هاوڕێ كرێكار -  رێگای كورستان

دوای تێپەڕبوونی ۳۷ ساڵ بەسەر كیمیابارانكردنی هەڵەبجەدا، هێشتا حكومەتی عێراق بەفەرمی دانی بەپارێزگابوونیدا نەناوە و لەئاست گەورەیی تاوانەكەدا وەك پێویست خزمەتنەكراوە ، وتەبێژی حزبی شیوعی لەم دیمانەیەدا ڕایدەگەیەنێت،  هەردوو حزبی دەسەڵاتی هەرێم خەمساردن لەئاست هەڵەبجە و هەڵەبجەییەكان، ئاماژەش بەوەدەكات،  شارەكە كراوەتە قوربانی ململانێ. 

ڕێگای كوردستان: دوای ٣٧ساڵ لەتاوانی هەڵەبجەدا هەڵەبجەییەكان بەقەد قوربانیدانیان خزمەتكراوان؟ 

سوبحی مەهدی :  هەندێك هەنگاو نراوە، بەردی بناغەی چەند پرۆژە دانراوە، بەڵێنی گەورەش دراوە، بەڵام هەڵەبجە و ناوچەكە بەگشتی بەهۆی ئەو ڕۆڵە گەورەیەی لە مێژووی خەبات و تێكۆشانی گەلەكەماندا بینیویەتی و ئەو مەرگەساتەی لە ١٦ ی ئازاری ١٩٨٨ بەسەریداهات و گەلەكەمانی بەدونیا ناساند و بووە هێمای ستەم و دڕندایەتی رژێمی دیژتاتۆری و راكێشانی سۆز و پشتیوانی بۆ دۆزی رەوای گەلەكەمان، لەئاست ئەو گەورەییەی كارەساتەكەدا، نەخێر خزمەتنەكراوە و هەردوو حكومەتی هەرێم و بەغدا بەرپرسن كە ئەم شارە و ناوچەكە ئاوەدان و پڕخزمەتگوزاری بكەن و ژیان و ئارامی زیاتر بگەڕێننەوە بۆ پارێزگاكە و دڵە شكاوەكانی كەسوكاری قوربانیان ئارام بكەنەوە.

ڕێگای كوردستان : تاچەند دەسەڵات هوكارە  بۆ ئەوەی تا ئێستا تاوانی  هەڵەبجە وەك جینۆساید نەناسێنراوە؟

سوبحی مەهدی : دەسەڵاتداران و نوێنەرانی كورد لە بەغدا و حكومەتی بەغدا وەك جێگرەوەی رژێمی ڕوخاو، ئەركی سەرشانیانە ئەم مەرگەساتە بەجینۆساید بناسێنن، و مافەكانی كەسوكاری قوربانیان بدەنەوە.

ڕێگای كوردستان: پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دوو خوێندنەوەی بۆ كراوە، هۆكار چییە نەتوانراوە لەپەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت؟

سوبحی مەهدی : هیچ پاساوێك نەماوە بۆ بەیاساییكردنی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە، هۆكارەكە لەلایەك ناكارایی نوێنەرانی كوردە (بەهەموو پۆستەكانیانەوە) لەبەغدا، لەلایەكی ترەوە خەمساردیی حكومەتی هەرێمە. هۆكارێكی تری هەڵسوكەوتی فراكسیۆنە پەرلەمانییەكانی ترە، كە كورد داواكارییەكی یاسایی هەبێت، ئەوانیش داوایەكی تر قوتدەكەنەوە و دەبێت لەبەرانبەر بەپارێزگابوونی هەڵەبجەدا یاسایەكی نموونەی یاسا پاشكەوتووەكەی ئەحوالی شەخسی تێپەڕێنن، كە ڕەنگدانەوەی پرۆسەی سیاسی عێراقە، كە لە سەر بنەمای بەشبەشێنە دامەزراوە.

ڕێگای كوردستان: رێگرییەكان چین، ئەگەر حكومەتی هەرێم خۆی وەك پارێزگایەك مامەلە لەگەڵ هەڵەبجەدا بكات، بەتایبەتی لە پرسی بودجە و پڕۆژە و دامودەزگاكانییەوە؟

سوبحی مەهدی :  حكومەتی هەرێم و پەرلەمانی كوردستان بەناو بڕیاریانداوە، پێویستی بە دابینكردنی میزانییە و پڕۆژە و تەواوكردنی میلاكە، كە زۆركەمی بۆكراوە، بەڕێوەبەرایەتی وا هەیە تەنها بەڕێوەبەرەكەیە و بێ میلاكات، ناساندنی فەرمی لای ئەنجومەنی نوێنەرانە كە خوێندنەوەی بۆ كراوە و بەردەوام دەستی دەستی پێدەكرێت.

ڕێگای كوردستان: بۆ حكومەتی هەرێم دوای ئەو هەموو ساڵە ئامادەنییە ڕۆژی تاوانەكە بكاتە پشووی فەرمی، لەكاتێكدا ئەمساڵ عێراق ئەو ڕۆژەی كردووەتە پشوو؟

سوبحی مەهدی : كرایە پشوو و هەڵوەشێنرایەوە، بەرزڕاگرتنی ئەم یادە بەپشوو نییە، چونكە لەعێراقدا سێیەكی ساڵ بەناو و ناونیشانی جیا پشوو هەیە، گرنگ بەجێهێنانی مافەكانی پارێزگاكەیە لەڕووی دابینكردنی پێداویستییەكان و لاكردنەوەیەكی مرۆڤانەیە لە كەسوكاری قوربانیان و دانیشتووانی ناوچەكە بەگشتی.

ڕێگای كوردستان: ڕۆڵی حزبی شیوعی و پێشمەرگەكانی چۆن بوو لەو ڕۆژەدا ؟

سوبحی مەهدی: پێش كارەساتەكە حزبی شیوعی بوونێكی هەستپێكراو و دیاری هەبوو، چ لەرووی رێكخستن و چ لەڕووی پێشمەرگایەتییەوە، كە بەتالیۆنی حەوتی هەورامان یەكێك بوو لە بەتالیۆنە چالاكەكانی حزب و ژمارەیەكی باش گەنجی ئازا و چالاكی لەخۆ گرتبوو، بەڵام بەتوندی داوای لایەنەكان و ئێرانی رەتكردەوە بۆ بەشداریكردن لەگەڵ سوپای ئێراندا بۆ دەسبەسەرداگرتنی ناوچەكە، لەبەرئەوە پێشمەرگەكانمان ناوچەكەیان بەجێهێشت و كادیرەكانی رێكخستن هەمان چارەنووسی هاووڵاتیانیان هەڵبژارد.

ڕێگای كوردستان: پێتوانییە هەڵەبجە كراوەتە قوربانی ململانێی نێوان حزبەكانی دەسەڵات ؟

سوبحی مەهدی: بەڵێ نەك هەر قوربانی ململانێكانی نێوان حزبەكانی دەسەڵاتە و زۆرجاریش ئەو كارانەی بۆ هەڵەبجە دەیكەن وەك منەت و بەدەسكەوتی ئەم سەرۆك یان ئەو سەركردەی دەزانن، سەرەڕای ئەو هەموو مەینەتییانەی خەڵك لە شەڕی عێراق و ئێراندا بەسەریاندا هات، لەدوای ڕاپەڕینیش ناوچەكە كرایە گۆڕەپانی شەری نێوان حزبەكان و هەڵەبجەییەكانیش دووبارە تووشی ئاسەوارەكانی شەر كرانەوە.

ڕێگای كوردستان: هیچ شتێك ماوە بتانەوێ بیلێن؟ 

سوبحی مەهدی: كۆتا وتەم ئەوەیە، كە با هەوڵەكانمان چڕبكەینەوە بۆ بەكردەییكردنی هەڵەبجە بە پایتەختی ئاشتی، ئەویش بەداماڵینی چەك لەنێو شار و شوێنەكانی نیشتەجێبووندا و پێكهێنانی دەستە و ئەنجومەنەكانی و گەیاندنی ئەم ناوچەیە بە ئاستی ناوبانگ و قوربانییەكانی.

 


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە