
وته‌یه‌ك:
چه‌پبوون، ته‌نیا له یادێكدا كورتنابێته‌وه. به‌ڵكو پرسێكی دانه‌بڕاوی ژیانی مۆدێرنه. له مۆدێرنه‌دا، چه‌پ و شیوعییه‌ت وه‌ك دیارده‌یه‌كی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی له‌دایكبوون. حیزبی شیوعیی كوردستان، به‌شێكه له‌و دیارده‌یه كه له هه‌ناوی چه‌پی عێراقییه‌وه سه‌ریهه‌ڵدا و پاشان لكا به ئه‌زموونی سیاسیی كوردییه‌وه. له ساڵیادی ڕاگه‌یاندنی حیزب‌دا، هه‌فته‌نامه‌ی ڕێگای كوردستان فایلێك له‌مه‌ڕ چه‌پی كوردی و ناوچه‌كه ده‌كاته‌وه و چه‌ندین پرسیاری جۆراوجۆر ئاراسته‌ی نوسه‌ران و چالاكوانان ده‌كات.
لە فایلی یەکەمدا، هاوڕێ (وەلید عومەر) وەک ڕۆشنبیر، نووسەر و وەرگێڕێکی دیاری نێو دنیای فكرى چەپ و بەڕێوەبەری لاپەڕەی هزریی ڕێگای کوردستان، وەڵامی پرسیارەکان دەداتەوە.
پرسیار: رۆڵ و كاریگەریی بزووتنەوەی چەپ و كۆمۆنیستی لە مێژووی كۆن و تازەی عێراق و كوردستان، رۆلێكی فرەڕەهەندە لە باری چەندایەتی و چۆنایەتییەوە، كاریگەری و لێكەوتەكانی بیری چەپ لەمرۆدا چۆن دەبینی؟
وه‌لید عومه‌ر: دیاره له گفتوگۆیه‌كی ئاوا كورتدا ناتوانین، باسی هه‌موو ئه‌و لیكه‌وتانه بكه‌ین. بۆیه هێند گرنگه ئه‌وه بیری خۆمان بخه‌ینه‌وه كه دونیای مۆدێرن به‌بێ چه‌پ یان تایبه‌تتر ماركسیزم وێناناكرێت. ماركسیزم، ڕووداوێكی سیاسی و فیكری و كۆمه‌ڵایه‌تی بوو كه له ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی نۆزده‌دا ڕوویدا و پاشان كه‌م‌كه‌م كشا و دواییش ناوچه‌كه ئێمه‌ی گرته‌وه. ئیدی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیشدا، سه‌ره‌تا عێراق و پاشان كوردستان. ئه‌مڕۆ ئێمه ئه‌م ڕاستییه ساده‌یه‌مان بیرچووه كه جیهانی مۆدێرن، به‌بێ فیكری ماركسی مه‌حاڵ بوو.
گه‌ر مه‌به‌ستیشتان له چه‌ندێتی و چۆنیه‌تی، گه‌شه‌ی مێژوویی بێت؛ ئه‌وا چه‌پ وه‌ك هۆشیارییه‌كی ده‌ره‌كی، له ئه‌رووپای خۆرئاوا یان ڕاستتر له ڕووسیاوه هاته عێراق و كوردستان و ته‌نانه‌ت ناوچه‌كه‌شه‌وه. كۆمه‌ڵگاكان له‌ناوه‌وه هه‌مان كۆپه‌یوه‌ندیی به‌رهه‌مهێنانیان نه‌بوو كه له وڵاتانی ئه‌ورووپا و دوای شۆڕشی پیشه‌سازی هه‌بوو؛ بۆیه به‌ره‌نجامی مۆدێرنیزمێكی سیاسیی ده‌ره‌كی بوو له‌گه‌ڵ حوكمی ئینگڵیزدا كه ئه‌وده‌م خۆی ڕۆڵی چینی بۆرژوای ده‌گێڕا. كرێكاری له‌ناوه‌وه درووستده‌كرد و له ده‌ره‌وه‌شه‌وه هه‌ر ده‌یهێنا. ئاگایی چینایه‌تی، سه‌ره‌تا ته‌مومژاوی بوو. ماركسیزمیش هاوكات بوو به سه‌ره‌تاكانی مۆدێرنه كه تا ئێستاش له‌و ڕۆڵ و كاركرده جیانه‌بووه‌ته‌وه. چه‌ندین ده‌یه، حیزبی شیوعی بزوێنه‌ری كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك و چینی كرێكار بوو، به‌ڵام دوایی كه قه‌یرانه‌كانی مۆدێرنه‌ی سیاسی له عێراق به‌ره‌و سه‌ركوت و زۆرداری ڕۆیشت، ڕۆڵی حیزبیش گۆڕانی به‌سه‌ردا هات به‌ڵام هه‌ر پێداگریی كرد.
ئه‌مڕۆ حیزبه چه‌په‌كان ناتوانن وه‌ك سه‌رده‌مانێك خه‌ڵك هه‌ڵسوڕێنن، به‌ڵام ئیعتیبار و ماته‌وزه‌شیان تیایه بیخه‌نه‌وه‌گه‌ڕ. سیاسه‌ت به‌رهه‌می هه‌ڵچوونی خێرا نیه، پێویستی به ڕیشه‌ش هه‌یه. چه‌پ له‌م ڕووه‌وه ڕیشه‌ی هه‌یه. ئه‌و ڕیشه‌یه چۆن ده‌خرێته‌وه‌كار، خۆی گرنگه. مێژوو ئاوه‌ڵایه و ئه‌گه‌ری ڕوودانی هه‌موو شتێك هه‌یه. ڕه‌نگه خراپترینیش...نازانین.
پرسیار: چەپبوون وەك چەمكێكی فیكری و سیاسی و گۆڕاو لەمرۆدا بریتییە لە چی؟
وه‌لید عومه‌ر: چه‌پ خۆی وه‌ك بنكێك له كۆمه‌ڵگادا هه‌ر هه‌یه، ناكۆكییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان هه‌میشه هه‌ن به‌ڵام جێگۆڕكێ ده‌كه‌ن، كه‌وڵی نوێ ده‌پۆشن؛ ئیشی بیرمه‌ند یان مرۆی چه‌پگه‌را ئه‌وه‌یه بیاندۆزێته‌وه. كه‌متاكوت توێژی نوێ و په‌راوێزخراویش درووستده‌بن كه ماته‌وزه‌ی ئیشكردنن بۆ چه‌پ. فیكری چه‌پ و سیاسه‌تی چه‌پ لێك دانابڕێن، با فیكره‌كه‌ش هه‌نگاوێك یان زیاتر له‌پێشه‌وه بێت. خۆی فیكر هه‌ر پێویسته له‌پێشتر بێت، زۆرترین ئه‌گه‌ر و گریمانه بپشكنێت، به‌ڵام له جێیه‌كدا ده‌بێت ببێته مایه به‌رچاوڕوونییش.
فیكری چه‌پ به‌رده‌وام له نوێبوونه‌وه‌دایه، به‌تایبه‌ت له بواری تیۆری دا. وه‌كو سیاسه‌تیش، به‌شێكی چه‌پ له كوردستان و جیهانیش له‌وه تێگه‌یشتوون له قه‌یراندان. قه‌یران، عاده‌ته‌ن نیشانه‌ی نه‌خۆشییه. هاوكات، ده‌رفه‌تیشه بۆ ئه‌وه‌ی له خۆت تێبگه‌یت. به‌شێكی كێشه‌كانیش په‌یوه‌ندیی به جیهان و دۆخێكی له خۆت گه‌وره‌تره‌وه هه‌یه كه مایه‌ی ڕامانه نه‌ك خۆسه‌رزه‌نشتكردن. به‌كورتی، چه‌پ له‌مڕۆشدا هه‌ر به‌شێكی ئۆرگانییه له دونیای نوێ و ده‌توانێت گومان و پرسیار بخاته سه‌ر شیرازه‌ی ئه‌م دونیایه‌ی ئێستاش. بۆ نمونه، دیارده زانستییه‌كان و ته‌كنۆلۆژیا و ژیریی ده‌ستكرد و هتد، شتی نوێن؛ به‌ڵام له‌ڕووی بنكی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه زۆریش نوێ نین. كۆمه‌ڵگا هه‌ر كۆمه‌ڵگایه و له‌سه‌ر دابه‌شكاریی ئابوری و چینایه‌تی و كۆمه‌ڵایه‌تی وه‌ستاوه و ده‌مامكی ئایدۆلۆژیی نوێ ده‌پۆشێت.
پرسیار: لە كۆمەڵگەیەكی ڕاگوزەری وەك كوردستان، پرسەكانی قۆناغی رزگاریی نیشتمانی، گۆڕانكاریی كۆمەڵایەتی و بەعه‌قڵانیكردنی كایەكانی ژیان و سەرلەنوێ دابەشكردنەوەی داهات، و ژیانێكی یەكسان و دادپەروەرانە پرسگەلێكی زیندوون؛ ئەركی چەپ دەبێت چی بێت، ئایا ئەركی چەپ لە كوردستان هەمان ئەركە لە كۆمەڵگایەكی تردا؟
وه‌لید عومه‌ر: بێگومان له ئاستی گشت و تیۆردا، چه‌پ خۆراكی خۆی له تیۆره ماركسییه‌كانه‌وه وه‌رده‌گرێت. به‌ڵام له ئاستی به‌ش و كردار و كۆنكرێتدا، چه‌پی هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌ك جیایه له‌ویتر. چه‌پی كوردی پێویستی به‌وه‌یه گوتاری خۆی بلكێنێت به ڕزگاریی كورده‌وه، به‌ڵام ناشبێت خۆی زۆر به قه‌رزاربار بزانێت و هه‌ست به گوناهـ بكات. هێزه ناچه‌پ و ناسیۆنالییه‌كان خۆیان شتێكی زۆر گه‌وره‌یان نه‌كردووه، بگره ڕێگر بوون له‌وه‌ی چه‌پ هه‌ندێك ئه‌ركی ئه‌وانیش ئه‌نجامبدات. ڕزگاریی نیشتمانی، سه‌ره‌تا له‌ناوه‌وه ده‌ستپێده‌كات. پرۆسه‌یه‌كی دیاله‌كتیكییه نه‌ك میكانیكی. تۆ تا هه‌ستی باوه‌ڕبه‌خۆبوون، دادپه‌روه‌ری، ئازادی له خه‌ڵكدا درووستنه‌كه‌یت، چه‌مكی ڕزگاری خۆیشی درووستنابێت. كوردبوون چه‌مكێكی زۆر پاكژ و په‌تی نیه و پڕه له ته‌نگژه و دابه‌شكاریی ناوه‌كی. بۆیه ئیشی چه‌پ ئه‌وه‌یه به‌رده‌وام كوردبوون وه‌ك گرژییه‌ك بهێڵێته‌وه. بۆ ئه‌مه‌ش مه‌رج نیه هه‌میشه كردارێكی زه‌ق و زلت هه‌بێت، هه‌ندێجار درووستكردنی پرسیار و دڕدۆنگی له‌سه‌ر كوردبوون خۆی كارێكی چه‌پانه‌یه. خه‌ڵك به‌گشتی بوێریی بیرده‌مێنێت، هه‌تا گه‌ر ئه‌نجامێكی خێراشی نه‌بێت.
پرسیار: لەمرۆدا باس لە چەپی نوێ دەكرێت، ئایا هێزە چەپ و كۆمۆنیستەكان تاچەند پێویستیان بە خۆنوێكردنەوە هەیە؟ چ پێشنیارێكتان هەیە بۆ هێزێكی چەپی ماركسی وەك حیزبی شیوعی كوردستان؟
وه‌لید عومه‌ر: نوێبوونه‌وه، له‌سه‌ر ڕاگرتنی هه‌ندێك ڕه‌گه‌زی كۆن ده‌كرێت. سه‌ره‌تا ده‌بێت بزانیت چ شتێك مایه‌ی هێشتنه‌وه‌یه و چ شتێكیش مایه‌ی ده‌ست لێ به‌ردانه. ئه‌م دونیایه خۆی زۆر وه‌ك نوێ پێشكه‌شده‌كات، به‌ڵام ئه‌ویش زۆر نوێ نیه. هه‌ر له‌سه‌ره‌تای ڕسكانی ماركسیزمه‌وه، كه‌متاكوت باسی چه‌پی نوێش كراوه. چه‌پی نوێ تایبه‌ت نیه به ده‌یه‌یه‌ك و دووان. هه‌ركاتێك قه‌یران هه‌بوو، چه‌پیش خۆی وه‌ك چه‌پێكی نوێ ده‌بینێت. چه‌پ هه‌ندێجار پێویسته ئیشی لیبراڵێك بكات، بۆ نمونه له‌هه‌مبه‌ر كۆنه‌پارێزی دا. هه‌نێجاریش ده‌بێت ڕۆشنگه‌رانه بێت، و دزه‌بكاته ناو زمانی خه‌ڵك و فه‌زای گشتییه‌وه. جاریش هه‌یه‌و وه‌ك وتمان، گومان بخاته سه‌ر دیارده ئابورییه نوێیه‌كانی وه‌ك نیولیبراڵ و كه‌رتی تایبه‌ت كه لای زۆركه‌س وه‌ك شتێكی سرووشتی ده‌رده‌كه‌وێت. ده‌رخستنی لاوازییه‌كانی ئه‌و دیاردانه، خۆی خاڵی به‌هێزه بۆ چه‌پ. واته ده‌رخستنی لۆژیكی ئیشكردن و هاتنیان بۆ واقیعی كوردستان. زۆرجار ده‌سه‌ڵات خۆیشی ته‌واو ئاگای له كرۆك یان پاشهاتی ئه‌و كارانه نیه كه ده‌یكات. ئیشی چه‌پ و به‌تایبه‌ت میدیای چه‌پ ئه‌وه‌یه ئه‌م شتانه ڕوونبكاته‌وه. به‌كورتی، چه‌پ با خۆیشی له قه‌یراندا بێت، به‌ڵام ده‌شبێت به‌رده‌وام قه‌یران بۆ ده‌سه‌ڵات درووستبكات. من خاڵێكی زۆر دیاریكراو شكنابه‌م بڵێم ئه‌مه بكرێت و ئه‌وه نه‌كرێت. هێند هه‌یه پێویسته چه‌پ پێشه‌نگی پرسیاری نوێ بێت. ڤایراڵبوون و ته‌نینه‌وه‌ی پرسیارێك، ده‌توانێت پرسێك درووستبكات یاخۆ دیارده‌یه‌ك هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه.
