بەشی چوارەم

ئامادەکردنی: مەغدید حاجی

 ٭ هاوڕێ نازم باس لە بەرگری پێشمەرگە شیوعییەکان و چەکی دەستیان و پەیوەندییەکانیان لەگەل پارتی دەکات

مەغدید: بەرگری و خۆڕاگری پێشمەرگە شیوعییەکان چۆن بوو؟

هاوڕێ نازم : لە دوای گەشتێکی پڕ لە ماندوبوون و گواستنەوە لە شوێنێک بۆ شوێنێکی دی لە ماوەیەكی کورتخایەندا ،لە ناوچەیەکی چۆل لە دانیشتووان ، دوای تێپەڕینی ماوەی نێوان 19-7-1988 تاکو 8-8-1988 کە پڕ بوو لە ڕووداوی دڕاماتیکی، لەسەر چیای قەبری زاهیر جێگیربووین. شاخێکی بەرزە لەسەر سێگۆشەی سنوور لە دیوی عیراق. بۆ دوو بەش دابەشبووین، بەشێکمان لەسەر لوتکەی شاخە بەرزەکە بووین، کە پارێزراو بوو، هاوڕێیان دەیانتوانی چاودێری جووڵانەوەکانی دوژمن بکەن .بەشەکەی تریش لە شوێنی حەسانەوە بوون و دەبوو هەردوو سێ ڕۆژ جارێک جێگۆڕکێ لەگەل یەکتر بکەن. لەو کاتەدا پێشمەرگەکانمان بڕیاریاندا مەفرەزەیەک بۆ دەوروبەری ئەو شوێنانەی کە دوژمن تیایاندا جێگیر بووە دەربکەن و زانیاری کۆبکەنەوە، ئەگەر پێویستیشی کرد شەڕیان لەگەڵدا بکەن. ئەوەی لە بیرم بێت ملازم زهێر فەرماندەی مەفرەزەکە بوو، دوای دوو سێ ڕۆژ مەفرەزەکە گەڕایەوە، چەند سەربازێکی سوپای عیراقیان بە دیل لەگەڵ خۆیاندا هێنابوو، قسەمان لەگەڵ کردن خەڵکی عمارە بوون، دەیانگوت ئێمە یەک گولـلەمان نەتەقاندووە، کلاشینکۆفی خاوێنیان پێبوو، هەر یەکێکیان چوار مەخزەنی پێبوو، کە مەخزەنەکانمان پشکنین دەرکەوت ڕاست دەکەن تەقەیان نەکردبوو، کە بە دیلیش کەوتبوونە دەست هاوڕێیانمان چەکەکانیان ڕادەست کردبوون.

دوای جێگیربوونمان لەسەر قەبری زاهیر لە ڕۆژانی 11و12/ ئاب هێزێکی پێشمەرگەی پارتی هاتنە ئەوێ کە پێشتر لە ڕۆژانی هێرشی ڕژێم 3تاکو 8-8-1988 پاشەکشەیان کردبوو، لەو کاتەی ئێمە کۆمەڵێک پێشمەرگەمان لە شوێنی مەلا برایم مابوون. ئەوەی لە بیرم بێ ئەم هاوڕێیانە لەوێ بوون:(خەیری عیراقی، عەبووسی، شێرکۆ، م.عوسمان)..لەوانەیە هەندێ ناوم لەبیر نەمابن. سەرمان سوڕما لە گەڕانەوەی هێزەکانی پارتی، بۆ گەڕانەوە؟ ئەوەی دواتر زانیمان کاک مەسعود بارزانی ڕەزامەند نەبووە لەسەر پاشەکشەیان بەشێوەیەکی ناڕێک. ڕەخنەی توندی لێگرتبوون، سەرکۆنەی کردبوون، پێی وتبوون بۆ پێشمەرگەکانی دی ماونەتەوە ،مەبەستی لە ئێمەبوو. بەم جۆرە قسە لە نێوان هاوڕێیان دەکرا .کاک مەسعود بە پێشمەرگەکانی خۆی گوتووە:"  چۆن پاشەکشێ دەکەن بێ ئەوەی گولـلەیەک بە ڕووی دوژمن بتەقێنن؟ ناوچەکە بەم شێوە پاشەکشێ ناڕێکە جێبهێڵن"؟

دەستپێشخەری کرا تاکو پەیوەندی نێوان مەفرەزەکانمان و هێزی پارتی ڕێکبخرێت، تاکو ناوچەکە بەرنەدەین و بەرگری لێبکەین و بەمەش پەیامێک ئاراستەی ڕژێم کرا کەوا ئێمە پێداگرین و بەرگری دەکەین و بەردەوام دەبین لە بەرگری سەرەڕای هەموو زیانەکان و شکستی بزووتنەوەی چەکداری لە کوردستاندا لە دوای پرۆسەی بەدناوی ئەنفال.

بەمجۆرە پێشمەرگەکانی پارتی لە لوتکە چیای کوراوە جێگیربوون لەگەڵ مەفرەزەکانمان زاویەیەکی گەورەتر لە 90 پلەمان دروستکرد بۆ ڕێگا گرتن لە دوژمن کە دەیویست پێشڕەوی بۆ ئەم ناوچانە بکات و تیایاندا بچەسپێت.

هێزەکانی ڕژێمی عیراق لە ڕێگای چاودێرییان بەم جێگیربوونەی هێزی پێشمەرگەیان زانی، بۆیە بۆردومانیان زیادی کرد و هێرشەکانی فڕۆکەش زیادی کرد کە لە تۆپباران ماندوو دەبوون فڕۆکەکان دەهاتن و بۆردومانیان دەکردین و بۆردومانەکانیان زۆر دڕندانە زیادی کرد.

ئێمەش دەستمانکرد بە بەرەنگاربوونەوەی هێرشە بەردەوامەکانی دوژمن و هەوڵدانەکانی بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچەکە. هەر کاتی بیانویستایە هێرش بێنن بۆردومانەکانیان بۆ سەر بنکە و پێگەکانی ئێمە و پارتی زیادی دەکرد. ئێمەش هەموو بەورەیەکی بەرز ڕووبەڕووی هەوڵدانەکانی ڕژێم دەبووینەوە کە دەیویست پێشڕەوی بکات، بەڵام شوێنی ئێمە ڕێگربوو لە پێش ڕژێم تاکو سەرکەوتن لە هێرشەکانیان بەدەستبێنن، بەتایبەتی هەوڵدانیان بۆ دەستبەسەرداگرتنی هەردوو لوتکە چیا کە ئێمە و هێزەکانی پارتی تیایاندا بەرگریمان دەکرد.

لێرەدا دەبێ بۆ مێژوو ڕاستییەک باس بکەم کە ئەویش پشتیوانی و یارمەتیدانی ئاوارە بارزانییەکانی کۆمەڵگەی زێوە بوو ، هاوکارییان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە دەهێنا (ئەو ئاوارانەی ڕزگاربووی کۆمەڵکوژی ساڵی 1983 بوون، ئێران ئەم ئۆردوگایەی بۆ دامەزراندبوون) ئەگەر یارمەتی ئەمانە نەبوایە کە بەردەوام نان و خواردن و بەتانیە و فیشەکیان بۆ دەهێناین ،نەماندەتوانی ئەوەندە بەرگری بکەین لەسەر ئەم لوتکە چیایانە.

بەهاوبەشی لەگەڵ هێزەکانی پارتی لە ماوەی نێوان ( 14ی ئاب تاکو5-9-1988)  ڕووبەڕووی هێرشەکانی ڕژێم بووینەوە. یەک لە چالاکییەکانی هاوڕێ پێشمەرگەکانمان لە ڕووبەڕووبوونەوەی فڕۆکە سەمتییەکانی دوژمن ئەوەبوو کە بەهەموو جۆرە چەکەکانمان تەقەمان لێدەکردن و لە خۆمان دووردەخستنەوە. دیاربوو ئەوانیش نەیاندەویست بپێکرێن بۆیە دوور دەکەوتنەوە.

جارێکیان فڕۆکەکان هاتنە سەرمان هاوڕێ (ابو جعفر) بەمووشەکی سام 5 کە لەسەر شان هەڵدەگیرا، بەئامانجی گرتن ئێمەش چاومان بڕیبووە ئاسمان بزانین چۆن فڕۆکەکان دەپێکێت، بەڵام چەند جار هاوڕێ ابو جعفر دەیویست مووشەکەکە بتەقێنێ نەدەتەقی چونکە 5 ساڵ بوو مووشەکەکان بەکار نەهاتبوون و شێ کاری لە گولـلەکانی کردبوو نەدەتەقین!!

