شاعیرو هونەرمەند ئەرسەلان ئالانی: رەخنە بەداخەوە زیاترقاڵبی پیاهەڵدان و دەست خۆشی وەرگرتووە

شاعیر و هونەرمەند،ئەرسەلان سلێمان قادر ناسراو بە (ئەرسەلان ئالانی)،ساڵی 1980  لە گوندی (ئالانە)ی سەر بە قەزای خەلیفان لەدایك بووە، لە تەمەنی 5ساڵی دەخرێتە بەر خوێندنی ئاینی ، بەڵام دوای ساڵێك و  لە تەمەنی 6ساڵی بەهۆی نەخۆشی لەپێ دەكەوێت و ناتوانێت بەئاسایی بەپێ بڕوات ، ڕاستە ئەو بووە خاوەن پێداویستی تایبەت ، بەڵام نەخۆشییەكەی نەبۆتە رێگر لە برەوەدان بە بەهرەكانی.

ئالانی لە ساڵانی  86-88 سەرەڕای هەبوونی شەڕ و نەهامەتی و گوند سووتان و دەربەدەری ژیانی لەشاخ و ئەشكەوتەكانی كوردستان ، كەئەوكات تەمەنی  8 ساڵان بوو ،  بۆ خۆ سەرقاڵكردن و لەبیر بردنەوەی ئازارەكانی و جەنگ ، دەیویست ژیانی منداڵی پێش نەخۆشكەوتنی و پێش سووتانی گوندەكەی لەرێگەی تابلۆ  وێنا بكات  ، واتە ساڵانی 88 - 96 وەك هەر منداڵێك وێنەی سادەو ساكاری دەكێشا ، بەڵام وەك تابلۆ ساڵی 97 دەستی  بەم هونەرە كردووە ، لەم  روانگەوە خاوەنی چەندین پێشانگای تایبەت و هاوبەشە بۆئاگاداربوو بە كارو چالاكییەكانی ، بەچەند پرسیارێك بەسەرمان كردەوە.

هەڤپەیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس

*سەرەتا بابزانین چۆن لەگەڵ جیهانی شیعر ئاشنا بوویت؟

- بۆ نووسینی شیعر ، فایەق بێكەس كاریگەری زۆری لەسەرم هەبوو، چونكە باوكم دیوانی بێكەسی شاعیری هەبوو بۆی دەخوێندمەوە ، ئیتر ساڵی 2001 دەستم بە نووسینی شیعر كرد كە دوو بەرهەمم هەیە (گەڵا وەریوەكان  و  نمەی باران).

*تاچەند پێویستە شاعیر لەگەڵ شیعرەكانی راستگۆ بێت؟

- ناكرێ شاعیر گوفتار و ڕەفتاری جیاوازبێ لەگەڵ تێكستەكانی ، بەڵكو پێویستە قەڵەم و ڕوئیا و ڕێبازی هاوتەریب بن، لە هەمان كاتدا بۆئەوەی خۆی  و خوێنەران چێژ لە شیعرەكانی وەربگرن.

*بابزانین ئەو دەروازانەی كامەن بۆ شیعرنووسین ئایا خۆشەویستیە، ئافرەتە، سروشتە، دایكە ، باوكە، سۆزە...؟

- بێگومان زۆرن ئەو بابەتانەی كەدەبنە هەوێنی شیعرەكانم وەكو (وەسف ، نیشتمانی و نەتەوەیی ، عەشق و خۆشەویستی ، سۆز ، تەنز و ڕەخنە..) بۆیە شیعرەكانم لەیەك بابەت قەتیس نەكردوون.

*ئەو شاعیرو ئەدیبانە كامەن كە كاریگەریان لە سەرتۆ هەبووە؟

- زۆرن ئەو شاعیرانەی كاریگەرییان لەسەر من هەبووە ، وەك (فائق بێكەس ، قانع ، مەلا عەلی ، عەبدوڵڵا پەشێو ، ئیسماعیل خورماڵی چەندانی تریش، هەر یەكەو بەشێوەیەك تێكەڵ بە تێكستە شیعرەكانیان بووم و لەگەڵیان ژیاوم.

*باشە باباس لە هونەری شێوەكاری بەرێزتان بكەین، بزانین سەرچاوەی لەدایك بوونی تابلۆكانت چین؟

-تابڵۆكانم هەمەجۆرن،( پۆرترەیت ، سروشت ، ئاسەوار ، كلتور ) ، وە هەندێ جاریش لەسەر داواكاری ئازیزان  وێنە دەكێشم ، بەڵام زیاتر كار لەسەر دیمەنی سروشتی كوردستان دەكەم كە سەرنجم ڕادەكێشێت.

*ڕەنگ فاكتەری سەرەكی هەموو تابلۆییەكە وەكو شێوەركارێك چۆن دەڕوانیتە ڕەنگ؟

- ڕەنگ لە دیدی من جیهانێكە لە خۆشەویستی ، لە ڕاستگۆیی ، لە ئاوازی رۆحی مرۆڤ ، بۆیە زۆربەی رەنگەكان لە تابلۆكانم دا وەكو كەرستەیەكی سەرەكی بوونیان هەیە.

*كاتێكی دیار كراوت هەیە بۆ نیگار كردنی تابلۆكانت؟

- بەهۆی سەرقاڵیم بە دەوام و خوێندنەوە ، هەفتەی تابلۆیەك یان دوو تابلۆ دەتوانم بكێشم ، ئەویش زیاتر لەئێواران  ئەو كارە دەكەم.

*جوڵەی هونەری شێوەكاری بەگشتی چۆن دەبینیت؟

- هونەری شێوەكاری لە كوردستان جوڵەیەكی باشی هەیە ، شێوەكاری باش و بە ئەزموون بوونیان هەیە ، وە بەهۆی هەبوونی پەیمانگای هونەرە جوانەكانیش ڕێژەكە لەزیادبووندایە ، بەڵام بەداخەوە بینەری  پیشانگاكان زۆر كەمبۆتەوە ، چونكە لە ئێستادا هەندێك لەو نەوانەی ئێستا، بەداخەوە نەلە شیعر و نە لە تابڵۆ تێناگەن.

*هاوكاری پاڵپشتی  هونەرمەندان و نووسەران چۆن دەبینی لەلایەن دەزگا پەیوەندارەكان؟

- بەداخەوە ئەو هاوكاری و پاڵپشتییە ،وەك پێویست نییە مەگەر نووسەرێك یان شێوەكارێك پەیوەندی تایبەت و كەسی هەبێت ، ئەگینا لایەنی پەیوەندیدار ئامادە نییە  فڵچەو ڕەنگێك بدات بە هونەرمەندان ، چجای هاوكاری و پاڵپشتی دیكە.

*رەخنە خاڵێكی گرنگە بۆ پیشڤەچوونی هونەر و ئەدەب ، چۆن دەڕوانیتە ئاستی  رەخرگران لە كوردستان؟

- جاران خوێنەری هەموو بوارێك ،لەڕۆژنامەو گۆڤارو كتێب دابوو ، ئێستا خوێنەر زۆر لەكورتی داوە  هەمووی بۆتە سۆشیال میدیا ، ئەوەش بواری ڕەخنەی كەم كردۆتەوە بەداخەوە زیاترقاڵبی پیاهەڵدان و دەست خۆشی وەرگرتووە ، ئەوەش ڕەنگە لێدانێك بێ لەشیعرو شاعیر ، پێویستە ڕەخنە گریش  هەبێ ، ناكرێ ئێمە هەر بە دەستخۆشی باز بەسەر خوێندنەوە بدەین ، چونكە ئەگەر ڕەخنە نەبێ ناتوانین لاریەكان ڕاست بكەینەوە ، بەڵام ڕەخنەی پاڵنەر و بونیاتنەر بێت ، ئەوكات جیهانی ئەدەب و شیعر و هونەر  جوانترو بەربڵاوتر دەبێت.

*ئێمە زۆر سوپاست دەكەین بۆ ئەو دەرفەتەی بەئێمەت بەخشی ، لە كۆتاییدا دوا وتەت چییە؟

- منیش سوپاستان دەكەم بۆ ئەو بەسەركردنەوەیە ، پێم وایە كاتی هاتووە  تاكی كۆمەڵگا  لەم خەوی دوور لە مەعریفەت و بێئاگایی لە خوێندنەوەو هونەر و ڕوناكبیری  هەڵسێتەوە ، بە تایبەت گەنجەكان ، چونكە هەر گەلێك لە نووسین و هونەر دووركەوێتەوە، جێ دەمێنێ و دەكەوێتە دواوەی گەلان.

 


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە