستا بە هۆی گرفتەکانی ژیانیەوە نەیتوانی بە دەروونێکی ئاسوودە و ئارام و بە عەقڵ و هزرێکی کراوە و پڕ لە هۆشیاریی و تێر و تەژی لە زانست و زانیاریی نوێ و هاوچەرخ ئامادە بێت و هەنگاو بەرەو قوتابخانە باوێت، بێگومان ماک و کاریگەییە خراپەکانی لەسەر پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن بە ڕوونی دەردەکەوێت. ئەگەر مامۆستا جگە لە مامۆستایەتییەکەی، خەریکی کار و کاسبی دیکە بێت، بوار و دەرفەتی بۆئەوە نامێنێتەوە کار لەسەر خۆپێگەیاندن و خۆبەهێزکردن بکات لە بواری پەروەردە و فێرکردندا. مامۆستا، کە لە خەمی دەستکەوتنی کار و پارەپەیداکردندا بێت، ناپەڕژێتە سەر بواری زانست و مەعریفە و ڕۆشنبیریی.
لەبەرئەوەی ڕۆژبەڕۆژ زانست و تەکنەلۆژیا و داهێنان و دۆزینەوەی نوێ سەرهەڵدەدەن، ڕێگا و میتۆد و شێوازی نوێ و هاوچەرخ سەبارەت بە وانەگوتنەوە دادەهێنرێن، تیۆر و توێژینەوەی نوێ لەبارەی پەروەردە و فێرکردنەوە دەخرێنەڕوو. بۆیە مامۆستا هەمیشە و بە بەردەوامی پێویستی بە خۆنوێکردنەوە و بەدەستهێنانی زانست و زانیاری تازە هەیە. مامۆستا پێویستە ئاگاداری گۆڕانکاری و پێشکەوتنە زانستییەکانی سەردەم بێت. ناکرێ مامۆستا دابڕاو بێ لە جیهانی زانست و ڕۆشنبیریی. مامۆستا بە هۆی خراپی گوزەرانی ژیانیەوە، ڕەنگە ئەو بەهرە و توانایەی هەشیەتی بەرەبەرە بژاکێت و نەمێنێت.
مامۆستایەک، ئەگەر لە ڕووی دەروونییەوە ئارام و ئاسوودە نەبێت، ناتوانێ پەیامە پەروەردەییەکانی بگەیەنێت. مامۆستایەک، هەر خەریکی گرفتە تایبەتییەکانی خۆی بێت و سەرقاڵی سەروسەودا و ڕاکەڕاکی ژیان بێت و هەمیشە ماندووێتی و بێئۆقرەیی پێوە دیار بێت، ئەستەمە بتوانێ وەکو مامۆستایەکی سەرکەوتوو ئەرکە پەروەردەییەکانی جێبەجێ بکات. بەڵێ بێگومان خراپی بارودۆخی ژیانی مامۆستا، کاریگەری لەسەر هزر و هۆش و بیرکردنەوەشی دەبێت. دواجار کاریگەری خراپی لەسەر تەواوی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردنیش دەبێت. مامۆستا ئەگەر لەڕووی هزری و دەروونییەوە ئارام و ئامادە نەبێت، جگە لە کاربەڕێکردن و پڕکردنەوەی بۆشاییەک، هیچی لێ بەرهەم نایەت.
دەبینین لە زۆربەی قوتابخانەكان، مامۆستا جگە لە پسپۆڕی خۆی چەند بابەتێكی تر دەڵێتەوە. پێتوانییە كاتی ئەوە هاتووە حكوومەت چارەسەرێک بۆ ئەمە بدۆزێتەوە؟
- ئەمە یەکێکە لە گرفتەکانی نێو پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن. کۆمەڵێک بابەتی جیاواز لە ناوەندەکانی خوێندن هەر لە پۆلی یەکەمی بنەڕەتی تا دوازدەی ئامادەیی دەخوێنرێن. هەر یەک لەو بابەتانە پێویستی بە مامۆستای تایبەتمەند و پسپۆڕ لەو بوارە هەیە. ناکرێ مامۆستای مێژوو بابەتی بیرکاری بە قوتابییان بڵێتەوە، ناکرێ مامۆستای زمان و ئەدەبی کوردی بابەتە زانستییەکان بە قوتابییان بڵێتەوە. کەی ئیشی مامۆستای کوردییە هاوکێشە کیمیایی و فیزیاییەکان شیکار بکات! کەی ئیشی مامۆستای مێژوو و جوگرافیایە بچێتە نێو کێشمەکێشمی بیرکاری و هێما و ژمارە و ئەندازەکان! مامۆستای وەرزشە و ڕێزمانی کوردی شی دەکاتەوە. ئەمە کارەساتە!
هەڵبەت بیانووەکەش نەبوونی مامۆستای پسپۆڕە لە قوتابخانەکان، ئەمەش کارگێڕی قوتابخانەکان ناچار دەکات بە هەر جۆرێک بێت وانەکان بدەن بە مامۆستاگەلێک تەنها بۆ ئەوەی بۆشایی دروست نەبێت.
بێگومان ئەمەش کاریگەری خراپی دەبێت بۆ سەر ئاستی زانستیی قوتابییان و گەشەی مەعریفی و فێربوون سست دەکات. ئەوەی لەسەر وەزارەتی پەروردەیە ئەوەیە هەوڵ بدا بە پێی داواکاری قوتابخانەکان و پێویستییەکانیان مامۆستا دابمەزرێنێت. ئەوەی ئێستا هەیە و بە دی دەکرێت وەک باسمان کرد، لە ئەنجامی نەبوونی پلان و بەرنامەیەکی گونجاو بووە بۆ دامەزراندنی مامۆستایان. هەر بە هەڕەمەکی دەرچووانی زانکۆکان دامەزراون، بێ ئەوەی ڕەچاوی پێویستیی و پسپۆڕیی بکرێت. دەرچووی کۆلێژی زانستە سیاسییەکانە و کراوەتە مامۆستا. دەرچووی کۆلێژی کارگێڕی و کارە کراوەتە مامۆستا. دەرچووی پەیمانگای تەکنیکی و پسپۆڕی کارگێڕی و یاسایە بووەتە مامۆستا. دەرچووی کۆلێژی ئەندازیارییە و بووەتە مامۆستا. کەی ئیشی ئەوانە مامۆستایی و پەروەردە و فێرکاریی و ئەم بوارەیە!
ئایا قوتابخانە حکوومییەکان تەواوی پێداویستییەکانی خوێندن و ژینگەیەکی ئارامیان تێدایە بۆ قوتابییان؟
- پرسیارەکەی بەڕێزت دوو بەشە، بەشی یەکەمیان سەبارەت بە پێداویستییەکانی خوێندنە لە قوتابخانەکاندا، کە خۆی دەبینێتەوە لە هەبوونی شوێنی گونجاو بۆ خوێندن، هەروەها مامۆستای تایبەتمەند، پرۆگرامی ئامادەکراو، کاتی دیاریکراو، ئامرازەکانی فێرکردن. ناکرێ بڵێین قوتابخانە حکوومییەکانی ئێمە بۆش و بەتاڵن لە پێداویستییە فێرکارییەکان، کۆمەڵێک شت هەن، بەڵام کەموکورتیی زۆر هەیە. بۆ بابەتە زانستییەکان قوتابخانە پێویستی بە ژووری تایبەت بە تاقیگە هەیە، کەم قوتابخانە ئەمەی هەیە، بە تایبەت لە گوندەکان. هەندێک بابەت هەن پێویستە قوتابی بە کرداریی بیانبینێت و پراکتیزەیان بکات. بۆ نموونە بابەتەکانی کیمیا و زیندەزانیی و فیزیا پێویستیان بە تاقیگە هەیە. بۆ بابەتی هونەر قوتابخانە پێویستی بە هۆڵی تایبەت هەیە کە هەموو پێداویستی و ڕەنگ و ماتریاڵەکانی تێدابێت بۆ دۆزینەوەی بەهرە هونەرییەکانی قوتابییان و بۆ ئەوەی قوتابی بتوانێت داهێنان بکات. بۆ پەروەردەی وەرزشی و ساغلەمیی جەستە پێویستە هۆڵی تایبەت بە هەموو کەرەستە وەرزشییەکانەوە هەبێت، بۆ ئەوەی لە کاتی سەرما و گەرمادا قوتابییان بتوانن سوودی لێ ببینن، هەم بۆ تەندروستییەکی باشتر هەم بۆ ئارامیی دەروون و ئاسوودەییان.