جارێکی دی بۆردومانی دوژمن بۆ سەر پێشمەرگە بەچڕی دەستیپێکردەوە، بەهەموو جۆرە فڕۆکەیەکی غەزالی بچووک و ئالیۆشنی فەڕەنسی و هۆگر هنتری ئینگلیزی بۆردومانیان دەکردین. سەرەڕای هێرشی بەردەوام و دڕندانەی فڕۆکە سەمتییەکان. فڕۆکە سەمتییەکان نزیک دەبوونەوە ، لەکاتی نزیکبوونەوەیان بەئارپیجی و دۆشکە ئاگربارانمان دەکردن و لەخۆمان دوور دەخستنەوە.

پێشمەرگەکانی پارتی تۆپێکی عیار 81 ملم یان هەبوو، لە بەرزاییەکانی قەبری زاهیر دایانمەزراندبوو، ئەم تۆپە بەسوود بوو بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی دوژمن، کە دەیویست بەرەو پێگەکانی پارتی ،یان پێگەکانی هاوڕێیانمان پێشڕەوی بکەن لەسەر قەبری زاهیر و لوتکەکانی. بەداخەوە ڕۆژێکیان گولـلە تۆپەکەی هەڤاڵانی پارتی لەناو پێشمەرگەکان تەقیەوە و دەنگێکی سەرسوڕهێنەری دروستکرد، دەرکەوت تۆپهاوێژەکە نەیزانیوە باش بەکاریبێنیت و خۆی دەستبەجێ شەهید بوو. دوو پێشمەرگەش بریندار بوون و هاوڕێ (د.ابو یسار) چارەسەری بریندارەکانی دەکرد.

جارێکی دی جەیش و جاش پێشڕەوییان دەستپێکرد بۆ سەر پێگەکانی پارتی لە چیای دراو ، ئێمەش چاودێری جووڵانەوەکانمان دەکرد. چەکی ئارپیجیم پێبوو، بەرپرسەکەمان هاوڕێ (ابو نهران) وتی:  بۆردومانیان بکە، منیش سێ گولـلە ئارپی جیم تێ گرتن، هەموومان چاودێری پێشڕەوی دوژمنمان دەکرد و بەرگریمان لە پێگەکانمان دەکرد، لێماندەدان و دەگەڕانەوە و فەشەلمان بە هێرشەکانیان دەهێنا، ئەمە دووجار و سێ جار دووبارە دەبۆوە. ئێمە لە شوێنەکانی خۆمان دەمانتوانی چاودێری جووڵانەوەی دوژمن بکەین، بەڵام هێزەکانی پارتی لەسەر چیا لە دوورەوە نەیاندەتوانی چاودێری پێویست بکەن. بەمجۆرە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لەسەر یەک پێشڕەوییەکانی دوژمنمان ڕادەگرت. تۆپە 81 ملمەکەش هاوکار بوو بۆ وەستاندنی پێشڕەوییەکانی سوپای ڕژێم.

شەوی  4/5 - 9 - 1988 پێشمەرگەکانی پارتی بێ ئەوەی ئێمە ئاگادار بکەنەوە، شوێنی خۆیان لەسەر لوتکەی چیای کوراوە جێهێشتبوو، ئەو شەوە بۆردومانی دوژمن بۆ سەر پێگەکانمان توند بوو، کە پێشتر بۆردومانی بەمجۆرەمان نەدیبوو. لەپشت بەردێکی گەورە سەنگەرم دامەزراندبوو، ژمارەی گولـلە تۆپەکانی دوژمنم دەژمارد لە یەک خولەکدا 12 تۆپ لەدەوروبەرمان دەتەقینەوە، ئەم بۆردومانە چڕە بۆ سەر پێگەکانمان ماوەی 12 کاتژمێر بەردەوام بوو، واتا لەم ماوەیەدا 8640 گولـلە تۆپیان تێگرتین!! بەمجۆرە بۆردومانەکە بەردەوامبوو، لە ڕۆژی دواتر واتا ڕۆژی 5-9-1988 پێشمەرگەکانی حزبمان بینییان پارتی لە قەبری زاهیر بەرەو سێگۆشەی سنوور پاشەکشێ دەکات، لەهەمان کاتدا ئاو و هەوا زۆر سارد بوو، ڕەشەبا بەردەوامبوو، ئاو وهەواش دژی پێشمەرگە دەجەنگا!! لەم کەش و هەوا ساردەدا، بەفرمان دەتواندەوە تا ئاوەکەی بخۆینەوە، مانگێکیش دەبوو کەس باسی خۆشووشتنی هەر نەدەکرد.. کە بینیمان هێزەکانی پارتی لە شەوی4/5 ی ئەیلول پاشەکشێیان کرد و لەگەل بەرەبەیان گەیشتنە سێگۆشەی سنوور و بەرەو بەرزاییەک ڕۆیشتن، پێشمەرگەکانی ئێمە لە شوێنەکانی خۆمان مابووینەوە، بینیمان دوژمن گەیشتە ئەوشوێنەی کە پارتی پاشەکشێی لێ کردبوو، ئەم شوێنەش بەرزترین لوتکە بوو لە چیای قەبری زاهیر و بەسەر شوێنی ئێمەدا زاڵ بوو، تۆپی دوژمن زۆر بەئاسانی دەیتوانی بۆردومانمان بکات، لەڕووی سەربازییەوە شوێنەکەمان کەڵکی مانەوەی تیا نەما، بۆیە سەرکردایەتی پێشمەرگەکانمان دوای وتووێژ لەگەل لایەنەکانی بەرەی کوردستانی بڕیاری پاشەکشێی دەرکرد. دوای زیاتر لە مانگێک لە بەرگریکردنی پاڵەوانانە و وەستان لەڕووی هێرشە بەرفراوانەکانی ڕژێم و بۆردومانی بەردەوامی تۆپ و فڕۆکە.

دوای وتووێژ لەگەڵ لایەنەکانی بەرەی کوردستانی وا ڕێککەوتین کە لە ناو ئێران ڕێگایەک بۆ پێشمەرگە شیوعییەکان زامن بکرێت تاکو دەگەینە ناوچەی جوێزە و دۆڵی کوگا ، ئەم شوێنە لەناو خاکی عێراقە لەنزیک سنووری عێراق ئێران. بەمجۆرە دەستمانکرد بە کۆکردنەوەی هەموو کەلوپەلەکانمان لەقەبری زاهیر لە فیشەک و چەک و خواردن و بەتانی و کەل و پەلی تایبەتی وەکو کامیرا و کتێب .. هەر پێشمەرگەیەک کەل و پەلی خۆی خستە ناو هەگبەکەی و بەپشتی دادا و چەکەکانی خۆشیان هەڵگرت و دوای نیوەڕۆی 5-9-1988 ناوچەکەمان بەرەو سێگۆشەی سنوور و ناو ئێران ڕۆیشتین و ڕەزامەندی لە لایەنی ئێرانی وەرگیرابوو کە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بە ناو خاکی ئێراندا بڕۆین ،لەشنۆ لە بارەگای پارتی گەل پشوویەکمان دا، هەندێ هەڤاڵی ئەم پارتە وەکو پێشمەرگە لەگەڵمان بوون.. ڕۆژی9-9-1988  بەناو گوندی ئەلواتانی ئێراندا تێپەڕین و گەیشتینە جوێزە و لەوێ قۆناغێکی دی لە کاروانی تێکۆشان و چارەنووسمان دەستیپێکرد..

یەکێک لەو دیمەنانەی لەبیر ناکرێن لەو کاتەی مەفرەزەیەکی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران حدکا بەلای شوێنی حەسانەوەمان لە قەبری زاهیر تێپەڕین، دوای ئەوەی چالاکییەکیان لەناو ئێران ئەنجامدابوو، پێشمەرگەیەکیان بریندار بوو، گولـلەیەک بە لای پشتی شانی کەوتبوو لەنزیک دڵی تەقیبوەوە و ئەوان چارەسەری خێرای پێویستیان نەبوو، هاوڕێمان (د. ابو یەسار) بە کەرەستەی سادە و زۆر بەوریایی و پەرۆشی نەشتەرگەری بۆ ئەنجامدا و لە مەترسی مردن ڕزگاری کرد".

(ماویەتی)

لە بەشی پێنجەمدا هاوڕێ نازم باس لە چەکی پێشمەرگە و پەیوەندییەکانیان لەگەل پارتی و چەند بابەتێکی دی پەیوەندیدار بەم شەڕە مێژووییە دەکات.

 


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە