دیمانە/دهۆک بەڕۆژی_سۆران.

ڕۆنیا نعمت، کچە یاریزانی تایکواندۆی یانەی وەرزشی سۆران و دانیشتووی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دوای بەشداری کردنی لە پاڵەوانیەتی تایکواندۆ لە شاری سلێمانی، توانی پلەی دووەم بەدەست بهێنێت لە ئاستی کوردستان، بە ڕاهێنەرایەتی کاپتن هۆشەنگ لە ئێستادا خۆی بۆ پاڵەوانێتیەكان عێراق و دەرەوە ئامادە دەكات.ڕێگای کوردستان بەم دیمانەیەبەسەریکردۆتەوە.

رێگای كورستان: چۆن دەستت کرد بە تایکواندۆ و چی هۆکار بوو کە ئەم وەرزشی هەڵتبژێریت؟

لە تەمەنی منداڵی و قۆناغی سەرەتایی دا بووم دەستم بە وەرزشی تایکواندۆکرد، ئەویش بەهۆی باوکم  هەر ئەویش وایکرد حەزم بچێتە سەر یاریەکە و بەردەوام بم.

رێگای كورستان: کەی زانیت کە تایکواندۆ دەتوانێت ببێتە بەشێک لە ژیانت؟

سەرەتا تەنها بۆ حەز و بەرگری جسم چوومە ناو بوارەکە، بەڵام بە پێی کات خولیام بۆی زیاتر بوو، لە ٢٠٢٠ لە کاتی کۆڕۆنا بە ناچاری وازم هێنا لەو کاتە هەستم بە بۆشاییەک کرد دواتر  بۆم دەرکەوت بووە بە بەشێک لە ژیانی من وە ناتوانم وازی لێ بێنم.

رێگای كورستان: ئایا کەسێک هەیە لە خێزان یان هاوڕێکانت کە هۆی پەیوەندیت بە تایکواندۆ بووە؟

بێگومان خێزانەکەم گەورەترین پاڵپشتم بوون لە ڕێگای سەرکەوتنم، تەنانەت باوکیشم لەتەمەنی گەنجی خۆی یاریزانێکی بەتوانای ئەم بوارە بووە.ویستی منیش بێبەش نەبم لە چێژ و سوودی بۆیە هەر زوو منی بەو وەرزشە ناساند ، دوای دابڕانم لە ٢٠٢٠-٢٠٢٥ دایکم گەورەترین پاڵپشتم بوو بۆ دووبارە گەڕانەوە و کۆڵنەدان.

رێگای كورستان: لە هەنگاوی پێشبڕکێدا، چی گرنگترە بۆ تۆ — فیزیکی یان مێشکی؟

بە دیدی من، ئەم پرسیارە وەکوو ئەوە وایە بە بازێک بڵێی باڵی چەپت گرینگترە یان ڕاست، هەردوو باڵەکە تەواوکەری یێکترن. هەرکام لە باڵەکان هێزی نەبوو یاخوود هێزی کەمتر بوو فڕین بۆ لووتکەی بەرز ئەستەمە.

رێگای كورستان: پەیامیت لەبارەی یاری تایکواندۆ بۆ ژنەکان لە کوردستان و جیهان چیە؟

نەک بەس تایکواندۆ، هەر خولیایێکتان هەبێت  کۆڵنەدەن و بەردەوام بن، با قسەی دەورووبەر کاریگەری نەرێنی لەسەر مێشک و دەروونتان دروست نەکات. دڵنیام سەرکەوتوو دەبن.

رێگای كورستان: چی پەیامێک دەتەوێت بگاتە ژنەکانی دیکە کە دەتەوێن تایکواندۆ فێرببن؟

بێگومان سەرەتای قورسە، بە تایبەت بۆ خانمان لە کۆمەڵگای ئێمەدا کە زورینەی خەڵک ئافرەت و وەرزشیان دوو شتی دژ بە یێک دەبینن , وە بە پێی پێویست ئافرەت لەو بوارەدا جێی خۆی نەکردۆتەوە وە گرینگی پێ نەدراوە بە ڕای من زور گرینگە بۆ ئافرەت فێر بێت بەرگری لە خۆی بکات لە هەر کات و ساتێک، وە ڕێژەی زۆرینەی دەستدرێژیەکانیش لە ئافرەت دەکرێت، لەبەرئەوەی زۆر بە ئاسانی ئەتوانن بەسەریاندا زاڵ بن.

زۆر سوپاس بۆ ڕۆژنامەی ڕێگای كوردستان كە منتان بەسەركردەوە،زۆر گرنگە پەرە بە توانا  وكاری خانمان بدرێت تا بتوانن زیاتر بناسرێن تا لەسەرپێی خۆیان بوەستن.


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا