دهۆك بەڕۆژی - سۆران
لەم بەسەركردنەوە كورتەدا ڕۆشنا ئیبراهیم عوسمان باس لەو دوو كتێبە چاپكراوەی دەكات، كە لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا بڵاویكردوونەتەوە و ئاماژە بە جۆری كتێبی سێیەمی دەكات، كە بەنیازە كاری لەسەر بكات.
رۆشنا كچە نووسەرێكی گەنجە، ساڵی 2001 لە گوندی ماوانی سەر بە ناحیەی سمیلان لەدایكبووە. ساڵی 2024 بەشی مێژووی لەزانكۆی سۆران تەواو كردووە.
رێگای كوردستان: چۆن بوو بڕیارتدا كتێب بنووسیت؟
دوای تەواوبوونی خوێندنی كۆتاقۆناغ و گەڕانەوە بۆ ماڵەوە، بیرم لەو ماوەیە دەكردەوە كە لەزانكۆ بووم، چۆن سەرەتا چوومە زانكۆ و چیم كرد و بەچی گەیشتم. دەستپێكی قۆناغی زانكۆم لەگەڵ نەخۆشكەوتن و كۆچی دوایی باوكم دەستیپێكرد. سەرەتا بیرم لەوە دەكردەوە بەم دۆخەوە بەهیچ شێوەیەك سەركەوتوو نابم، ئەوكات بەتەواوی ڕوخابووم، بەڵام دوای چوار ساڵ لە خوێندن چۆن هاتمەوە؟ چۆن توانیم ئەو دۆخە سەختە تێپەڕێنم ئەو روخاوییە دەروونییە بگۆڕم بۆ سەركەوتن؟ چۆن توانیم ببمە قوتابییە چالاكەكەی بەشی مێژوو؟ چۆن توانیم پلەی یەكەم بۆ كۆی چوارساڵی خوێندن بەدەستبێنم؟ كاتێك بیرم لەو قۆناغەی خوێندن كردەوە كە بە چ دۆخێكدا تێپەڕیوم و چۆن توانیومە زاڵبم بەسەریدا و سەركەوتن بەدەستبهێنم، بیرم كردەوە ئەزموونەكانم بنووسمەوە، تا هەزارەها قوتابی كە لەدوای من دێنە زانكۆ و رووبەڕووی نا ئومێدی دەبنەوە لەڕێگەی ئەم كتێبەوە ژیانی زانكۆ و بەشەناوخۆیی بناسن و بەتەواوی لەوە تێبگەن كە ئەگەر ئیرادەیان هەبێت بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانیان، هیچ بەربەستێك نابێتە ڕێگر لەبەردەمیاندا.
كۆمەڵێك هۆكاری دیكە هەبوون هانیاندام ژیانی ئەو چوارساڵەم بكەمە كتێب. یەكێك لەوانە پیشاندانی كاریگەری هاندان و پاڵپشتی مامۆستایانی زانكۆ لە بنیاتنانی قوتابییان و بەرەوپێشبردنیان بوو. هەروەها لە پێناو سوودگەیاندن بەو كەسانەی ئاواتە گەورەكانیان بەهۆی خەمێكی دیاریكراوەوە بەجێدەهێڵن و شەڕی بەدیهێنانی ناكەن.
رێگای كوردستان: دوای نووسینی ئەم كتێبە، چۆن بوو بڕیارتدا بڵاوی بكەیتەوە؟
كاتێك لە نووسینی كتێبەكە تەواوبووم، خۆم هەستمكرد ڕەنگە كتێبێكی باش نەبێت و پێویست نەبێت چاپبكرێت، بەڵام پرسیارم لە مامۆستاكانم كرد بزانم ڕای ئەوان چییە؟ لە نێویاندا دكتۆر ڕێباز دلاوەر یەكەم كەس بوو بەكارێكی زۆرجوان و زۆر باش وەسفیكرد، دواتر هەریەكە لە مامۆستایان (سەلاحەدین باقی، فارس عومەر و فەرهەنگ نووری)، دواتریش دایكم و هاوڕێیانم، خەندە، نەوال و بنار، هانیاندام كتێبەكە چاپبكەم. ئیدی كە وەسف و كاردانەوەی جوانی ئەوانم بینی بڕیارمدا كتێبەكەم چاپبكەم و بڵاوی بكەمەوە.
رێگای كوردستان: سەختترین بەش لە نووسینی ئەم كتێبە چی بوو؟
سەختترین بەشی كتێبەكەم نووسینەوەی دەستپێكی كاتی وەرگێڕانم بوو، كە باس لە نەخۆشكەوتنی باوكم دەكات، هەروەها قۆناغی چوارەم كە تەواوی ڕۆژە گرنگەكانمی تێدا بوو، ڕۆژی دەرچوونم و ڕاگەیاندنی ڕیزبەندی یەكەمبوونم بەبێ باوكم، هەروەها ماڵئاواییكردنم لە هاوڕێیان و مامۆستایانم كە وەك خێزانێك بووین.
رێگای كوردستان: ئەو پەیامە چییە كە دەتەوێت بگاتە خوێنەرانت؟
ئەو پەیام و بیرۆكەیەی دەمەوێت خوێنەران وەریبگرن و بیكەنە سەرچاوەیەك بۆ ژیانیان ئەوەیە كە لەگەڵ گەورەترین بەربەستەكانیش بەردەوام بە خۆیان بڵێن: "من هەرگیز نەكەوتم بەڵێنێك بوو یان فێربوون یان سەركەوتن".
رێگای كوردستان: ماوەی چەندێكت پێویست بوو بۆ تەواوكردنی كتێبەكە؟
توانیم بەكەمتر لەساڵیك كتێبەكە تەواوبكەم.
رێگای كوردستان: پلانت هەیە بۆ نووسینی كتێبی دیكە؟
ئەگەر كتێبی سێیەم بنووسم دەمەوێت كتێبێكی مێژوویی بێت، ئەو پلانەم هەیە بۆ داهاتوو.
رێگای كوردستان: سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە و بەهیوای كاری جوانتر.
زۆر سوپاس بۆ ڕۆژنامەی ڕێگای كوردستان كە منتان بەسەركردەوە. زۆر گرنگە میدیا بایەخ بە توانا و كاری خانمان بدات، تا بتوانن زیاتر بناسرێن و بەرهەمەكانیان پەرەپێدەن و لەسەرپێی خۆیان بوەستن.