
زه‌رووره‌ت (Necessity) لێره‌دا جیایه له پێویستی (need). زه‌رووره‌ت، ڕه‌هه‌ندێكی فیكری و فه‌لسه‌فییتری هه‌یه. وشه‌كه هه‌مان وشه عه‌ره‌بییه‌كه‌یه، به ڕێنووسی كوردی جێگیربووه. زیاتریش له فه‌لسه‌فه‌ی هیگڵ و ماركسدا به‌كاردێت.
زه‌رووره‌ت پتر له چه‌مكی "ناچاری"یه‌وه نزیكه. واته فڵان شت ناچاره ڕووبدات، هه‌ر ده‌بوو وا بێت، چاری نیه هه‌ر ده‌بێت بێته‌دی. به ده‌ربڕینێكی تر، سه‌نگ و گوژمی حاڵه‌ته‌كه هێند به‌هێزه، كه نكۆڵیی لێ ناكرێت، نادیده‌ناگیرێت. ئه‌م چه‌مكه‌ش وه‌ك زۆر چه‌مكی تر هه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ یۆنانی كۆن.
ئه‌رستۆ، سێ جۆر "زه‌رووره‌ت"ـی له فه‌لسه‌فه‌كه‌ی خۆیدا ژماردووه كه بریتیین له: 1) زه‌رووره‌تی لۆژیكی (كه گوزارشت له ڕاستییه زه‌روورییه بنه‌ڕه‌تییه‌كان ده‌كات. بۆ نموونه یه‌كێك بڵێت بازنه چوار دانه گۆشه‌ی هه‌یه، كه دیاره هەڵه‌یه و زه‌رورره‌ت وایه بگوترێت بازنه خڕه). 2) زه‌رووره‌تی سرووشتی یانژی فیزیكی (ئاو له سه‌د پله‌ی سیلیزی دا ده‌كوڵێت و هه‌ر ده‌بێت به‌پێی یاسا باوه‌كان به‌م جۆره بێت). 3) زه‌رووره‌تی مه‌رجی (واته ئه‌و شتانه‌ی كه خۆبه‌خۆ زه‌روور نین به‌ڵام گه‌ر بمانه‌وێت بگه‌ینه ئامانجێكی دیاریكراو ئه‌وا ده‌بنه زه‌رووره‌ت- بۆ وێنه هه‌ناسه‌دان بۆ به‌رد زه‌روور نیه به‌ڵام گه‌ر مرۆڤ بیه‌وێت زیندوو بێت ئۆكسجینی زه‌رووره).
له دونیای مۆدێرندا، لای هیوم و كانت و هیگڵ و به‌جۆرێكیش ماركس چه‌مكه‌كه ڕۆڵێكی گرنگ ده‌گێڕێت. هیوم كاتێك باسی "هۆ و ئه‌نجام"ـی كرد وتی: زه‌رووره‌ت له‌نێوان دیارده‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئێمه‌دا ڕوونادات، به‌ڵكو ئه‌وه زه‌ینی ئێمه‌یه ڕاهاتووه په‌یوه‌ندییه‌كی زه‌رووری له‌نێوانیاندا ببینێت. بۆ نموونه، هێند ئاگری بینیوه دووكه‌ڵی لێ به‌رزبووه‌ته‌وه ئیدی وایزانیوه په‌یوه‌ندییه‌كی زه‌رووری و ناچاری له‌نێوان ئاگر و دووكه‌ڵدا هه‌یه. كانت، كه‌مێك تێزه‌كه‌ی هیومی تۆكمه‌تر كرد و وتی زه‌رووره‌ت گوته‌زایه‌كه له‌ناو زه‌ینی ئێمه‌دایه و به‌ر له‌وه‌ی دونیا بناسین، پشێویی دونیامان بۆ ڕێكده‌خات. واته، شته‌كانی ده‌ره‌وه ڕێكه‌وت و فه‌وزان، به‌ڵام زه‌ین واده‌كات په‌رداخێك و كه‌وتنی په‌رداخه‌كه ببه‌ستێت به‌یه‌كتره‌وه و ڕووداوه ده‌ره‌كییه‌كه له پشێوی و ڕێكه‌وتی ڕووت ده‌ربكات. لای هیوم زه‌رووره‌ت خوویه‌كه هێند دووباره‌بووه‌ته‌وه واده‌زانین زه‌روورییه. لای كانتیش، زه‌رووره‌ت گوته‌زا یاخۆ كاتیگۆرییه‌كه له‌پاڵ چه‌ندین كاتیگۆریی تردا كه وه‌ك چاویلكه‌یه‌كی زه‌ینی، شته‌كانی ده‌ره‌وه‌مان بۆ ڕێكده‌خات.
چه‌مكی زه‌رووره‌ت له هیگڵ و ماركسدا، ڕه‌نگوبۆیه‌كی تر وه‌رده‌گرێت: هیگڵ "زه‌رووره‌ت"ـی له تێزێكی به‌ناوبانگدا ده‌ربڕی و گوتی "ئازادی واته ناسینی زه‌رووره‌ت". واته تاكو یاسا زه‌رووری و ناچارییه‌كان نه‌ناسیته‌وه، ناگه‌یت به ئازادی. ئه‌مه‌ی بۆ تاك نه‌وت، به‌ڵكو بۆ كۆمه‌ڵگا یاخۆ له‌وه‌ش گه‌وره‌تر جیهانی گوت. به مانایه‌كی تر، تاكو نه‌زانیت مێژوو و كۆمه‌ڵگا و جیهان به‌ره‌و كوێ ده‌ڕۆن و ئه‌م شتانه‌ش بۆ ڕووده‌ده‌ن، ئیدی وه‌ك داشی ناو گه‌مه‌یه‌كی كوێر وایت. مێژووش وه‌ك ئه‌و ده‌نكه گوێزه وایه كه ناچاره بشكێت و بپشكوێت و ببێته دارگوێز. ئه‌مه زه‌رووره‌تێكی ناوه‌كییه. مێژووی مرۆش هه‌ر وایه: ده‌بێت له ناوكه سه‌ره‌تاییه‌كه‌ی مێژووه‌وه بپه‌ڕینه‌وه بۆداری ئازادی. زه‌رووره‌ت واته هه‌ر ده‌بوو به‌و ناكۆكی و قۆناغه ناچارییانه‌دا بێین، چونكه هه‌ناوی ژیان و جیهان خۆی پڕه له ڕێی دژوار.
لای ماركس، زه‌رووره‌ت ده‌بێته شتێكی مادیتر. واته كۆپه‌یوه‌ندییه مادییه‌كان، به‌ناچاری كۆمه‌ڵگا و مێژوو هه‌ڵده‌سوڕێنن نه‌ك ڕۆح یان ئایدیا به واتا هیگڵییه‌كه‌ی. بۆ نموونه، ماركس پێی وابوو له سیسته‌می سه‌رمایه‌داری دا كۆمه‌ڵێك یاسای ناوه‌كی و زه‌رووری هه‌ن كه سه‌رمایه‌دار و پرۆلیتار ناتوانن لێی هه‌ڵبێن. به‌مه ده‌وترێت "زه‌رووره‌تی مێژوویی". لێره‌دا خاڵێكی گرنگ هه‌یه كه له‌نێوان فه‌لسه‌فه‌ی هیگڵ و ماركسیشدا هاوبه‌شه، مه‌به‌ستمان چه‌مكی "ناوه‌كی"یه. ناوه‌كی، سیفه‌تی وشه‌ی ناوه‌وه‌یه. واته هه‌ر دیارده‌یه‌ك له هه‌ناوی خۆیه‌وه ده‌بزوێت و كێچ ده‌كه‌وێته كه‌وڵی و ده‌گۆڕێت. گۆڕانه‌كه له‌ده‌ره‌وه‌ڕا ڕوونادات. ئه‌مه هاوكات سیفه‌تی دیاله‌كتیكییشه. له فیكری كۆنی نادیاله‌كتیكی و میكانیكی دا، گۆڕان ده‌به‌سترایه‌وه به فاكته‌ره ده‌ره‌كییه‌كانه‌وه. له هیگڵ و ماركس به‌دواوه، شته‌كان خرانه په‌یوه‌ندییه‌كی بزۆكی ناوه‌كییه‌وه (وه‌ك تۆڕێكی زیندوو، نه‌ك فشاری ته‌نێك بۆ سه‌ر ته‌نێكی ده‌ره‌كیی تر).
له‌كۆتاییه‌وه ئه‌وه بیری خۆمان دێنینه‌وه كه زه‌رووره‌ت ئاڵۆزتر و قووڵتره له پێویستی. بۆ نموونه لای ماركس، خۆراك و پۆشاك بریتیین له پێویستی. به‌ڵام كاتێك باسی زه‌رووره‌ت ده‌كه‌ین، پرسه‌كه فه‌لسه‌فییتر ده‌بێته‌وه و باسی یاسا ناوه‌كییه‌كانی ئیشكردنی مێژوو دێته‌پێشه‌وه.
