
بەرەو ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردەی هەراسانکردنی ئافرەتان
"کاتی دەنگ هەڵبڕینە، دەبێت شوێنی کار و شەقامەکان فەزا و ئارامگەی هەمووان بێت"
مەکتەبی ڕاگەیاندنی ناوەندی و هەفتەنامەی "ڕێگای کوردستان" تەوەرێکی تایبەت لەبارەی پرسی هەراسانکردنی سێکسیی ئافرەتان دەکاتەوە؛ ئەو پرسەی قسەکردن لەبارەیەوە وەک تابۆیەک وێنا کراوە، بەڵام پرسێکە ڕۆژانە لەبەردەم دەرگای زۆرینەماندایە.
لەم مەلەف د.ساماڵ عرفانی وەک نووسەر و پسپۆڕ لە بواری کۆمەڵناسییدا وەڵامی پرسیارەکان دەداتەوە.
1. هۆکاری بوونی هەراسانکردنی ئافرەتان وەک دیاردەییەکی کۆمەڵایەتی و پێناسەی مرۆڤناسی بۆئەم بابەتە:
مرۆڤناسی هەراسانکردنی سێکسی وەک دیاردەیەکی تاکەکەسییانەی دەروونناسی سەیر ناکا بەڵکوو ئەم دیاردەیە وەک دەرئەنجامی ستاراکچەری کۆمەڵگە و هەروەها شوێنگەی ئافرەت لە ناو شەبەکەی دەسەڵات و کەلتوور دەزانێ. لە لێکۆڵینەوەکانی مرۆڤناسان، کەلتوور، ڕؤڵێکی گرینگ دەبینێ و هەر بەم پێیە سەیر دەکا بزانێ لەو کۆمەڵگەیە سنوور جەستە تا کوێیە؟ ئەوەی لە کۆمەڵگەیێک بە توندتیژی ستراکچەری یان هەراسانکردن دادەنرێ، لەوانەیە لە کۆمەڵگەیێکی تر وەک ڕیچواڵی گوزار، یان تەنانەت پیاوەتی پێناسە بکرێ. هەڵبەت ئەمە بەو مانایە نییە کە مادام کۆمەڵگەیەک هەراسانکردنی سێکسی بە کارێکی ڕەوا زانێ یان بە بیروباوەڕی جیاواز پەرەدەپۆشی بۆ کرد، ئەوە مرۆڤناسانیش پێیان ڕەوا دەبێ. مرۆڤناسان هەراسانکردنی سێکسی بە پێشێلکردنی مافە بنەماییەکانی مرۆڤ دەزانن، بەڵام سەیریش دەکەن بزانن ئایا خودی ئەو کۆمەڵگەیەش هەراسانکردنی سێکسی وەک دیاردەیێکی ناشرین دەبینێ؟ کامە ڕەفتارگەل بە هەراسانکردنی سێکسی دەزانێ؟ بۆچی هەندێ ڕەفتار کە بە پێی یاسای نێودەوڵەتی وەک هەراسانکردن دەبینرێ لە هەندێ کۆمەڵگە ئەو پێناسەیەی بۆ ناکرێ؟... لەبەر ئەوەی کە لەوانەیە ڕەفتارێک لە کۆمەڵگەیەک بە هەراسانکردن پێناسە بکرێت بەڵام لە کۆمەڵگەیێکی تر وا نەبێ.
2. کاریگەری کەلتوور و بنەما کۆمەڵایەتییەکان لەسەر بێدەنگبوون یان ئاشکراکردنی هەراسانکردنی سێکسی:
گرینگە بزانین کە مرۆڤناسان لە ڕێگەی لێکۆڵینەوەکانیان لە کۆمەڵگەی جیاواز، بۆیان دەرکەوتووە کە دەستڕێژی سێکسی دیاردەیێکی جیهانی نییە، بەڵکوو لە هەندێ کۆمەڵگە، بەتایبەتی ئەو کۆمەڵگانەی ژن سالارن، توندوتیژی سێکسی زۆر کەم و ڕێژەکەی نزیکە لە سفر لەو لاوە لەو کۆمەڵگانەی کە زۆر بە خەستی پیاوسالارن، ئەم ڕێژەیە زۆر بەرزە. ئەمە مرۆڤناسانی گەیاندووەتە ئەو باوەڕە کە هەراسانکرن و هەروەها دەستڕێژی کردن، تایبەتمەندییەکی بایۆلۆجیکی پیاوانە نییە بەڵکوو پێوەندی بە کەلتوورەوە هەیە. مرۆڤناسێک بەناوی سالی ئەنگل مێری Sally Engle Merry سەلماندی کە هەراسانکردنی سێکسی کارلێکەری نایەکسانی ئابووری، هەژاری، شەڕ و هەروەها کلۆنیالیسمە. باوەڕگەلێک وەک ئەوەی کە پیاو لە زاتی خۆیدا بوونەوەرێکی شەڕەنگێزە و ئافرەتان لە بنەڕەتدا بوونەوەرێکی سست و دەستەمۆ، زۆر ڕێگەخۆشکەرن بۆ ڕوودانی ئەم دیاردە قیزەونە. هەر ئەم جۆرە باوەڕگەلەن کە دەبنە مایەی ئەوەی کە قوربانییەکە، واتە ئافرەت بە تاوانباری سەرەکی بزانن و لۆمەی بکەن و هەموو ڕێکارەکانیشی کە دەگرنەبەر زۆربەی بەس ئافرەتان دەگرێتەوە. ئەمانە دەبنە هۆکاری سەرەکی بۆ ئەوەی کە ئافرەتەکان بێدەنگی هەڵبژێرن و نەوێرن باسی بەسەرهاتەکەیان بکەن. بۆ نمونە لە کۆمەڵگەی کوردەواری خۆمان، سەرەڕای گیرانی حەجاج و سەلماندنی تاوانەکانی لە دادگا، سەرەڕای ئەوەی کە حوکمی سێدارەشی بۆ دەرچووە، هێشتا ژمارەیێک ئافرەت هەن کە لەو زیندانە دەسڕێژی سێکسی کراوەتە سەریان بەڵام هەتاکوو ئەمڕۆ لە ترسی لۆمەی کۆمەڵگە و لەترسی ناونیتکە، نەیانوێراوە باسی کەیسەکەیان بکەن. باوەڕ بەوەی کە ئافرەت نامووسی کەسێکە، باوەڕ بە کچێنی و .. دەبنە هۆی ئەوەی کە لە حاڵەتی ڕوودانی هەراسانکردن، ئەو ئافرەتە، دایم لە ژێر چەتری بەدناوی و شەرم بژیت و پیاوانی دەوروبەری، ئەوانەک کە ئەو بە نامووسی خۆیان دەزانن، ڕێگر بن لە دەم کردنەوەی ئافرەتەکە.
ڕەنگدانەوەی ئەم جۆرە باوەڕانە، لە ژیانی ڕۆژانەدا بەم شێوەیە خۆی لە کۆمەڵگەیەک دەردەخات کە ئافرەت نابێ بە دەنگی بەرز پێبکەنێ، نابێ جەستەی بەدەرەوە بێ، نابێ جەستەی زۆر بجووڵێ، بۆی نییە لە بەشێکی زۆری کاتژمێرەکانی شەو و ڕۆژدا لە دەرەوەی ماڵەوە بی و ... لەبەر ئەوەی کە پیاو وەک بوونەوەرێک سەیر دەکرێ کە بۆشایی دەرەوەی ماڵ، هی ئەوە، جادە و شەقام و تاریکی شەو و بەرەبەیان و دەسەڵات هی ئەوە و ئەگەریش ئافرەتی هەراسانکرد ئەوە ئافرەتەکە خۆی تاوانبار بووە کە بەو ئێوارە درەنگە لە دەرەوە بووە یان جلەکەی نەشیاو بووە یان مەیکاپی هەبووە و سەدان بیانووی پڕوپووچیتری لەو جۆرە. بەمانایێکی تر ئەوە قوربانییەکەیە کە لە فەزای کۆمەڵایەتی و چالاکییەکان دوور دەخرێتەوە و دەنێردرێتە کونجی ماڵەوە و دەردەکرێ لە کایەکان. هەر ئەمەش وەک سایکڵێک دیسان ئافرەت هەرچی زۆرتر بێبەش دەکا و زۆرتر ئامادەی دەکا ببێتە ژێردەستە و هەراسان بکرێ.
بەشێک لە ڕووناکبیران، پێیان وا نییە کە هەراسانکردنی سێکسی تەنیا لە بۆشایی دەرەوە ڕوو دەدا، بەڵکوو زۆر بە جوانی دەستدەخەنە سەر ئەو خاڵە کە زۆرجار هەراسانکردن لە نێوان ژن و مێرد روو دەدا و پیاو بە ناوی ئەوەی کە ژنی خۆیەتی خۆی بە خاوەنی ژنەکەی دەزانێ بێ ڕەزامەندی ژنەکەی، دەستڕێژی سێکسی دەکاتە سەری.
هۆکارێکیتری هەراسانکردنی سێکسی ئافرەتان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هەندێک لە کۆمەڵگەکان دەیانەوێ لەم ڕێگەیەوە هێز و دەسەڵاتی خۆیان بسەلمێن. ئینجا ئەمە دەتوانێ زۆر تاک لایەنانە لە لایەن پیاوەوە ڕوو بدا و یان بە شێوازێکی پلاندانراو و بەربڵاو وەک ئەوەی کە دژ بە ئافرەتانی ئێزدی لەلایەن گروپی داعشەوە ئەنجام درا. ئەو حاڵەتەی کە بە ئاشکرا لە لایەن گروپێک ئەنجام دەدرێ زۆر خراپترە و کارلێکەکانی زۆر بەرفراوانترە. جا ئەگەر بێتو شەرعییەتی دینیشی پێ بدرێ، بنبڕکردنی کارێکی ئێجگار ئەستەم دەبێ.
جێی ئاماژەیە کە هەراسانکردنی سێکسی بەس ئافرەتان ناگرێتەوە بەڵکوو ئەو دەستە لە پیاوان کە ئامادەن کارێکی وا نەشیاو بکەن، منداڵان، مرۆڤی خاوەن پێداویستی تایبەت لە هەر دوو ڕەگەز، هاوڕەگەزخوازان و هەروەها ئاژەڵانیش لە ڕووی سێکسییەوە هەراسان دەکەن و دەسڕێژی دەکەنە سەریان. واتە بەشێک لە کۆمەڵگەی نێرینەش خۆیان قوربانی دەستی پیاوانیترن.
٣.بە ڕای ئێوە ڕێگەچارەسەری بنەڕەتی ئەم دیاردەیە چییە؟
هۆشیاری کۆمەڵگە بەتایبەتی خودی ئافرەتان کە بزانن هەراسانکردنی سێکسی چییە و مافەکانیان چین بابەتێکی زۆر گرینگە. کەم نین ئەو ئافرەتانەی کە هەندێ لە ڕەفتارە سێکسییەکان بە هەراسانکردن نازانن، یان پێیان وایە خودی ئافرەتەکە تاوانبارە.
مرۆڤناسان زۆرجار لە ڕێگەی چاوپێکەوتن و ئاخافتنی قووڵ لەگەڵ قوربانییانی ئەم دیاردەیە، هەوڵ دەدەن کە ڕیوایەتەکانیان تۆمار بکەن و بۆ بەرخۆدان و هەروەها چاککردنەوەی دەروونی یارمەتی لەو ڕیوایەتانە وەر گرن و تەنانەت هەر لە ڕێگەی گێڕانەوەی بەسەرهاتی قوربانی، پشتیوانی کۆمەڵگەی بۆ بهێننە جۆش.
. چۆنیەتی ڕووبەڕووبوونەوەی کۆمەڵگە زۆر گرینگە. بۆ نموونە لەو ڕووداوانەی کە لەم دواییانەدا چ لە زانکۆیەکی سلێمانی و چ لە زانکۆیێکی سنە، ڕوویاندا، شێوازی باسکردنی بابەتەکە لە لایەن خەڵکەوە و پشتگیری کردنیان یان لۆمەکردنی قوربانییەکان لەلایەن ئەوانەوە، بەقەدەر ئەو ڕێکارانەی کە لایەنی فەڕمی و حکوومەت دەیگرێتە بەر، گرینگن لە دووبارە بوونەوە یان نەبوونەوەی ئەو ڕووداوانە.
. مرۆڤناسان پێیان وایە تەنها ڕێکخستەوەی یاسا و دەستوور ناتوانێ ڕێگر بێ لە چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە بەڵکوو گۆڕانکارییەکان دەبێ شێوازی کۆمەڵایەتیبوون، پێوەندییەکانی دەسەڵات و وێناکردنی کەلتووری نێر و مێ لە قووڵایی کۆمەڵگەدا بگۆڕن. هەر بۆیەشە کە دەبێ لە کۆمەڵگەکاندا پاداشتەکان بە یەکسانی دابەش کرابن هەتاکوو هیچ ڕەگەزێک نەتوانێ بە زۆرکردن لە ڕەگەزی بەرانبەر و یان بەرتیلدانی سێکسی سەرکوەتن لە دامەزراوەیێک بەدەست بهێنێ، هاوکات نابێ کۆمەڵگە پیاو بە زاناتر و زیرەکتر لە ئافرەت بزانێ یان گەر ئافرەتێکی لە دەسەڵاتدا بینی یەکسەر تۆمەتی ئەوە لەو ئافرەتە بدا کە بە بەرتیلی سێکسی گەیشتۆتە ئەو پلە و پایە. دەبێ لە تەمەنی منداڵییەوە مرۆڤ فێربکرێ کە سنووری جەستەی خۆی بناسێ و فێربکرێ بەرانبەر هەر پێشێلکردنێکی سنووری جەستەی بەدەنگی بەرز بێتە دەنگ نەک لەبەر عەیبە و ئەوە خزمە و ... بە زۆر ماچ بکرێ، وێنەی بگیرێ و لەباوەش بگیرێ و...
.کارێکیتری گرینگ ئەوەیە کە زمانی کۆمەڵگە دەبێ بگۆڕدرێ. واتە نابێ قوربانی لۆمە بکرێ و بەرپرسیارەتی ئەو کارە نائاخلاقییە بە تەواوەتی بخرێتە ئەستۆی دەسڕێژیلێکراو.
. دەبێ کۆمەڵگە واز بێنێ لە بە پیس زانینی قوربانی، هەتاکوو ئەویش بتوانێ باسی ئازار و نەهامەتییەکانی بکا و ئەم گۆزارشتانە ببنە جێگەی ساڕێژبوونی تڕۆماکەی نەک قووڵتر کردنی زامەکەی. ئەم گیڕانەوانە زۆر کاریگەرن لەسەر بەئاگا هاتنەوەی کۆمەڵگە و پێشگیری کردن لە دووبارەبوونەوەیان وەک ئەوەی لە بزووتنەوەی ME TOO و هەروەها لە کەیسی ژیزل پلیکۆ Giselle Pelicot بینیمان. لە کۆمەڵگەی خۆشمان، ئێزدییەکان وانەیێکی گەورەیان فێرکردین کە دوای ئازادبوونی ئافرەتانی ئێزدی لەدەست داعش، قوربانی لۆمە نەکرێ و بەڵکوو بە ڕێزەوە بگەڕێتەوە ناو کۆمەڵگەی خۆی و پشتیوانی لێ بکرێ.
. متمانە بەخۆبوونی ئافرەتان و خۆبەکەم نەزانین لەبەرانبەر پیاوان زۆر یارمەتیدەدەرە کە ئەمەش بەشێکی زۆری دگەڕێتەوە سەر خێزان کە هەر لە منداڵییەوە متمانە و ڕێز ببەخشێتە کچەکانی و بەناوی ئافرەت بوون دووریان نەخاتەوە لە زۆرێک لە ئەزموونەکانی ژیان، پەروەردەی نەکات بۆ ئەوەی کە وابزانێ هەموو ژیانی ئافرەتێک واتا چێشت لێنەری و دایکبوون و پەرستاری کردن لەوانیتر. هاوکات لەگەڵ خێزان، پەروەردە، ڕۆڵێکی بەرچاوی هەیە هەم لە پێشخستنی ئافرەتان لە کۆمەڵگە و هەم لە وێناکردنی ئافرەت وەک بوونەوەرێکی خاوەن بڕیار و سەربەخۆ و متمانە بەخۆ.
