ئامادەکردنی: مەغدید حاجی
بەشی پێنجەم
٭ لەم بەشەدا کۆتایی بە دیدارەکەمان لەگەل هاوڕێ فارس جەجۆ ئەلقوشی(هاوڕێ نازم)دەهێنین . هاوڕێ نازم لەم بەشەدا لە میانی وەڵامدانەوەی چوار پرسیاری دی لە دوا پرسیارەکانماندا، باس لە چەکی دەستی پێشمەرگە شیوعییەکان و پەیوەندییەکانی حزبی شیوعی عیرق لەگەل پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات، لە کاتی شەڕوداستانی خۆڕاگری خواكوڕكدا. هەروەها تیشک دەخاتە سەر سروشتی ئەم شەڕە و دەرئەنجامەکەی ئایا دروستە ناونراوە (داستانی خواكوڕك)؟ لە وەڵامی دوا پرسیاریشدا بە کورتی بەشداربوونی پێشمەرگە شیوعییەکان لەم شەڕە مێژووییەدا هەڵدەسەنگێنیت.
لە بەشی داهاتووشدا (بەشی شەشەم) وەڵامی هەردوو پێشمەرگەی دێرین و نووسەر: (د. حسان عاکف - ابو یسار) و (مزهر بن مدلول) بڵاو دەکەینەوە.
٭ مەغدید: ئەو جۆرە چەکانەی لە دەستی پێشمەرگە بوون و بەکاریاندەهێنا لە شەڕی خواكوڕك چی بوون؟
ــ هاوڕێ نازم: لە کاتی باسکردنی شەڕەکەدا باسم لە جۆری چەکەکانیش کردووە. بە گشتی چەکی دەستمان کلاشنکۆف بوو. چەکی( بی کەی سی ) و (ئار پی جی)یشمان هەبوو. هەروەها دۆشکای دژەفڕۆکەی16 ملیمیمان هەبوو، لەگەل چەکی دی وەکو تفەنگی بڕنۆ و ناتۆ و دەمانچەی جۆراوجۆر. چەند مووشەکێکی دژە فڕۆکەی (سام 5)مان هەبوو بەڵام بەداخەوە سوودمان لێ نەبینین چونکە بەهۆی ئەوەی ماوەیەکی زۆر بوو بەکارمان نەهێنابوون شێ کاری لە باڕووتی گوللـەکانیان کردبوو نەدەتەقینەوە.
٭ مەغدید: لە کاتی شەڕەکەدا پەیوەندیتان لەگەل پارتی دیموکراتی کوردستان چۆن بوو؟
ــ هاوڕێ نازم: بە شێوەیەکی گشتی پەیوەندییەکانمان باش بوون. لە زۆرینەی ڕۆژانی شەڕەکەدا پەیوەندییەکانمان ڕێکوپێک بوو. لە زۆربەی ڕۆژانی شەڕەکەدا تۆپی دوژمن بارەگاکانی هەردوولامانی دەکردە ئامانج هەندێ جار زیاتر بارەگاکانی ئێمە لە چیای قەبری زاهیر دەکرانە ئامانج، چونکە شوێنی هەڤاڵانی پارتی لە شوێنی هەمووان بەرزتر بوو. زۆر ئازایانەش ڕووبەڕووی هێرشەکانی دوژمن دەبوونەوە. هاوڕێ پێشمەرگە شیوعییەکانیش توانیان سێ جار شکست بە هێرشەکانی دوژمن بۆ سەر پێگەکانمان بێنن. بە درێژایی ڕۆژانی شەڕەکەش هەڤاڵانی پارتی ستایشی ئازایەتی و خۆڕاگری پێشمەرگە شیوعییەکانیان دەکرد.
هاوکاری هەبوو لە ڕووی دابینکردنی تەقەمەنی. هەر کە پێویستمان بە فیشەک بوایە لەوان وەرمان دەگرت.
بە درێژایی ڕۆژانی شەڕەکە ئینسجام لە نێوانماندا هەبوو، بەڵام ئەوەی بە عەیبە بۆیان ئەژمار دەکرێت پاشەکشێی بێسەروبەریان بوو لە کاتی دەستپێکردنی هێرشی دوژمن لە کۆتایی تەممووز و سەرەتای مانگی ئابدا ، ناوچەکە و بارەگاکانیان زۆر بە ناڕێکی جێهێشت. خاڵێکی دی نەرێنی بریتی بوو لە پاشەکشەیان لە ڕۆژی پێش کۆتایی شەڕەکە، بێ ئەوەی ئێمە ئاگاداربکەنەوە. هۆکاری ئەم پاشەکشەیەمان نەزانی، بۆیە بۆ ڕۆژی دواتر بۆردومانی دوژمن بۆ سەر پێگەکانی ئێمە زۆر بە چڕی زیادی کرد و ماوەی 14 کاتژمێر بەبێ پچڕان بەردەوام بوو، بەجۆرێک لە هەر خولەکێکدا 12 گوللـەتۆپ لە دەوروبەرمان دەکەوتەوە، جا سەیرە ئێمە لە پانتایی دوو سێ کیلۆمەتری چوارگۆشەدابووین لەسەر چیای قەبری زاهیر ، دەبێ چەند گوللـەتۆپمان ئاراستە کرابێت؟!.
٭ مەغدید: ئایا ئەم شەڕە بەمانای وشە دەتوانین بەداستان ناوی بەرین؟
ــ هاوڕێ نازم: لە ڕوانگەی بەرگریکردنی درێژخایەنی پاڵەوانانەی پێشمەرگە و ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمن، کە خاوەن هێزی زۆر و پڕچەکی قوڕس و فڕۆکە بوون، پێشمەرگەش زیاتر لە پەنجا ڕۆژ بە تەحەدداوە ڕووبەڕوویان بوویەوە و بەرگری دەکرد .. لەم ڕوانگەیەوە ئەم شەڕە بۆ پێشمەرگە داستان بوو.
بەڵام لە لایەکی دی بە شەڕ ئەژمار دەکرێت چونکە بووە هۆی ئەوەی کە پێشمەرگە ناوچەکە و بارەگاکانی خۆی جێهێشت، کە مەودای جوولانەوەی هێزی پێشمەرگە بوو، دوژمنیش هات ئەم ناوچەیەی کۆنترۆڵکرد. لەم ڕوانگەیەوە شەڕبوو نەک داستان.
٭ مەغدید: هەڵسەنگاندنتان بۆ بەشداربوونی هاوڕێیانمان لەم شەڕەدا چۆنە؟
ــ هاوڕێ نازم: بەشێوەیەکی گشتی هەڵسەنگاندنمان ئەرێنییە و بەچاوی ڕێزەوە دەڕوانینە بەشداربوونی هاوڕێیانمان. هەروەها پابەندبوون بە پرەنسیبی ڕێکوپێکی و جێبەجێکردنی ئەو ئەرکانەی پێیان سپێردرابوو. بەرگەی جۆرەها بارودۆخی سەختی شەڕەکانیان دەگرت، بەو چەکانەی لەبەر دەستیان بوو بەرگری قارەمانانەیان دەکرد سەرەڕای ئەوەی کە دوژمن پڕ چەک بوو بەجۆرەها چەکی هەمەجۆر و قوڕس جگە لە بۆردومانی فڕۆکە . بەرگری پێشمەرگە ماوەی دەوروبەری دوو مانگ لە سەرەتای تەممووز تاکو 6-9-1988 بەردەوام بوو..
سەرەڕای شکستهێنانی خەباتی پێشمەرگایەتی لە کۆتایی پرۆسەی بەدناوی ئەنفال و ڕاگیرانی شەڕی عیراق ئیران و هێنانی زۆرترین هێزی سوپا و جاش بۆ هێرشکردنە سەر ئەم ناوچەیە ، دەتوانین بڵێین ئێمە وەکو هێزی پێشمەرگەی حشع و هێزی پێشمەرگەی لایەنەکانی دی بەرەی کوردستانی تێکنەشکاین، بەڵکو بەشەڕەفمەندانە و بەڕێکوپێکی پاشەکشەمان کرد و پارێزگاریمان لە هەموو چەکەکانمان کرد و گەڕاینەوە بۆ هەندێ ناوچەی دی ناو خاکی عیراق تاکو بەردەوامی بەخەبات بدەین بەهەر ڕێگایەکی دی گونجاو بەردەوام بووین تاکو ڕاپەڕینی بەهاری 1991 کە بووە هۆی ڕزگاربوونی باشووری کوردستان لە ژێر چەپۆکی ڕژێمی دیکتاتۆری عیراق.