دەهۆک بەڕۆژی _ سۆران

 

 

دیزاینی کاری دەستی بۆ ئافرەتان، هونەرێکی جوان و داهێنەرانەیە کە جوانی، خەیاڵ و توانای ئافرەتان دەخاتە ڕوو. ئەم جۆرە کارانە، وەک دروستکردنی کەلوپەلی دەستی، دیزاینی جلوبەرگ، گەوهەر و ڕازاندنەوە، تەنها دەربڕینی هونەر نین، بەڵکو دەرفەتێکن بۆ سەربەخۆیی ئابووری، داهێنان و پاراستنی کەلتوور و نەریتی کۆمەڵگە. کاری دەستی دەتوانێت بۆ ئافرەتان یارمەتیدەر بێت بۆ گەشەپێدانی تواناکانیان، دروستکردنی سەرچاوەی داهات و بەشداریی زیاتر لە پەرەپێدانی کۆمەڵگە.

پەروێزخان جەمال سدیق، لەدایکبووی ٥/٨/٢٠٠١، خەڵکی رواندزە. ئێستا کە هاوسەرگیریی کردووە، لە سۆران دادەنیشێت و خاوەنی کچێکە بە ناوی نارێ خان. هەر بەو هۆیەشەوە کارەکانی هەمووی بە ناوی ئەو ناسراون. دەرچوی بەشی پەرستارییە لە کۆلێژی تەکنیکیی سۆران و لە ئێستادا کارمەندی تەندروستییە.

چی واى کرد ئەم پیشەیەتان هەڵبژارد؟ سەبارەت بە هەڵبژاردنی ئەو کارەم، هەموو کات ویستوومە لە پاڵ دەوامەکەمدا خاوەن بزنزی خۆم بم و پیشەیەکی سەربەخۆم هەبێت. نزیکەی ساڵێک بەر لە ئێستا دەستم بە کاری شیرینی و خواردن دروستکردن کرد، شوکر زۆر تێیدا سەرکەوتوو بووم و موشتەریی بەردەوام هەبوو تاکو ئێستا، بەڵام کچەکەم کارەکەمی قورس کردبوو لێم. دوای ئەوە بڕیارم دا دەست بە کاری دیزاین بکەم، چونکە پێم وابوو بەهرەی تەواوم لەو کارەدا هەیە. لەگەڵ هاوسەرەکم بڕیارمان دا دووکانێک بکەینەوە کە پێشتر خاتوونێک ئیشی دیزاینی لێ دەکرد و دواتر هەر لە ماڵەکەمدا درێژەم بەو کارەم دا.

رێگای کوردستان: گەورەترین ئاستەنگ کە لە ڕێگەی کارەکەتاندا ڕووبەڕووی بوونەتەوە چی بوو وەکو ئافرەت؟ سەبارەت بە ئاستەنگی، شوکر و سەنا بۆ خوای گەورە، تووشی هیچ ئاستەنگێک نەبوویمە، چونکە هاوسەرم و تەواوی ماڵی باوکم هاوکارم بوون.

رێگای کوردستان: تا چەند کاریگەریی کولتوور و نەریتی کوردی لەسەر دیزاینەکانتان هەیە؟ هەموو کات هەوڵم داوە زیادەڕەوی نەکەم لە کلتووری جوانی نەتەوەکەمان، بەڵام تێکەڵاوییەکی جوانم دروست کردووە لەپێی دیزاینی ولاتانی ئەورووپا و کوردستاندا. خۆشحاڵانە فیدباکی جوانی موشتەرییەکانم لەسەر کارەکانم ڕەنگی داوەتەوە.

رێگای کوردستان: وەک ژنێکی کورد کە لە بوارێکی هونەری و بازرگانیدا کار دەکەن، چ ئاستەنگێکتان لەبەردەم بووە؟ ڕاستە ژن لە کوردستاندا بە چاوێکی کەمینە سەیر دەکرێت، بەڵام ئەگەر ئەو پیشەیەی تۆ هەڵیبژێری، پێگە و کەسایەتییت دیار دەکات لەناو کۆمەڵگەدا. شوکر و سەنا تا ئێستا هیچ ناخۆشییەکم لە ڕێگەی کارەکەمەوە نەبینیوە.

رێگای کوردستان: سەرکەوتن لە دیدی ئێوەدا چییە؟ تەنها قازانجی ماددییە، یان شتێکی قووڵتریش لە پشتەوەیە؟ هەڵبژاردنی ئەو کارەم ڕاستە قازانجی مادیی تێدایە بۆ خۆم و خێزانم، بەڵام لە هەمان کاتدا خەونی لەمێژینەمە و بەهرەیەکیشە، چونکە هیچ کارێک بێ خولیا و ئارەزوو ناکرێت. ئامانجی من لەو کارەدانانی دووکانێکی گەورەی دیزاین و ڕازاندنەوەیە بۆ بۆفیات و خزمەتکردنی بووکە جوانەکانی شارەکەم، وە یارمەتیدانیان بە پێی توانا، لە هەمان کاتدا مانەوەی داهاتێکی هەتاهەتایی بۆ کچە تاقەنەکەم و بوونی بە براندێک.

رێگای کوردستان: لە کۆتاییدا، چ پەیامێکتان هەیە بۆ ژنانی کورد کە دەیانەوێت خەونەکانیان بگۆڕن بۆ ڕاستی؟ داوا دەکەم ئافرەت هەوڵی بەهێزکردن و پێگەیاندنی خۆیان بدەن، لە چوارچێوەی ئافرەت‌بوون و بەهێزبوونیان، وە گەڕان بەدوای دۆزینەوەی بەهرەکانیان. وە هەموو کات پشت بە خوای گەورە ببەستن لە کارەکانیان بە ڕاوێژکردن و هاوکارییکردنی هاوسەرەکانیان.

پەیامی کۆتاییت چییە؟ زۆر سوپاس بۆ ڕۆژنامەی ڕێگای کوردستان کە منیان بەسەر کردووەتەوە. زۆر گرنگە پەرە بە توانا و کاری خانمان بدرێت تا بتوانن زیاتر بناسرێن و لەسەر پێی خۆیان بوەستن.

 

powered by social2s


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا