
هاندەرانی یانەی وەرزشی زاخۆ بە فەرمی بوونە براوەی خەڵاتی زە بێست بۆ باشترین هاندەری جیهان بۆ ساڵی ٢٠٢٥، وەک هەڵوێستێک بۆ ئەو کارە مرۆییەی لە یاریگادا نواندیان.
ئەمڕۆ سێشەممە ١٦ـی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥، لە مەراسیمی خەڵاتەکانی (The Best)ـی فیفا، هاندەرانی زاخۆ وەک باشترین هاندەری جیهان دەستنیشانکرا بۆ ئەمساڵ.
عەمار فەرهاد، سەرۆکی یانەی زاخۆ ڕایگەیاند، ئەمڕۆ سەری هەموو کوردێک بەرزە و نازانم چۆن خۆشییەکانمان دەرببڕین، هاندەرانی یانەی زاخۆ سەلماندیان تەنیا دڵسۆزی یانەی زاخۆنین بەڵکو دڵسۆزی گەلەکەیانن، زاخۆ نوێنەری هەموو کوردانە و سوپاسی هەموو کوردێک دەکەین لە هەر شوێنێکی جیهانن.
یەکێتی تۆپی پێی جیهان 'فیفا'، ساڵانە خەڵاتی "زەبێست"، بە باشترینەکانی جیهان دەبەخشێت. کە باشترین ڕاهێنەر، یاریزان، گۆڵکار، گۆڵپارێز، پێکهاتەی تۆپی پێ، جوانترین گۆڵ و باشترین هاندەر لەخۆدەگرێت و هەر یەکەیان خەڵاتێکی تایبەتیان پێ دەدرێت و دەبێتە باشترینی جیهان بۆ ساڵەکە بۆ ئەمساڵ یانەی زاخۆ توانی خەڵاتی باشترین هاندەر بەدەستبهێنێت.