پێداویستییەکانی قوتابخانە بۆ خوێندنێکی باش و پێشکەوتوو، خوێندنێک کە پاڵ بە کۆمەڵگەوە بنێت بەرەو دنیای پێشکەوتوو و پێ بە پێی پێشکەوتنەکانی سەردەم هەنگاو بنێت، بەوەی کە ئێستا هەیە، ئەستەمە.
بەشی دووەمی پرسیارەکەی بەڕێزتان باسی هەبوونی ژینگەیەکی ئارامە لەنێو قوتابخانەکان بۆ قوتابییان.
هەروەک فەیلەسووف و پەروەردەکار(بێرتراند ڕاسڵ) دەڵێت: "قوتابخانە نابێ ببێتە ئامرازێکی پۆلیسی و منداڵی پێ بترسێنرێت". قوتابخانە کە شوێنێک نەبوو قوتابی تێیدا ئاسوودە و ئارام بێت، شوێنێک نەبێت تێیدا هەست بە دڵنیایی و ئۆقرەیی بکات، پەنجەرەیەک نەبێت تێیدا ژیان جوانتر و جیاوازتر ببینێت، دەروازەیەک نەبێت تێیدا خەون و خولیا و خۆزگەکانی چرۆ دەرکەن و بپشکڤن، ئەوە قوتابخانە نییە، ئەوە زیندانە، ئەوە قوتابخانە نییە، ئەوە شوێنی سزادانە. ژینگەی ئارام چۆن دروست دەبێت؟ بێگومان ئەوە ئەرک و ئیشی پەروەردەکارانە. ئەوە پەروەردەکارانن دەتوانن وا بکەن قوتابی بە تاسە و تامەزرۆییەوە، بە خەندە و خۆشەویستییەوە، بە گەرمیی و گورجوگۆڵییەوە، بڕۆنەوە قوتابخانە، ئەمە کاتێک هەست دەکەن ڕێز لە کەسایەتییان دەگیرێت و بە گرنگی و بایەخەوە لە داهاتوویان دەڕوانرێت و هیوایان لەسەر هەڵدەچنرێت. لە هەمان کاتدا، دەکرێ بە هۆی هەڵەی پەروەردەکارانەوە قوتابخانە ببێتە شوێنی لەگۆڕنانی خەونەکانی منداڵ، ببێ بە سێدارەیەک بۆ هەڵواسینی خولیا و خۆزگەکانی منداڵ، ببێ بە سەربازگەیەک بۆ ئەشکەنجەدانی جەستەیی و پەژموردەکردنی ڕۆح و هەستی منداڵ.
