دیمانە: شاناز جەمیل
شێوەكار سیما سەباح حەسەن لە ساڵی ١٩٩٦ لە گەڕەكی تەیراوەی شاری هەولێر لەدایكبووە، خاوەنی دوو بڕوانامەی ئەكادیمییە لە بواری هونەری شێوەكاریدا. سیما خاوەنی دوو پێشانگای تایبەت بەخۆیەتی و بەشداری چەندین پێشانگای هاوبەشی دیكەی كردووە. پێشتر وەك مامۆستای هونەر لە قوتابخانە تایبەتییەكان وانەی وتووەتەوە، ئێستا زیاتر بە كاری هونەرییەوە سەرقاڵە. وەك خۆی دەڵێت دەیەوێت زیاتر پەرە بەكارە هونەرییەكانی بدات.
رێگای كوردستان: چۆن بوو هونەری شێوەكاریت هەڵبژارد؟
سیما سەباح: هونەری شێوەكاری خولیای سەردەمی منداڵیمە، خەونی لەمێژینەم بوو ببم بە شێوەكار، تا ئەو بیرۆكانەی لە مێشك و خەیاڵم دروستدەبن لەرێگای وێنە و تابلۆكانمەوە بەرجەستەیان بكەم.
رێگای كوردستان: تابلۆكانت چ جۆرێكن و گوزارشت لەچی دەكەن؟
سیما سەباح: تابلۆكانم سەر بە ڕێبازی ریالیزم و رۆمانتیزمن. هەوڵمداوە زیاتر بەزمانێكی تابلۆیی سادە پەیوەندی لەگەڵ بینەر ببەستم، تاكو ئاسان لە مانای تابلۆكانم بگەن. لە تابلۆكانمدا هونەری گێڕانەوە زیاتر دەبینرێت. كار دەكەم لەسەر گێڕانەوەی مێژوو و بەسەرهات و چیرۆكەكان و شوێنەكان بەپێی سەردەم و كاتی خۆیان. لە تابلۆكانمدا زۆر گرنگیم بە كلتوور و جلوبەرگی كوردی داوە، چونكە شوناس و كوردبوون لای من زۆر پیرۆزە و هەمووكات حەزمكردووە رەنگدانەوەی لە كارە هونەرییەكانمدا هەبێ .
رێگای كوردستان: هیچ هونەرمەندێكی جیهانی یان كوردستانی هەیە بەكارەكانی سەرسام بیت؟
سیما: سەرسامم بە كارەكانی هونەرمەندی جیهانی بەڕەگەز فەرەنسی (ویلیام ئەدۆلف) و لە سەردەمی خوێندنمدا زۆر پێی كاریگەر بووم، كارێكی ئەوم دروستكردۆتەوە .
رێگای كوردستان: كێ لەكارەكانتدا زۆر هاوكارت بووە؟
سیما: زۆر سوپاسی خانەوادەكەم، هاوسەری ئازیزم دەكەم، كە هەمیشە هاندەر و پالپشتمن، سوپاسی یەك بەیەكی مامۆستاكانم دەكەم، كە رۆژانێك وانەی باشیان لێ فێربووم و هیوای تەمەندرێژی و لەشساغیان بۆ دەخوازم .
رێگای كوردستان: دوا وتەت چییە؟
سیما: هیوادارم كەسێكبم خزمەتی هونەری كوردیم كردبێت و بتوانم لە ئێستا و لە داهاتوودا لە رێگای هونەرەكەم نەوەیەكی تەندروست و هونەردۆست لەخۆم كۆبكەمەوە و پێیانبگەیێنم و جێدەستم لە خزمەتكردن بە نیشتیمان دیاربێت. سوپاس بۆ ئێوە و بۆ ئەو دەرفەتەی جوانانەی كە هەمیشە بۆ هونەرمەندە لاوەكانتان رەخساندووە.