دیمانە/ شەیما جەمال
لەم دیمانەیەدا عوسمان زیندانی سەرۆكی سەندیكای كرێكارانی بیناسازی، باس لەو كێشە و گرفتانە دەكات كە ڕووبەڕووی كرێكاران لەكاتی كاردا دەبنەوە و ئەوەش رووندەكاتەوە كە چۆن مافەكانیان بە بەردەوامی پێشێل دەكرێت. ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات كە لەپرۆژەكانی نیشتەجێبووندا، خاوەن كارەكان دەیانەوێ بەكەمترین كات، زۆرترین كار بكەن، بەكەمترین كرێ و تێچوو كارەكانیان تەواو ببێت، ناچن پارە خەرجبكەن بۆ دەستكێش و كڵاو و پێداویستییەكانی دیكە، بۆ ئەوەی قازانجی زۆر بكەن، بەڵام ئەمە لەسەر ژیانی كرێكارانە.
ڕێگای كوردستان: ئەو گرفتانە چین ڕووبەڕووی كرێكاران دەبنەوە؟
عوسمان زیندانی: كرێكاران لەڕووی یاسایییەوە رووبەڕووی گرفتی زۆر دبنەوە، لەبواری ئابووری و كۆمەڵایەتیش مافەكانیان پێشێل دەكرێت، تا ئێستا كریكارانی بیناسازی بیمەی كۆمەڵایەتی نایانگرێتەوە. ئەو كرێكارانەی لەكارگەكاندا كاردەكەن و خاوەن كارەكانیان دیارن، بەڵام بەشێكی زۆر لە كرێكاران بەتایبەتی ئەوانەی لە ڕشتەی بیناسازیدا كاردەكەن، ئەوانەن دەڕۆنە ماڵان بۆ دانانی بۆڕی ئاوی ماڵان و بۆیاغكردن، ئەمانە پێیاندەوترێت كرێكاری ڕۆژانە، ئەم كرێكارانە خاوەن كارەكانیان دیارنین، تا ۱۲٪ زەمانەكەیان بۆ ببەن و ٥٪ لە كرێكاران وەرگرن، گرفتێكی دیكە بۆ كرێكاری بیناسازی ئەوەیە كە كاری جێگیریان نییە و بیمەی كۆمەڵایەتی نایانگرێتەوە، واتا لەكۆتاییدا خانەنشین نابن، ئەمەش زۆمێكی گەورەیە و لەگەڵ مافی مرۆڤدا ناگونجێت.
گرفتێكی دیكە، ئەوەیە لەسەر كار دەریاندەكەن بێ ئەوەی هەڵەیەك یان كەم و كورتی و تاوانێكیان هەبووبێت، خاوەن كار ئەم كرێكارە لەبەر ئەوەی مەعاشەكەی زۆر بووە دەریدەكات، سبەینێ كرێكارێكی دیكە دێنێت و پارەیەكی كەمتری پێدەدات، كاتێك پرۆژەیەك ڕادەوەستێت هیچ بیمەیەكی كۆمەڵایەتی و بێكاری و تەندروستی نییە بۆ كرێكاران تا مافیان وەربگیرێت، هەروەها بەشێك لەكرێكاران گرفتی نەبوونی گرێبەستیان هەیە.
ڕێگای كوردستان: زۆرینەی ڕووداوەكان لەپرۆژەكانی نشتەجێبوون ڕوودەدەن، ئەمە بۆ؟
عوسمان زیندانی: راستە زۆرینەی ڕووداوەكانی كار لە پروژەی بیناسازییە، یەكەم سروشتی ئەم كارە سەخت و قورسە، بۆ نموونە تەلارێك دروستدەكرێت، زیاتر لە ۱٨ نهۆمە، ئەمە مەسعەدی ناوخۆیی و دەرەكی دەوێت، ئاو و ئاوەڕۆ بەهەمان شێوە، ئەم شوێنانە هەمووی بۆشایی تێدایە سەركەوتن و دابەزینی زۆری تێدایە، سروشتی كارەكە قورسە لەچاو كاركردنی كۆمپانیایەكی بەرهەمهێنان. لەپرۆژەكانی نشتەجێبووندا، خاوەن كارەكان دەیانەوێ بەكەمترین كات، زۆرترین كاریان تەواو بێت، بەكەمترین كرێ و تێچوو كارەكانیان تەواو ببێت، ناچن پارە خەرجبكەن بۆ دەستكێش و كڵاو و پێداویستییەكانی دیكە، بۆ ئەوەی قازانجی زۆر بكەن، بەڵام ئەمە لەسەر ژیانی كرێكارانە.
ڕێگای كوردستان : دەوترێت ئەو كرێكارانەی دەبنە قوربانی بەزۆری لەسلێمانین، یان بەشێوەیەكی تر لەكام شار كرێكاران زیاتر دەبنە قوربانی؟
عوسمان زیندانی: لەهەموو شارەكانی هەرێمی كوردستان بە كەركوكی ناوچەی جێناكۆكیشەوە، ڕێژەی گیانلەدەستدان لەساڵیكەوە بۆ ساڵێكی دیكە دەگۆڕێت، بەڵام هەندێك ساڵ لەسلێمانی زیاترە، ڕوونە سلێمانیش هەڵەبجە و گەرمیان و ڕانیە دەگرێتەوە، بۆیە زۆرجار گیانلەدەستدانەكان لەسلێمانی زۆرتر ڕادەگەیەنرێت.
ڕێگای كوردستان: ڕێژەی گیانلەدەستدانی كرێكاران ئەمساڵ چەندە؟
عوسمان زیندانی: هیچ ساڵێك لەدەیان كرێكار كەمتر لەهەرێمی كوردستان گیان لەدەستنادەن، بیگومان لەشارەكان دەگۆڕیت و ئەمەش دەكەوێتە سەر بوونی سەلامەتی كار و شوینی كار، تا ئێستا هیچ ئامارێكی فەرمی ئەمساڵ لەبەر دەست نییە كە بزانرێت چەند كرێكار گیانی لەدەستداوە.