ئامادەکردنی: مەغدید حاجی
کەمال شاکر محەمەد کە ئێستا کادیرێکی پێشکەوتووی (ی.ن.ک)ـە و لە وەزارەتی پێشمەرگەش بەڕێوەبەری گشتی بوو، ئێستا خانەنشینە. لە شەستەکاندا پێشمەرگەی حزبی شیوعی عێراق بوو.
کاک کەمال لە ساڵی 1946 لە هەڵەبجە لە دایکبووە، لە ساڵی 1962قوتابی قۆناغی ناوەندی بووە لە هەڵەبجە پەیوەندی لەگەل یەکێتی گشتی قوتابیيان هەبووە. لە ساڵی 1964 خوێندنی جێهێشتووە و بۆتە پێشمەرگەی حزبی شیوعی لە قۆپی قەرەداغ. لە ساڵی 1965 لەگەڵ دەوروبەری 30 پێشمەرگە، حزب ناردوونی بۆ ناوچەی باڵەک و هەندرێن و لەوێ بەسەر لق و پەلەکانی پێشمەرگەی حزبی شیوعی عێراق دابەشکراون. ئەم بەر ئەو پەلە کەوتووە، کە ملازم عەبدولڕەحمان کمیل سەرپەلی بووە.
ڕۆژی 2-4-2024 هاوڕێ لەگەل بەڕێز بەختیار شەعبی لە شاری سلێمانی لە شوقەکانی برایم ئەحمەد سەردانی کاک کەمال شاکرمان کرد و ئەم چاوپێکەوتنەمان دەربارەی شەڕی هەندرێن 1966 لەگەڵدا تۆمارکرد:
٭ مەغدید: جەنابت فەرمووت لە هەندرێن لەگەڵ ئەو پەلە بووم کە کاک مستەفا چاوڕەشی لێبوو، سەرپەلەکەشتان ملازم عەبدولڕەحمان بوو؟
ــ کەمال شاکر: جێگرەکەشی شێخ ڕەحمانی کانی مارانی خەڵکی لای ڕانیە بوو، کە چووین بۆ هەندرێن بەخێرهاتنێکی گەرمیان کردین، بەسەر پەلەکاندا دابەشیانکردین.
٭ مەغدید: ئەو پێشمەرگانەی خەڵکی پارێزگای سلێمانی کە لە هەندرێن لەگەڵتان بوون کێ بوون؟
ــ کەمال شاکر: حەمە بچکۆڵ ــ بەرگدووبوو، کە شەڕیش دەبوو تفەنگی هەڵدەگرت و دەچوو بۆ جەبهە، حەمە بچکۆڵ لە شەڕ بڕنۆیەکی پێبوو لە سەری درێژتر بوو، پیاوێکی ئازاش بوو. جەزا و ڕەزای برای لەوێ بوون ــ جەزا لەسەر دۆشکەبوو، لەتیف محەمەد، کەمال جەلال، حەمەی مونیرە ئەهات بۆ ئەوێ نەمزانی لە شەڕەکە بەشدارە یان نا، بەڵام بەردەوام لە نێوان قەرەداغ و هەندرێن ئەهات و ئەچوو خوشکەزای فاڕوقی مەلا مستەفابوو، تەتەر بوو ئەوکاتەی ئەهات بۆ لامان. نوری قادرۆف لەگەڵ ئەم کاک جەزایە لەسەر دۆشکەبوون لە بەرسرین. کاک نوری پیاوێکی ئازابوو. تا ئێستا کاک جەزا لێرە لەگەڵ حزبی شیوعی ئیش ئەکا.. یەکێک لە کادیرە باشەکانە من هەمیشە ئەیبینم، پێشمەرگەیەکی چاپووکە لە شەڕەکان پیاوێکی ئازا بوو.
لە هەڵەبجەییەکانیش کاک ئەبوبەکر هەورامیمان لەگەڵ بوو، لەم دواییە لەسەر کۆمەڵە، ئیسلامییەکان لە خورماڵ چواردەوریان گرت و شەهیدیان کرد. حەمە نوقڵی لێبوو، ڕەئوفی ئەڵلا کەرەمی لێبوو بریندار بوو ئەویش هەڵەبجەیی بوو.
٭مەغدید: ئەی لە بەرپرسەکانی حزبی و سەربازی کێ لەو ناوجەیە بوو، یان لە شەڕەکە بەشداربوون؟
ــ کەمال شاکر: لە فەرماندەکان ئەوەی لەبیرم بێت، کاک فاخیر مێرگەسوری فەرماندەی پێشمەرگەکانی حزبی شیوعی بوو، کاک عزەت و کاک زراریش بەرپرسی دەرگەڵەییەکان بوون. ڕۆژی هجوومەکە (12-5-1966) کاتژمێر چواری ئێوارە یەکەم هاونی پێشمەرگە، کە ڕەئیس کەمال ڕەسەدی بوو دای لە عەدەد ڤیکەرسییەکە، پێنج ڤیکەرسیش بە ساغی گیران. چیای هەندرێن وەکو پلیکانە وایە لە سەرووی سەرەوە تا دێیتە خوارێ، کە ڕەبایەی سەرەوە بگیرێ ئەوانی دی هەمووی ئەگیرێن، ئەوەی لە خوارەوە بێ بەزەحمەت ئەتوانێ مقاوەمەت بکا. ئەمە یەکێک بوو لە هۆیەکانی سەرکەوتن، ئەو پڕوپاگەندانەی پێش هجوومەکە بڵاوببوونەوە، کە هەندێ ئەیانوت شیوعیيەکان هەندرێنیان بەپارە فرۆشتووە ئەسڵ و ئەساسی نەبوو. من قەت جەلالی نەبوویمە، کرێس کۆچێرا ئەو ڕۆژنامەنووسە فەڕەنسییەی، کە لەگەڵ پارتیا پەیوەندی باشە، ئەو تۆمەتەی خستبووەپاڵ جەلالی، کە گوایە لە هەندرێن بەپێش جەیشی عیراقی کەوتوون. من لەوێ یەک جەلالیم نەدی، لە شوێنی دی هەبوون لەگەڵ حکومەتا بوون، بەڵام لە هەندرێن نەبوون.
لە بەرپرسەکانیش ئەوانەی لە دوای تەواوبوونی شەڕەکە (داستانی هەندرێن 12-5-1966) ئەهاتن بۆلامان هاوڕێ کەریم ئەحمەد سەردانی کردین، ئەبو سەلام (بەهائەدین نوری) لەبیرمە وابزانم دوێنێ بوو، وتی: وەرە کەمال لەگەڵم با بگەڕێین هەندێ فیشەک کۆبکەینەوە، وا بزانم لە بەغا بە تەمای شتێ بوون. چوار پێنج فەردە فیشەکی لەناو ڕەبایەکانی سوپای عێراق کۆکردەوە. ژمارەی ڕەبایە گیراوەکان زۆر بوون. شێخ عەلی بەرزنجیش لەوێ بوو، ئەوانە ئەندامی هەرێم بوون. ئەو ئەفسەرانەی حزبی شیوعی کە لە هەندرێن بوون پێشتر وتم مقدم ڕکن سەعید مەتەڕ لەوێ بوو، مقدم ڕکن غەزبان السعد لەوێ بوو، بەڵام ئەم دووە پێشتر ڕۆیشتبوون. ڕەئیس کەمال نعمان لەوێ بوو، بڕواتان بێ ئەو داستانە لە ئەساسا کاک کەمال دەوری سەرەکی بینی، دوایی کاک فاخر مێرگەسوری دەوری بینی.
٭ مەغدید: لەبارەی شەڕەگەورەکەی ڕۆژی 12-5-1966 چیت لەبیرە بۆمانی بگێڕیتەوە؟
ــ کەمال شاکر: لە ماوەی 3 تاکو 12-5-1966 هەموو ڕۆژێک شەڕی بەرامبەرمان هەبوو، بۆ خۆم تفەنگێکی پێنج تیرم پێبوو ئەوەندە لەسەرم بەرزتر بوو، لەوێ ئەو ڕۆژانە ئەمانبینی هەموو ڕۆژێ لە سوپای عێراقی ئەکوژرا، ئاخیر شەوی 12/13-5-1966 دوای سەرکەوتنی هجوومی پێشمەرگە، دوانزە تا سیانزە ڕەبایا مابۆوە، پەلەکەی ملازم ڕەحمان، ئێمە کەوتبووینە ناو قەدی دۆڵێکی قووڵ، وابڕیاربوو کە هجوومەکە دەستیپێکرد ئێمە لەو ناوەدا بیانبڕینەوە، بەڵام تەرکیزی تۆپباران زۆر خەست بوو لە سەرمان. دوایی چووین بۆ مەقەڕی لیوا دەروێشێکمان هەبوو ناوی دەروێش ئەحمەد بوو خەڵکی ڕانیە بوو لە تینوانا مەتارەیەکی بەجێماوی نا بەدەمیەوە عارەق دەرچوو سەرخۆشی کرد.. لە ناو مەقەڕ لیوا ڕەبایەکان زۆربوون، ئێمە کە لەوێ ماینەوە شەڕ کۆتایی هاتبوو، زیاد لە 25 ڕۆژ لەوێ ماینەوە لە تەنیشت تەرمی سەربازە کوژراوەکان، بە چای ئەوان بە شەکری ئەوان بە تەباخی ئەوان چامان لێدەنا و نانمان دەخوارد. شەش حەوت مەیت لەو ڕەبایانە بوو، دوای شەڕ وەستان بەشێکمان هەر لە بەرزاییەکانی جندیان بووین. برووسکەی بارزانی هات ئەڵێ وەفدێکی خەڵکی ڕواندز دێن تەقەیان لێمەکەن، بەرپرسەکەیان ناوی وەهاب ئاغایە. چووین بەخێرهاتنمان کردن، ئاڵایەکی سپیان پێبوو، ڕۆیشتن بۆ سەرەوە بۆ بارەگای بارزانی . هاتنەوە شەڕ وەستا سەربازە کوژراوەکانیان کۆکردنەوە بردیاننەوە، سەردەمی عەبدولڕەحمان عارف بوو.
٭ مەغدید: لە کاتی شەڕەکە ڕۆژی 12-5-1966 هیچ ڕۆژنامەنووسێک لەو ناوەبوو وێنەی شەڕەکان بگرێت و ڕاپۆرت ئامادەبکات؟
ــ کەمال شاکر: یەک ڕۆژنامەنووسم نەبینیوە بێ بۆ ئەوێ، وێنەگرێکمان هەبوو ناوی مام برایم بوو لە ناوپردان دوکانی وێنەگرتنی هەبوو ئەو ئەهات وێنەی ئەگرتین، دۆستی حزبی شیوعی بوو.
٭ مەغدید: بە مەزەندە ژمارەی کوژراوەکان لە سوپای عێراق چەند بوو؟
ــ کەمال شاکر: 79 کوژراو. ڕۆژی 12-5-1966 من خۆم ئەوەندە مەیتەم ژماردووە (زۆربەی ئەوانەی چاوپێکەوتنم لەگەڵ سازکردوون هەریەکەو ژمارەیەک دەڵێ. م.ح)
٭ ڕۆڵی تۆپەکانی پێشمەرگە لە شەڕی ڕزگارکردنی چیای هەندرێن چۆن بوو؟
ــ کەمال شاکر: من یەک تۆپم دی ڕەئیس کەمال ڕەسەدی بوو. لە بەرزێوەش ملازم خدر تۆپێکی بەکاردەهێنا زۆر بە دیقەت لە شوێنەکانی ئەدا لە بنکە سەربازیيەکانی ئەدا لە ڕواندز و لە کاولۆکان، ژمارەیەکی زۆر گولـلە تۆپی لابوو.
٭ جگە لە هێزی حزبی شیوعی و لقی عزەت سلێمان بەگ، هیچ هێزێکی دی پارتی لە شەڕەکەدا بەشدار بوو؟
ــ کەمال شاکر: نەخێر هیچ هێزێکی دی لێ نەبوو. بەڵام برادەرانی پارتی بەتایبەتی کاک ئیدریس بارزانی بەرپرس بوو لە هەموو جەبهەکان، سەرپەرشتی هەموو جەبهەکانی دەکرد، لە گەرووی عومەراغا و زۆزک و هەندرێن، نێزیکی شەڕ نەبوون، پێداویستی لۆجستیان دابیندەکرد.