ئەوەی ڕاستییە، لە ئێستادا ناتوانین بڵێین قوتابییان هەموو ئاسوودەن لە قوتابخانەکان و ناوەندەکانی خوێندن و کارێکی وا کراوە بە جۆرێک قوتابی تەواو هەست بە ئاسوودەیی و ئارامیی و دڵنیایی دەکات و هیچ توندوتیژییەکی لە بەرانبەردا ناکرێت. نا، بەم شێوەیە نییە، بەڵام ئەم چەند ساڵەی دوایی بەراورد بە پێشووتر، جیاوازییەکی زۆر هەیە، لێدان و توندوتیژی جەستەیی ئەگەر نەشڵێین بە تەواوی نەماوە، بەڵام زۆر کەم بووەتەوە. لە دیاردەوە بووەتە حاڵەت. بەڵام پێویستە زیاتر کار لەسەر نەهێشتن و بنبڕکردنی توندوتیژی بکرێت و ژینگەی قوتابخانەکان وایان لێ بکرێت قوتابی بە مانەوەی چەند کاتژمێرێک لە قوتابخانە، هەست بە بێزاریی و وەڕسبوون نەکات. نەک وەک جاران کە قوتابییان کاتی چوونەوەیان دەهات و هەر کە لە دەرگای قوتابخانە دەردەچوون، دەیانگوت(بەربووین) وەک ئەوەی لە زیندان بەربووبن.
کەمی قوتابخانە و زۆری قوتابی لەناو پۆلدا کاریگەری لەسەر ئاستی فێربوونی قوتابی دەکات؟
بەڵێ بێگومان، زۆری ژمارەی قوتابییان لەناو پۆلدا و نەبوونی شوێنی گونجاو و ڕووبەری فراوان لە قوتابخانەکان کۆمەڵێک گرفت دروست دەکات، یەکێک لەوانە دابەزینی ئاستی زانستییە. لەبەرئەوەی میتۆدەکانی وانەگوتنەوە لە ئێستادا جیاوازن لە جاران. پێشتر وانەگوتنەوە بە شێوەی وتاردان و تەلقینی بوو، تەنها مامۆستا قسەکانی دەکرد و قوتابی هیچ ڕۆڵێکی کارای نەبوو، تەنها گوێگرێکی کڕ و کپ و بێدەنگ و بێ پرسیار بوو. قوتابی کەمترین بەشداری هەبوو لە شیکاری وانەکاندا، گفتوگۆ و پرسیار و ڕاگۆڕینەوە مەگەر زۆر بە کەمی هەبووبێت. بۆیە جاران زۆری ژمارەی قوتابی لە پۆلدا گرفتێکی وا نەبوو بۆ مامۆستا. ئەویش بە هۆی میتۆدە کلاسیکییەی وانەگوتنەوەوەبوو. بەڵام ئێستا گۆڕانکاری بەسەر شێوازی وانەگوتنەوەدا هاتووە. بە پێی میتۆدە هاوچەرخەکانی وانەگوتنەوە پێویستە قوتابی سەنتەر و چەقی وانەکە بێت و زۆرترین چاڵاکیی و بەشداری هەبێت، مامۆستا تەنها ڕێنیشادەرە و ڕابەرایەتی قوتابییەکانی دەکات. جا لێرەدا کاتێک پۆلێکی خوێندن ژمارەی قوتابییانی زۆر بێت، گرفت دروست دەبێت لەبەردەم جێبەجێکردنی ڕێگا نوێیەکانی وانەگوتنەوە. دواجار ئەمەش دەبێتە هۆی نزمی ئاستی زانستیی و خراپی کوالێتی فێربوون. کاتێک پۆلێک نزیکەی چل قوتابی تێدابێت، مامۆستای بابەت کێشەی بۆ دروست دەبێت و ناتوانێت بەشداری بەو هەموو قوتابییە بکات لە وانەکەدا. ئەمە زیاتر لە سەنتەری شارەکان ئەو کێشەیە هەیە. ئەمە جگە لەوەی زۆری ژمارەی قوتابییان لە پۆلدا دەبێتە هۆکاری جەنجاڵی و بەریەککەوتن و کێشە و گرفت و دەنگەدەنگ و ئاژاوە و پشێوی لەنێو پۆل و قوتابخانە بە گشتی. ڕەنگە بۆ مامۆستاش بەڕێوەبردنی پۆلی لەم شێوەیە قورس بێت و ببێتە مایەی سەرئێشە بۆی.
