
وتەیەك:
بەشی دووەم
چەپبوون، تەنیا لە یادێكدا كورت نابێتەوە. بەڵكو پرسێكی دانەبڕاوی ژیانی مۆدێرنە.
لە مۆدێرنەدا، چەپ و شیوعییەت وەك دیاردەیەكی سیاسی و كۆمەڵایەتی لەدایكبوون. حیزبی شیوعیی كوردستان، بەشێكە لەو دیاردەیە كە لە هەناوی چەپی عێراقییەوە سەریهەڵدا و پاشان لكا بە ئەزموونی سیاسیی كوردییەوە. لە ساڵیادی ڕاگەیاندنی حیزبدا، هەفتەنامەی ڕێگای كوردستان فایلێك لەمەڕ چەپی كوردی و ناوچەكە دەكاتەوه و چەندین پرسیاری جۆراوجۆر ئاراستەی نوسەران و سەركردەكان، دەكات.
لە بەشی دووەمی گفتوگۆکەماندا لەگەڵ هاوڕێ پەخشان زەنگەنە وەک سەرکردە و تێکۆشەرێکی بزاڤی ژنان و ژنی ڕۆژانی بەرەنگاری وەڵامی پرسیاری دووەم دەداتەوە.
پرسیاری دووەم: وەک ژنێکی کۆمۆنیست پێویستی حیزبی شیوعیلە ڕوانگەی ژنانەوەچۆن دەبینی بۆ گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی و یەکسانی ڕەگەزی؟
پێم وایە ڕاگەیاندنی حیزبی شیوعیی کوردستان دەرفەتێکی مێژوویی گرنگی ڕەخساند کە چاو ببڕینە ئاسۆیەکی گەش و فراوان بۆ وەدیهێنانی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی بە ئاڕاستەی زامنبوونی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و دەرفەتی یەکسان و دابینکردنی مافەکانی مرۆڤ و مافە مرۆییەکانی ئافرەت وەک مرۆڤێک. بێ ئەوەی وەهمی ئەوەمان هەبێت کە ئەم ئاسۆیە بە سانایی دەکرێتەوە، دەمانزانی کە ڕووبەڕووی ئالەنگاری و بەرەنگاربوونەوەی سەخت دەبین لەو خەباتە، چ لە ڕووی چینایەتی یان سیستەمی باوکسالاری لە کوردستان.
دیدمان ئەوەیە کە ژن تەنها قوربانیدەر نییە، تەنها دایکە شەهید نییە" لەگەڵ پیرۆزی و بەرزی ئەوە" ژن تەنها قوربانیش نییە، بەڵکو ژن بکەرێکی کارایە لە کۆمەڵگە بە گشت بوارەکانیەوە، لە گۆڕەپانی سیاسی و لە سەردەمە جیاجیاکانی خەباتدا بە ڕۆژە سەختەکانیشەوە، کە هێشتا دوور نین لە یادی کۆمەڵانی خەڵکدا کە ژنان بەشداری کارایان هەبووە بە خەباتی چەکداریشەوە، بۆیە لە دوای ڕاپەڕین و پێکهاتنی حیزبی شیوعیی کوردستانیش، ژنان بە تایبەتی ژنە شیوعییەکان خۆیان بە هاوبەش و شەریک دەزانن لە هاتنەدی ئەو دەستکەوتە مەزنە. بۆیە ناکرێت ژن وەک پاشکۆی خەبات تەماشا بکرێت و لە سەرکەوتنەکاندا فەرامۆش و بێبەش بکرێت.
سەرەڕای ئاڵۆزی بارودۆخەکە لە زۆر لایەنەوە، بەڵام بەردەوامین لە خەبات بۆ داڕمانی ئەو دیدە کلاسیکییە لە ئاست ژندا. هەر بۆیە ژنە شیوعییەکانی کوردستان لە سەرەتای ڕاپەڕینەوە دەستپێشخەر بوون لە خەبات لەگەڵ دەستە خوشکەکانیان لە لایەنە سیاسییەکانی دیکە بۆ وەدیهێنانی مافەکانی ژنان، کاراکردنی ڕۆڵیان لەسەر ئاستی دامەزراوەکانی بڕیاردان و لە فەزای گشتی، دەستپێشخەربوون لەگەڵ ژنانی ئازادیخواز و دیموکراتخوازی عێراقدا بۆ دابینکردنی سیستەمی کۆتا بۆ بەشداری ژنان لە ئەنجومەنە هەڵبژێراوەکاندا وەک ڕێ و شوێنێکی کاتی. بۆ وەدەستهێنانی یاساگەلێک کە مافی ژنان بەرەو پێش بەرێت و گەلێک دڵمان خۆشە بە دیدی پەرلەمانی کوردستان و ئیرادەی سیاسی کوردستان لەم بوارەدا، دەستپێشخەربوون بۆ ناساندنی واقیعی ژنان لە کۆمەڵگە و پێویستی گۆڕینی ئەو واقیعەی ژن. لەسەر ئاستی پەیوەندی مافەکانی ناو ماڵ تا بواری گشتی و ناساندنی ڕۆڵی کارای ژنان لە وەدیهاتنی دەستکەوتەکانی کوردستان، لە هەمان کات دەست پێشخەربوون لە ناساندنی خەباتی ژنانی کوردستان و خواستیان و بەرنامەیان بۆ وەدیهێنانی واقیعێکی جوانتر لە کۆمەڵگە کە بەختەوەری خێزان و سەرانسەری کۆمەڵگە بە مافەکانیان بە جیهانی دەرەوە، کە ئەم چالاکییانە بەرهەمی ڕاپەرین و بۆ ژنە شیوعییەکان ئەنجامی پێکهاتنی حیزبی شیوعیی کوردستانە.
دیارە هەرگیز ئەوەش لەیادنەکەین کە بەدیهێنانی خواستی ژنان لە بەدەستهێنانی ماف و دەرفەتی یەکساندا، خەباتی سەختی دەوێت و ئاسان نییە ڕووبەڕووی کێبڕکێی جیدی دەبیتەوە لەگەڵ پیاوانی هاوخەباتی ڕۆژانی سەختی شار و شاخ.
ڕاستە لە هەندێک وێستگەدا بە زەقی پاشگەزبوونەوە لە گەڵیک لە دروسشمەکانی یەکسانی دەبینرێت بەڵام ئەوە کۆتا وێستگە نییە، ژنان خەباتی خۆیان توندتر دەکەن. لێرەدا دەمەویت ئاماژە بەبابەتێک بدەم پەیوەست بە گرنگی پێکهێنانی حیزبی شیوعیی کوردستان لە دیدگای ژنی مارکسیەوە، کە بەداخەوە خودی شیوعییەکان فەرامۆشی دەکەن کە دەبووایە هەمیشە لەبەرچاوان بووایە، پێم وایە ئەوەش پەیوەندی بەو پاشگەزبوونەوەیە هەیە کە ئاماژەم پێکرد.
هەڵبژاردنی ژنێک لە یەکەم سەکردایەتی حیزبی شیوعیی کوردستان بە دەنگێکی زۆر لە ساڵی ١٩٩٣ بەبێ بوونی کۆتا و بەبێ بلاوبوونەوەی فراوانی ئەدەبیاتی جێندەری، و هەڵبژاردنی لە ململانێ لەگەڵ پیاودا بۆ مەکتەبی سیاسی، ( لە کاتێکدا کە ژمارەی ئەندامانی سەرکردایەتی لە ئێستا زیاترنەبوو، بنکەی حزبی و جەماوەری حزب زۆر فراوان بوو) ئەمە یەکەم ڕووداو بوو لە گشت حیزبە سیاسییەکانی عێراقدا بە حزبی شیوعیی عێراقیشەوە، ئەمە گوزارشێکی گەش و جوان بوو لەو سەردەمەدا بۆ کامڵی سیاسی و ڕێکخراوەیی حیزب کە کە شیوعییەکانی کوردستان لەو سەردەمەدا پێی گەیشتبوون، و دەنگدانەوەی خۆی هەبوو لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق. ئەم کامڵی و پێگەیشتووە سیاسی و فیکریە، دان پیانانی شیوعییەکانی کوردستان بە ڕۆڵی ئافرەت وەک بکەری سەرەکی لە خەباتدا و متمانە بە تواناکانی کە دەرقەتی ئەرکی باڵاترین پێگەکانی بڕیاری حیزبی بێت لە ڕووی سیاسی و فیکری و ڕێکخراوەییەوە. ئەمە تەحەدایەکی گەلێک بەهێز بوو. هەنگاوێکی پێشکەوتووی گەلێک گەورەبوو.
ئەم هەڵوێستە پێشکەوتووەی حیزب لەو سات و سەردەمەدا، دەتوانم بڵێم لە تاقیگەی شوڕشیگیڕی خەباتی شار و شاخ دا چەکەرەی کرد ، لەو سەردەمەی هەتا ڕادەیەکی زۆر پانتایی جیاوازی لە نیوان ژن و پیاو تەسک بووبوویەوە. لەو خەباتەدا وەک یەک ڕووبەڕووی مەترسییەکان دەبووینەوە و چاونەترسانە خەباتیان دەکرد، لەیەک سەنگەر ڕووبەڕووی تۆپ و تەیارە دەبوونەوە، وەک یەک بەرەنگاری گەرما و سەرما و برسێتی و دڵەڕاوکێ و ئازاری لەدەستدان و شەهیدبوون و گرتن و لەسێدارەدانی هاوڕێکانیان دەبوونەوە. ئەو دەنگدانەیان گوزارشێکی ڕاستەقینە بوو بۆ ئەو هۆشیارییەی کە ژن وەک هاوڕێی خەبات دەتوانێ سەرکردەی سیاسی بێت، دەتوانێت لەو جەنجاڵ و ئاڵۆزییە حزب بەڕێوەبەرێت .
کەواتە پێویستە هەمیشە ئەوە لە هزری شیوعییەکاندا بچەسپێت کە خەبات بۆ مافی ژن وەک مرۆڤ وەک هاووڵاتییەکی خاوەن ماف و تەواوی هاووڵاتیبوون ، دەکەوێتە کرۆکی خەباتی نیشتمانی و نەتەوایەتی و دیموکراتی و چینایەتی. هیوادارم هاوڕێیانی ئافرەتیش هەمیشە ئەوەیان لە هزردا بێت کە یەکسانی لە گۆڕەپانی خەباتی هاوبەش و لێهاتووی خۆیان بەدەست بهێنن.
