توێژەرانی چین پشكنینی ڤایرۆسیان بۆ چەندین جۆری شەمشەمەكوێرەی ناوچەكەیان كردووە و رایدەگەیێنن، 20 ڤایرۆسی نوێیان تێدا دۆزراوەتەوە كە دووانیان مرۆژەڵین و كوشندەن.
توێژەرانی بەشی تەندروستیی گشتی زانكۆی داڵی لە چین توێژینەوەیان لەسەر 142 شەمشەمەكوێرەی نزیك باخەكانی میوە لە پارێزگای یونان لە چین كردووە، دەركەوت؛ 20 ڤایرۆس و چەند جۆرێكی بەكتریا و مشەخۆریان تێدا دۆزراوەتەوە كە نوێن و تائێستا دركیان پێ نەكراوە.
گۆپینگ كوانگ، سەرپەرشتیاری توێژینەوەكە دەڵێت: شوێنی شەمشەمەكوێرەكان زۆر نزیكە لە مرۆڤەوە، ئەمەش ئەگەرێكی زۆرتر دەخاتە سەر بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە نوێیانە بۆ مرۆڤ.
گۆپینگ كوانگ دەشڵێت، ''كوشندەیی ڤایرۆسە نوێیە مرۆڤەڵییەكان هاوشێوەی ڤایرۆسی نیپایە''، كە بە پێی ناوەندی كلیڤلاندی ئەمریكی، هیچ چارەسەرێك و ڤاكسینێكی نییە و رێژەی كوشندەیی دەگاتە 40٪ بۆ 75٪.
توێژەرانی وڵاتانی دیكە داوای لێكۆڵینەوەی زیاتر دەكەن، تاوەكو پەتایەكی دیكەی هاوشێوەی كۆڤید-19 بە جیهاندا بڵاو نەبێتەوە و ببێتەهۆی مردنی سەتان ملیۆن كەس.