ڕای بەڕێزت چییە سەبارەت بەو هەنگاوەی وەزارەتی پەروەردە بۆ بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا و ژیریی دەستکرد لە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردندا؟
ژیریی دەستکرد شۆڕشێکی تەکنەلۆژیی بوو، کاریگەری بە سەر زۆر لایەنی ژیانی مرۆڤەوە هەیە. یەکێک لەوانە پەروەردە و فێرکردنە. بێگومان کۆمەڵگەیەک خەونی گۆڕانکاریی و بەرەوپێشچوونی هەبێت، ناتوانێت خۆی لە تەوژمی تەکنەلۆژیا لابدات. مرۆڤی ئێستا مرۆڤی بەردەم شاشەکانە. دونیای ئێستا دونیای دیجیتاڵییە. ناکرێ ئێمە دوور و دابڕاو بین لەم جیهانە پڕ لە گۆڕانکاریی و نوێیە. ئەوە یەکێکە لە هەوڵ و هەنگاوە باشەکانی وەزارەتی پەروەردە. لە ٢١ی ئابی ٢٠٢٥دا لە سێیەمین کۆڕبەندی پەروەردەیی کە لە شاری هەولێر ڕێک خرا، ئامانجی کۆڕبەندەکە کەڵکوەرگرتن بوو لە تەکنەلۆژیا و ژیریی دەستکرد AI لە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردندا. لە کۆڕبەندەکەدا ژیریی دەستکرد وەک ڕێگایەکی نوێ و هاوچەرخ بۆ سیستەمی فێرکاریی بڕیاری لەسەر درا لە ناوەندەکانی خوێندن، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ببێ بە بنەمایەکی سەرەکی بۆ پرۆسەی فێرکردن و فێربوون. ئەمە وەک پاڵپشتییەک قوتابی دەتوانێ سوودی لێ ببینێت. لەو کۆڕبەندەدا پلاتفۆرمێکی دیجیتاڵی ڕاگەیەنرا و ناوی لێ نرا(قوتابخانەکەم) بۆ بازنەی یەکەم، کە پۆلەکانی یەکەم و دووەم و سێیەم دەگرێتەوە و سەرجەم وانەکان بە ڤیدیۆ و وێنە و چاڵاکیی جۆراوجۆر لەخۆ دەگرێت و قوتابی دەتوانێت سوودی لێ ببیێت. هیوادارین زیاتر پەرە بەم بوارە بدرێت و قوتابییان لە سەرجەم قۆناغەکان بتوانن لێی سوودمەند بن.
ئەو کێشانە چین کە ساڵانە دووبارە دەبنەوە لە سیستەمی پەروەردە و فێرکردندا؟
کۆمەڵێک گرفت هەن، گرفتی بنەڕەتین، ئەم گرفتانە نابنە هۆکاری پەکخستنی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن، بەڵام دەبنە هۆکاری شێواویی و لەنگیی و لەرزۆکیی پرۆسەکە. ئەگەرچی لە هەندێک شتدا وەزارەتی پەروەردە بەراورد بە پێشوو گۆڕانکاری باشی کردووە و هەنگاوی باشی ناوە، بۆ نموونە جاران گرفتی کەمی و درەنگگەیشتنی کتێبی پرۆگرامەکانی خوێندن هەبوو لە قوتابخانەکان، بەڵام ئێستا پێش دەستپێکردنی دەوام کتێبەکان دەگەنە قوتابخانەکان. ئەمە هەنگاوێکی باشە. بەڵام چەند گرفتێکی دیکە هەن کە بەرۆکی قوتابخانەکان دەگرن، لە خوارەوە ئاماژەیان پێ دەکەم، ڕەنگە گرفتی دیکەش هەبن. گرفتەکانیش بریتین لەمانە:
١- ڕێکخستنی میلاکی قوتابخانەکان و نەبوونی مامۆستای پسپۆڕ. بە تایبەت ئەم ساڵ، بە پێی ئامارەکان نزیکەی حەوت هەزار مامۆستا خانەنشین بوونە. تا ئێستاش بڕیاری دامەزراندنی مامۆستایان نەدراوە، ئەمەش بۆشایی و گرفت دروست دەکات بۆ قوتابخانەکان.
٢- هەموو ساڵێک وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای ساڵەوە ساڵنامەی خوێندن بۆ هەر دوو وەرزی خوێندن دادەنێت و گشتاندنی بۆ دەکرێت بۆ سەرجەم قوتابخانەکان، کە تێیدا ڕۆژەکانی دەوام بۆ هەردوو وەرز و ڕۆژانی پشووە فەرمییەکان و ڕۆژانی تاقیکردنەوەی نیوەی وەرز و کۆتایی وەرز بۆ پۆلە ناکۆتاکان و ئەزموونی نیشتیمانی بۆ پۆلی نۆیەم و وەزاری بۆ پۆلی دوازدەیەم بە خولی یەکەم و دووەمیشەوە دیاری دەکرێت، ئەمە شتێکی باشە و بەرچاوڕوونییە بۆ کارگێڕی قوتابخانەکان و بۆ مامۆستایان بۆ ئەوەی بەپێی ئەم ساڵنامەیە پلانی کار و چاڵاکییەکانی خۆیان دابنێن، بەڵام گرفتەکە ئەوەیە زۆر جار ئەم ساڵنامەیە وەکو خۆی جێبەجێ ناکرێت. زۆر جار لە ناکاو بە بڕیارێک چەند ڕۆژێک پشوو ڕادەگەیەنرێت یان گۆڕانکاری لە کاتی تاقیکردنەوەکاندا دەکرێت. ئەمەش دەبێتە هۆی تێکچوونی پلان و کارنامەی قوتابخانەکان.
٣- ساڵانە وەزارەتی پەروەردە ڕۆژێک لە کۆتاییەکانی مانگی نۆ بۆ دەستپێکردنەوەی دەوامی قوتابخانەکان دیاری دەکات، گرفتەکە ئەوەیە مانگی نۆ هێشتا کەشوهەواکەی گەرمە و پلەی گەرمی بەرزە. پۆلەکانیش پێویستیان بە فێنککەرەوە دەبێت، تا ئێستاش زۆرینەی قوتابخانەکان کارەبای بیست و چوار کاتژمێرییان نییە. ئەگەر کارەباش هەبێت، فێنککەرەوە بۆ هەموو پۆلەکان نییە. بە هەمان شێوە لە کۆتایی ساڵیش کە تاقیکردنەوەکان دەکەوێتە نێو مانگی پێنج و شەش. هەرچەند بە پێی دوایین لێدوانی وەزیری پەروەردە تا ئێستا توانراوە کارەبای ٢٤ کاتژمێری بە سوودبینین لە وزەی خۆر بۆ ١٢٧ قوتابخانە دابین بکرێت، ئەمە هەوڵێکی باشە.
٤- نەبوونی پاڵپشتی دارایی بۆ قوتابخانەکان، ئەمە یەکێکە لە گرفتە زەق و زیندووەکان. قوتابخانەکان ساڵانە پێویستیان بە کڕینی پەڕاو و زۆر کەلوپەل و کەرەستەی پێویستی ڕۆژانە هەیە، بۆ چاڵاکییە هونەری و وەرزشییەکان، بۆ کڕینی هۆیەکانی فێرکردن و بۆ زۆر شتی تر پێویستیان بە پارە هەیە، تەنانەت بۆ چاککردنەوەی ئامێر و کەلوپەلە تێکچووەکانیان، بەڵام هیچ بڕە پارەیەک لە لایەن وەزارەتی پەروەردەوە بۆ قوتابخانەکان تەرخان نەکراوە. ئەو داهاتەی کە هەیانە، پارەی بە کرێدانی فرۆشگاکانە، ئەویش بڕێکی زۆر کەمە و بەشی دابینکردنی پێداویستییەکان ناکات.