
گفتوگۆ و ئامادەکردنی: سەمیرە ئەحمەد
سەمیرە کەریمات، چالاکوانی مەدەنی دەدوێت: توندوتيژى شوين وكات وساتى نييه ، دەکرێت هەموو شوێنێک گونجاو بێت بۆ بەکارهێنانی توندوتیژی، دەکرێت هەموو کاتێک گونجاو بێت، بۆ نموونە ماڵەکان، ناو خێزانەکان، شوێنی بەکارهێنانی توندوتیژییە کە لەلایەن ئەندامێکی خێزانەکە بەکاردەهێنرێت، جا هاوسەر بێت، برا بێت، باوک بێت. ژنان نەک لە ناو ماڵەکاندا بەڵکو دەرەوەی ماڵ و شوێنی کار دەکرێت ڕووبەڕووی جۆرە جیاوازەکانی توندوتیژی ببنەوە.
یەکێک لەدیاردە نوێیەکان، کە بەشێوەیەکی بەرفراوان و بێسنوور ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە توندوتیژی دیگیتاڵییە، لەبەرئەوەی ئەمە دیاردەیەکی نوێیە، پێوستی بە هۆشیاری زۆرە تا هەردوو ڕەگەزەکە بەتایبەتی ڕەگەزی مێ نەکەونە داوی ئەم جۆرە توندوتیژییە.
لەوانەیە پرسیارێک ڕووبەڕوومان بێتەوە چۆن کاربکەین بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی لە کۆمەڵگەدا، بەڕای من دەبێت لە یاساوە دەست پێبکەین، گەر یاسا سەروەر بێت و لایەنی جێبەجێکار بڕوایان بەو یاسایانە هەبێت، دەکرێت هەنگاوی یەکەم بێت بۆ ڕێگری لە پیاوان کە پەنا بۆ بەکارهێنانی توندوتیژی ببەن.
دوومين هه نگاو له نيو ماڵ و ناو خێزان دەست پێدەکات. چونكه بنه ماڵه ى خيزان گه ر به چاوێكى كەمه وه سه يرى ئافره تيان كرد و ڕۆڵیان کەمکردەوە، لەهەمان کاتیشدا ژنان ئەو بڕوایەیان بەخۆیان نەبێت، ئەوا ئەو خێزانە لەسەر بنەمایەکی بەهێز دروست نابێت و ژن خاوەن بڕیاری خۆی نابێت، بەڵکە ملکەچی بیروباوەڕی باوکسالاری دەبێت و ناتوانێت بە ئارەزووی خۆی هەنگاو بنێت و کاربکات. چەندان خانم دەناسم لە چوار دیواری ماڵ ماونەتەوە و تەنانەت خاوەنی مۆبایلێک نین لە کاتێکدا منداڵیان هەیە، زۆر جار پێویستیان بەبەکارهێنانی دەبێت.
لێرەدا دامودەزگە حکومییەکان پێویستە پەیوەست بن بە یاساکانەوە، نەک ئەوە بەڵکو هەوڵی گوڕێنی یاساکان بدەن کە لە خزمەتی یەکسانی هەردوو ڕەگەزەکە بێت، هەرچەندە ڕێکخراو و کەسایەتییەکان هەوڵی زۆریان داوە بۆ گۆڕینی یاساکان کە لەگەڵ ڕۆژگاری ئێستادا بگونجێت بەڵام بەداخەوە هیچ کاریگەرییەکی نەبووە. نموونەی " یاسای جەعفەری.
سەمیرە حسێن جاف، مامۆستا و نووسەر دەڵێت: هەڵبەت بنەمای توندوتیژی دەگەڕێتەوە بۆ نارۆشنبیری کەسی و بیرکردنەوەی نەرێنی و بێ ڕێزی دەرهەق بە بنەماکانی مافی مرۆڤ. ڕۆڵی کۆمەڵگەی خێڵەکی کە بارێکی زۆر قورسی هەیە لەناو تاکەکانی کۆمەڵگە، بەهۆی ئەوەی باکگڕاوندی ناوچەکە وەهایە. زۆرینەی زۆری نەیانتوانیوە وەک کەسێ هیومانیست بیرکاتەوە لە بەرامبەر و هەڵسوکەوت بکا واتە ڕەنگی نەداوەتەوە لە ئەخلاقیات و بیروباوەڕی. جۆرەکانی توندوتیژی زۆرن، گرنگترینیان بێ ڕێزییە بەرامبەر مافی تاکەکەسییەکان. یاسای وڵاتیش ڕێزی نییە بۆ مافی تاک، لەتۆرە کۆمەڵایەتییەکان بەتایبەت ئەو بێ ڕێزییە دەبینرێ کە تاکەکان دەرهەق بەیەکتری دەکەن. نەمانی متمانە لە نێوان هاووڵاتییان و دەسەڵات دەرهاویشتەی نەبوونی دادی کۆمەڵایەتی و ناهاوسەنگییە.
سەبارەت بە بەرپەچدانەوەی توندوتیژی ئاماژە بەوە دەکات کە دەبێت دەسەڵات ڕۆڵی بەرچاوی هەبێت لەدابینکردنی دادی کۆمەڵایەتی و بەیاسا مافەکانی تاکە کەسی بپاڕێزی. ناکرێت هاووڵاتی هەست بە غوبن و زوڵم بکات لە کومەڵگە. دەبێت مافەکانی پاڕێزراربن لە چوارچێوەی یاسای پەسەند و باوەڕپێکراو تاوەکو نەوە دوای نەوە پەیڕەوی هەنگاوەکان بکەن، هەروەها دابینکردنی هەلی کار بۆ گەنجان و ئافرەتان بەدادپەروەری و رێزگرتن لەمافەکانیان. زۆر رێگەی تر هەیە تاوەکو توندوتیژی بنەبڕکرێت یاخود هەرچی نەبێ کاڵبکرێتەوە، لەوانە کردنەوەی خولی هوشیارکردنەوە. .سازکردنی ئاشتی و فەراهەمکردنی دۆخێکی گشتی بۆتاک تاوەکو هەستبکات کە نیشتمان بۆ ئەوە نەک بۆ بیگانە.
وەردە ڕەشید محەمەد، نووسەر و پارێزەر سەبارەت بە زۆربوونی توندوتیژی لە کۆمەڵگە دەڵێت: سەربارەی زۆری ژمارەی ڕێکخراوەکان و چالاکوانانی مەدەنی کەبەرگری لەمافی خانمان دەکەن بەداخەوە جۆری توندوتیژییەکان لەڕووی مەعنەویەوە ئێستا زۆرتر بوون، بەجۆرێک لەکایەی سیاسیدا واتە لەکاری حزبییدا خانمان دەچەوسێنرێنەوە. توانا و لێهاتووی خانمان لەبەرچاو ناگیرێت. زۆر جاریش لە شوێنی کار ناچاردەکرێن بەجۆرێک ڕەفتاربکەن کە لەبەرژەوەندی پیاواندا بشکێتەوە. هەروەها لەڕێی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانەوە خانمان دووچاری چیرۆکی تراژیدی دڵتەزێن دەبنەوە بەجۆرێک چەندەها خانم کۆتاییان بەژیانی خۆیان هێناوە بەهۆی ئەوەی لە لایەن ڕەگەزی بەرامبەرەوە هەڕەشەی بڵاو کردنەوە وێنە و ڤیدیۆکانیان لێدراوە، زۆر لەم ڕووداوانە شاراوەن، بۆیە مەرج نییە ئەو ئامارەی لەبەردەستی بەڕێوەبەرایەتییەکانی توندو تیژین، ئاماری ڕاستەقینە بن و چونکە چەندەها خانم هەن بەپەنهانی دەبنە قوربانی.
چۆن بەرەنگاری بەکارهێنانی توندوتیژی دەبێنەوە؟ ئەمە پرۆسەیەکە و پێویستی بەبەردەوامی و کارکردنی هەمەلایەنە هەیە. من پێموایە لە ئاستی تاکدا، پێویستە بەردەوام کۆڕ و چالاکی ببەسترێت لەپێناو هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا و ئاراستەکردنی بیریان بەجۆرێک بڕوایان بەمافی خانمان هەبێت هەروەها هۆشیارکردنەوەی خانمان و ئاشناکردنیان بەو مافانەی یاسا پێی بەخشیوون هەروەها گرنگە خانمان بەجۆرێک ڕابێنین کە پاڵپشتی یەکتر بن بەسەرکەوتنی یەکدی ئاسوودەبن چونکە لەکۆتایدا هەموو پێکەوە دەتوانین نمایندەی نموونەیەکی جوان لەخانم بوون نمایش بکەین
هەروەها ئافرەتان بەراورد بە پیاوان لەسەر کار ئەو دەرفەتیان بۆ فەراهەم ناکرێ کە گەشتی کار بکەن کەی پێویست بوو کە ئەوەش مافی خۆیانە .
سەبارەت بە چۆنیەتی ڕێگەگرتن لە بەکارهێنانی توندوتیژی دەڵێت: سەرەتا ئافرەتان دەبێت ئاشنا و هۆشیار بن بەو یاسایانەی کە مافیان دەپارێزێت ،بۆ ئەوەی هەرکاتێک و لە هەر شوێنێک ناحەقیان پێکرا بتوانن بە بەڵگەوە و بە ووریایی و زیرەکانە بەرەو ڕووی هەر ناحەقیەک ببنەوە بە گوێرەی یاسای ،بێدەنگ نەبن لە داوای مافەکانیان و لە پێشێلکردنی مافەکانیان ، ئەگەر ئەوان یاساکان بناسن ئەوا دەتوانن داوای هەموو بەشداریکردنی خۆیان بکەن بە پاڵپشتی یاساکان و هەروەها هەر کاتێک کە دەستدێژیان دەکرێتە سەر ئەوا بە هێزی یاسا داکۆکی لە مافی خۆیان دەکەن.
هەروەها لە پرۆسەی هاوسەرگیری دا زۆر گرنگە شارەزای ئەوەیان هەبێت هەر لە سەرەتای گرێبەستەکەی ڕێک بکەون لەسەر ئەوەی کە مافی یەکتر بپارێزن و مافەکانی بخاتە پێشچاوی هاوسەرەکەی لە سەرەتاوە لیکتێگەشتن هەبێت. هەروەها ژنان ی فەرمانبەر کاتێک کە دەبنە خاوەن منداڵ بەرپرسیارێتیان قورس دەبێت زۆر جار ناچار دەبن کە مۆڵەتی زیاتر وەربگرن یان واز بهێنن پێویستە ئەم بەرپرسیارێتی تەنها لە ئەستۆی دایک نەبێت بەڵکو باوکانیش هاوکار و هاوبەشی بن.