توێژەری کۆمەڵایەتی رایدەگەیێنێت، دایکی شڵەژاو و تووڕە منداڵەکانیان بەردەوام دەنگیان بەرز دەکەنەوە و لە تەمەنی لاوێتیدا زۆر دەمارگیرن. باسی جۆرە رەفتارەکانی دیکەش دەکات.
باخان یاسین، توێژەری کۆمەڵایەتی بە رووداوی راگەیاند، رەفتاری دایک کاریگەریی لەسەر رەفتاری منداڵەکەی هەیە ئەگەر خۆی باشتر بناسێت بەدڵنیاییەوە منداڵەکەشی باشتر رەفتار دەکات، بەجۆرێک دایکی خاوەن بڕیار منداڵەکانیان زیاتر پابەندن بە جێبەجێکردنی پرەنسیپ و بەها رەفتارییەکانەوە.
بەپێی ئو توێژەرە جۆرەکانی دایک دەشێت ئەمانە بن و منداڵەکانیشیان بەم شێوەیە دەربچن؛
1- دایکی شڵەژاو و تووڕە؛ کاردانەوەیان تووندە لەسەر هەڵەی منداڵەکەیان، منداڵ تێناگات بۆچی دایکی بەردەوام هاوار دەکات، منداڵی ئەم جۆرە دایکانە بەردەوام دەنگیان بەرزە بە گریان تووڕەیی خۆیان دەردەبڕن لە تەمەنی لاویدا زۆر دەمارگیرن.
2- دایکی خاوەن بڕیار؛ رژدن لەسەر جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەی دەیدەن، نەرمی و خۆشەویستی تێکەڵی بڕیارەکانیان دەکەن و هەرچەندە منداڵەکەی بیانوو بگرێت دایک لە بڕیارەکەی لانادات، منداڵانی ئەم جۆرە دایکە زیاتر پابەندن بە جێبەجێکردنی پرەنسیپ و بەها رەفتارییەکانەوە.
3- دایکی نازدار؛ هەموو داواکارییەکانی منداڵەکەی بێسنوور جێبەجێ دەکات و پاساو بۆ هەڵەکانی دێنێتەوە، ئەم جۆرە منداڵانەی بەم شێوەیە پەروەردە دەبێت، پشت بەخۆیان نابەستن و لەداهاتوودا ناتوانن هیچ بەرپرسیارێتییەک لە ئەستۆ بگرن.
4- دایکی لاواز؛ ناتوانێت رێنوێنیی منداڵەکەی بکات، چونکە هێزی پێویستی نییە بۆ ئاراستەکردنی و پێی وایە دەبێت بێدەنگ بێت لەئاست هەڵەی منداڵەکەی، تاوەکو پێی نەڵێن دڵڕەق... ئەم جۆرە دایکە لە پەروەردەی منداڵەکانی دا رای چواردەور گرنگە بۆی، منداڵانی ئەم جۆرە دایکانە بەردەوام هەستی نەرێنی تیایاندا زاڵە و شەرمنن، هەروەها ئامادەنین بۆ گونجان لە کۆمەڵگە.
5- دایکی نائارام؛ بەردەوام دڵەڕاوکێی هەیە لە گەورەکردنی منداڵەکەی و دەترسێت هەڵە بکات یان لەکاتی یاریکردن بکەوێت و نایەوێت هیچ ئازاری پێ بگات، خەمخواردن بۆ منداڵەکەی لەئاستی ئاسایی دا نییە، ئەم پەروەردەیە وادەکات منداڵ هەمیشە لەترس دا بێت و بەئاسودەیی یاری نەکات و دڵەڕاوکێ زاڵ بێت بەسەریدا.