
توێژینەوەیەکی نوێ هۆشداری لە برژانگی دەستکرد دەدات و دەریدەخات، ئەگەر بە پاکوخاوێنی بەکارنەیەت، هۆکارە بۆ تووشبوون بە مشەخۆر و هەوکردنی تووندی چاو.
توێژینەوەیەکی نوێ لە زانکۆی پزیشکیی نیشتمانیی پیرۆگۆڤ لە ئۆکراینا لەسەر 345 خانمی 16 بۆ 28 ساڵ کرا کە رۆژانە برژانگی دەستکریان بەکارهێناوە و هەندێکیشیان 3 بۆ 4 هەفتەجارێک دایاندەنایەوە. دەرکەوتووە؛ 25ـیان تووشبووی جۆرە کێچێک بوون بە ناوی Demodex، هەروەها 18ـیان تووشی هەوکردن و هەستیاریی پێڵووی چاویان بوون.
تاتیانا زمود، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: 47٪ـی ئەو خانمانەی برژانگی دەستکردیان بەکارهێناوە هەستیان بە (ئازار، سووربوونەوەی چاو، هەوکردن، هەستیاری، خووران و زیادبوونی فرمێسک) کردووە. ئەمەش بەهۆی ئەوەی کە دوای پشکنین بۆ ئەو برژانگانە دەرکەوتووە، تووشبووی کێچن.
ئەو توێژەرە روونی دەکاتەوە، پاککردنەوەی بەردەوامی برژانگەکان بە بەکارهێنانی بەرهەمی تایبەت بە پاککردنەوەی پێڵووی چاو کە مادەی پارێزەریان تێدا نییە، یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکان، چونکە کێشە لە بەکارهێنانی ئەو برژانگە دەستکردانە نییە، بەڵکو کێشە لە پاراستنی پاکوخاوێنییانە.
