ئەمە بە تەواوی سروشتییە كە یەكێك چەندین جار شەو لەخەو خەبەری بێتەوە و بخەوێتەوە بێ ئەوەی كە بەیانی پاش لەخەوهەڵسان هیچی بیربێت، بەڵام بیداربوونەوە لە خەوێكی قووڵ و پاشان نەبوونی توانا بۆ دووبارە چوونە خەوەوە بۆ ماوەی چەند كاتژمێرێك گرفتێكی راستەقینەیە. هۆكارەكانی بیداربوونەوەی تەواو بریتین لە:
- ئارەقەكردن لەكاتی خەودا لەوكاتەی كە هۆرمۆنەكان رۆڵیان هەیە لە كۆنترۆلكردنی پلەی گەرمی لەشدا، بۆنموونە كەمی هۆرمۆنی تێستۆستیرۆن لە پیاودا هۆكارە بۆ ئارەقەی شەوانە، كەمی ئاستی هۆرمۆنی ئیسترۆجین لە ئافرەتدا كە ماوەیەكی كورت پێش دەستپێكی سووڕی مانگانە یان لە تەمەنی وەستانی یەكجارەكی سووڕی مانگانەدا Menopause روودەدات.
- بەرزبوونەوەی ئاستی هۆرمۆنەكانی سترێس وەكو ئەدرینالین و كۆرتیزۆل.
- كۆكەی شەوانە لەبەر گەڕانەوەی ترشەلۆكی گەدە بۆ سوورێنچك و پاشان بەشی پشتەوەی قوڕگ كە دەبێتە هۆی سووتانەوەی قوڕگ و كۆكە.
- ئازاری قاچەكان Leg cramps لەكاتی خەودا كە هۆكارەكانی بریتین لە: زیاد مەشقكردن لەكاتی رۆژدا، خۆراكی چەور، بەكارهێنانی دەرمانە ستاتینەكان Statins بۆ دابەزاندنی كۆلیستیرۆل.
- ئازاری پشت لەبەر خزینی دیسكی نێوان بڕبڕەكان یان هەوكردنی جومگەكان.
- گرفتی هەناسە لەبەر: نەخۆشیی دڵ، رەبو، هەناسەتەنگی شەوانە Nocturnal dyspnea.
- بینینی خەونی ناخۆش(كابوس Nightmare).
- ناڕحەتیی میزڵدان Unstable bladder، هەوكرن یان ئاوسانی پرۆستات لە پیاودا.