دیمانه/ دهۆك بەڕۆژی- سۆران
سندس ڕزگار حەمد ساڵی 1999 لە قەزای هەریر لە دایكبووە و لە ساڵی ٢٠١٩ بەشی یاریدەدەری دەرمانسازی تەواو كردووە. سندس هەر لەمنداڵییەوە خولیای كاری دەستی و هونەری هەبووە لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا پەرەی بەم بەهرەیەی داوە. ئەو دەڵێت لەكارەكەمدا پێش هەموو شت بیر لە تەندروستی خەڵك دەكەمەوە.
*حەز دەكەین لە سەرەتای پرسیارەكەماندا هەندێك باس لە بایۆگرافی هونەری خۆت بكەی؟
- خوێندنی ئامادەییم لە ساڵی ٢٠١٧ تەواوكردووە، لە ساڵی ٢٠١٩ بەشی یاریدەدەری دەرمانسازیم تەواوكردووە، پاش تەواوكردنم دەستم بە ئیش كرد لە دەرمانخانە، دواتر نۆرینگەی تایبەت بەخۆمم دانا، پێش ئەوەی ببم بە دەرمانساز و كارمەندی نەخۆشخانە، هەر لە منداڵییەوە خولیای كاری دەستی و هونەریم هەبووە، بەڵام لەبەر خوێندن نەمدەتوانی زۆر پەرەی پێبدەم، ئەوكات ئەوە بیركردنەوەی من بوو كە دەمگوت خوێندنەكە گرنگترە ئەگەر من لە خوێندن سەربكەوم بە دڵنیاییەوە دەتوانم ئەو بەهرەی هەمە پەرەی پێبدەم، بۆیە هەر ئەوەشم كرد كە بیرم لێیدەكردەوە.
*دەكرێ پیشەی دەستیمان زیاتر پێ بناسێنی؟
-سەرەتای كاری هونەریم بە وێنەدروستكردن دەستپێكرد، دواتر زۆر حەزم بە مۆم دەكرد لە ٢٠١٨ دەستم بە دروستكردنی مۆم كرد، لە سەرەتایەكی زۆر بچووك دەستمپێكرد، چونكە ئەو كاتە مەوادی مۆم لە كوردستان نەبوو بۆمن ئیشكردن كەمێك قورسبوو، چونكە دەبوایە بۆ هێنانی مەوادی مۆم سەردانی وڵاتی توركیا بكەم، بۆیە تا ئێستاش هەر لەوێ مەواد و قالب و پێداویستییەكانم دەكڕم، سەرەڕای ئەوەی كە لەو دوو ساڵەی ڕابردوودا لە كوردستانیش مەوادەكە كەوتۆتە بازاڕ و لە بەغدا و كەركوكیش دەستدەكەوێت.
ئەو مەوادەی من بەكاریدەهێنم كوالێتی زۆر بەرزە، چونكە مەوادی خراپ زیانی تەندروستی هەیە و لەبەر ئەوەی پیشەی منیش تەندروستییە، پێش هەموو شت بیر لە تەندروستی خەڵك دەكەمەوە، بۆیە بۆ ماوەی چەند ساڵە ئەو نەخۆشانەی سەردانم دەكەن و ئەو كڕیارانەی هەمن زۆر لێم ڕازین و دەستخۆشیم لێدەكەن. دڵخۆشم كە بوومەتە جێگای متمانەی خەڵك و ئەو كارەی كە دەیكەم خواستی زۆری لەسەرە، ئەو شتانەی دروستیان دەكەم دیزاین و شێوازی دروستكردنی بیرۆكەی خۆمە، بەڵام گۆڕینی ڕەنگ و هەندێك گۆڕانكاری لەسەر خواستی كڕیارە. جیا لە دروستكردنی مۆم، بە مەوادی عجر فاز و دیكۆری ماڵ دروستدەكەم كە ئەمەشیان خواستی زۆری لەسەرە و ئەو شتانەی دروستیان دەكەم لە ڕێگای ئۆنلاین دەیانفرۆشم پەیجی تایبەت بە خۆمم هەیە بە ناوی alin_candle1999 بەم ڕێگایە شتەكانم دەنێرم بۆ وڵاتانیش، كە لەوێش كڕیاری باشم هەیە.
*چۆن كاتەكانت ڕێكدەخەیت لەكاتێكدا كاری پزیشكی و نۆرینگە و ماڵەوەت هەیە؟
-بەپێی پلان كارەكانم ئەنجامدەدەم، ناهێڵم بۆشایی بكەوێتە هیچ یەك لە ئەركەكانم، كاتی یەكسانم بۆ داناون، ئەگەر بەپێی پلان نەڕۆی ناتوانی سەربكەوی، لێرەوە داوام لە هەموو خاتونێكی دەستڕەنگینە لەچ بوارێك بێت، ئەم كارە بكەن، چونكە ئەو كارەی دەیكەی ئەگەر بەدڵ ئەنجامی نەدەیت، كارەكەت سەرناگرێ و لەناودەچێت، بۆیە پێویستە هەر كارێك كە دەیكەی سەرەتا حەزی لێبكەیت ئەوكات دەستپێبكەیت.
* لە كۆتاییدا چیت ماوە بیڵێیت؟
-سوپاس بۆ ڕۆژنامەی ڕێگای كوردستان و جەنبیشتان كە، منتان بەسەركردەوە. زۆر گرنگە میدیا بایەخ بە توانا و كاری دەستی و بەهرەی خانمان بدات، تا بتوانن زیاتر بناسرێن و بەبازاڕكردنی بەرهەمەكانیان پەرەپێدەن و لەسەرپێی خۆیان بوەستن.