ئاشلی گراهام، نمایشکاری جلوبەرگ، روو لە هونەری شانۆ دەکات و لە بەرهەمێکی شانۆییدا بەشدار دەبێت کە بڕیارە لە برۆدوەی نمایشبکرێت.
بەرهەمە شانۆییەکە بەناوی "Chicago"یە و لە جۆری بەرهەمە میوزیکئامێزەکانە، بڕیارە لە بەهاری ئەمساڵ نمایشبکرێت، تێیدا تیشک دەخاتە سەر رۆشنبیریی ئەستێرە نێودارەکان.
ئاشلی گراهام، لە 2017 وەک یەکێک لە "100 کاریگەرترین کەسایەتی جیهان" هەڵبژێردراوە، لە 2016 وەک "ژنی ساڵ" لەلایەن یەکێک لە گۆڤارەکانەوە هەڵبژێردرا.
لە شانۆگەرییەکەدا، ئاشلی گراهام، رۆڵی کارەکتەری رۆکسی هات دەگێڕێت و بڕیارە لە 15ـی نیسان تاوەکو 25ـی ئایاری 2025 لە برۆدوەی لە نیویۆرکی ئەمریکا نمایشبکرێت کە بە گرنگترین ناوەندی شانۆیی لە جیهاندا دەناسرێت.
ئەو نمایشکاری جلوبەرگە لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "شانازی بەوە دەکەم یەکەم نمایشی شانۆییم بە رۆڵی بەناوبانگی رۆکسی هارت لە برۆدوەی پێشکێش بکەم. من زۆر سوپاسگوزارم بۆ رەزامەندی پێشاندان بۆ ئەو ئاڵنگارییە نوێیە".
فیلمی ترسناکی 'Cujo' دووبارە بەرهەم دەهێندرێتەوە
تۆڕی نێتفلێکس بڕیاری دووبارە بەرهەمهێنانی فیلمی ترسناکی "Cujo"ـی داوە، چیرۆکەکەی لە رۆمانێکی ستیڤن کینگ وەرگیراوە و لە 1981 نووسراوە.
چیرۆکی فیلمەکە باس لە دایک و منداڵێک دەکات کە لە نێو ئۆتۆمبێلێکدا گیریان خواردەوە و خۆیان لە سەگێکی هار دەپارێزن.
رۆی لی، سەرپەرشتی بەرهەمهێنانی فیلمەکە دەکات، پێشتر کاری بەرهەمهێنانی بۆ فیلمی "Barbarian" کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا ناوی دەرهێنەر و ئەکتەرەکانی فیلمەکە ئاشکرا نەکراون.
بۆ یەکەمجار فیلمی "Cujo" لە 1983 بڵاوکراوەتەوە و پێشوازییەکی بەرچاوی لێکرا.
کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی هونەری، چاویان لەسەر رۆمانەکانی ستیڤن کینگ، رۆماننووسی ئەمریکییە، تاوەکو ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە رۆمانەکانی کراونەتە فیلم، لەوانەش فیلمی "Carrie"، "The Shining"، "Shawshank Redemption" و "Stand By Me".
لە شوباتی 2025، ستۆدیۆی بەرهەمهێنانی سینەمایی نیۆن، بەرهەمهێنانی فیلمی ترسناکی "The Monkey" دەستپێکرد و چیرۆکەکەی لە رۆمانێکی کینگ وەرگیراوە.
فشاری دەروونی دەبێتە هۆی قژ هەڵوەرین
توێژینەوەیەکی زانستی نوێ ئاشکرای کردووە فشاری دەروونی کاریگەری جددی لەسەر تەندروستی مرۆڤ هەیە و دەبێتە هۆی هەڵوەرینی قژ.
بەپێی توێژینەوەیەک کە لەلایەن دکتۆرێکی ڕووسیا کراوە دەردەکەوێت فشاری دەروونی و دڵەڕاوکێ کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی مرۆڤ دەبێت و دەبێتە هۆی هەڵوەرینی قژ بە خێرایی.
دکتۆر ماریا ڤاسیلیڤا پسپۆڕی قژ و پێست ڕایگەیاند: ''کاتێک مرۆڤ تووشی فشاری دەروونی دەبێت کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی بە گشتی هەیە و دەبێتە هۆی لاواز بوونی خوێنبەرەکانی سەری مرۆڤ و تاڵەکانی قژیش لاواز دەکەن و قژ هەڵدەوەرێت''.
بێجگە لە هەڵوەرینی قژ، فشاری دەروونی کاریگەری لەسەر پێشتی سەری مرۆڤ و لەش هەیە، دەبێتە هۆی نەخۆشییەکانی سەدەف و هەوکردنی پێستی سەر و چەندین نەخۆشی دیکەی پێست.